پەیامی کەژەکە بۆ کۆنگرەی تاژێ: با ئەو کۆمینانە ڕێکبخەین کە زانیاری و هۆشیاریی ژنان کۆدەکەنەوە

کەژەکە لەو پەیامەدا کە بۆ کۆنگرەی تاژێی ناردووە، سەرنجی ڕاکێشا سەر ئامانجی هێرشەکانی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، گرنگیی بوونی تاژێ ، هەروەها گرنگیی دامەزراندنی کۆمینەکان و لە دەوری ئەم کۆمینانەشدا، بنیاتنانی هێزی پاراستنی جەوهەریی شەنگال.

شەنگال – تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی تاژێ کۆنگرەی سێیەمی خۆی دەبەستێت و کەژەکە پەیامێکی گرنگ دەنێرێت

لە قۆناغێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی شەڕێکی دژوارە و ناوچەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی تاژێ سێیەمین ‌کۆنگرەی ئاسایی خۆی ساز دەکات،لە کۆنگرەکەدا لە لایەن گەلێک کەسایەتی، دامەزراوە و ڕێکخراوەوە پەیامی گرنگ دران. یەکێک لەو پەیامە گرنگانەی لە کۆنگرەکەدا خوێندرایەوە، پەیامی کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان کەژەکە بوو.

کەژەکە لە پەیامەکەیدا ئامانجی هێرشەکانی سەر شەنگال و ئێزیدییەکانی تەنها وەک قڕکردنێکی فیزیکی دەرنەبڕی، بەڵکو لە ڕاستی خۆیدا وەک لەناوبردنی کلتووری کۆمەڵگەی دایکمەزن و کلتووری ژیانی کۆمۆناڵ نرخاند، وەک چارەسەریش گەورەکردنی هێزی خۆپاراستنی ژنانی لە دژی ئەم هێرشانەدا.

کەژەکە وتی: ئەو کۆمۆنانەی کە ژنان لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی خۆیان تێیدا کۆدەبنەوە و دروستی دەکەن، بە خۆبەڕێوەبردنی جەوهەری و هۆشیاریی جەوهەریی ژنان پێش دەکەون. لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە هەموو ژنانی شەنگال پێش خواردن و خواردنەوە خۆیان پەروەردە بکەن و ئەو هۆشیاریی ئازادییە بگەیەننە هەموو ژنان.

دیسان کەژەکە یەکێتیی ناوخۆیی کۆمەڵگەی ئێزیدی وەک پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ پاراستن و سەرکەوتنی شەنگال ناوبرد.

 

پەیامی کەژەکە بەم شێوەیەیە:

"لە دژی کلتووری کۆنەپەرستی و داگیرکاری، ژنانی شەنگال پێشەنگی بەرخۆدانن"

"ئێمە کۆنگرەکەتان و هەموو ئەو ژنە ئازادیخوازانەی کە بەشداری کۆنگرەکەتان بوون بە ڕێز، خۆشەویستی و حەسرەتێکی مەزنەوە سڵاو دەکەین. بۆ تێکۆشان و گەلەکەمان، لە قۆناغێکی ئاوا مێژووییدا ئێوە کۆنگرەی خۆتان ساز دەکەن. هیوادارین ببێتە کۆنفرانسی سەرخستنی ژیانێکی دیموکراتیک، کۆمۆناڵ و ئازادیی ژن، و لەسەر ئەم بنەمایە پیرۆزباییتان لێدەکەین.

هەم وەک گەل و هەم وەک ژنانی ئێزیدی، لە کەسایەتی دایێ گوڵێ، نازێ، جیلان و بەریڤاناندا کە بۆ گەیاندنی دەنگمان بە جیهان و پاراستنی بوونمان گیانی خۆیان فیدا کرد، ئێمە هەموو شەهیدانی شۆڕش بە پێزانینەوە بەبیر دەهێنینەوە و بەڵێن دەدەین کە میراتی ئەوان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. ئێمە ژنان و گەلی ئێزیدیمان کە لە ٧٤ فەرماندا (کۆمەڵکوژیدا) کۆمەڵکوژ کران لەبیر ناکەین، ناهێڵین لەبیر بکرێت و بە دڵنیاییەوە تۆڵەیان دەکەینەوە.

وەک ژنانی شەنگال؛ لە هەمبەر کلتووری کۆنەپەرستی و داگیرکاریدا ئێوە هەمیشە بوونە ڕەمز و پێشەنگی بەرخۆدان. زاریفە ئۆسێ و خاتونا فەرخا پێشەنگی بێوێنەی مێژووی بەرخۆدانی ئێزیدیانن. ئێوەش وەک بەردەوامیی ئەوان، بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی ژنی ئازاد و وڵاتێکی ئازاد تێکۆشان دەکەن. ئەو تێکۆشانەی ئێوە هەم لە کوردستان و هەم لە جیهاندا سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێت. تێکۆشانی ئێمە بەو بەهایانەی کە لەلایەن هەزاران شەهیدی ژن و پیاوی ئێمەوە کە گیانی خۆیان فیدا کردووە دروست بووە، کوردایەتییەکی وای ئافراندووە کە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە. دیسان هەمان بەها، مۆدێلێکی ژیانی دیموکراتیکی پێشخستووە کە پشت بە ئازادیی ژن دەبەستێت.

 

"هێرشەکانی سەر ئێزیدییەکان بە ئامانجی لەناوبردنی کلتووری دایکمەزنی و ژیانی کۆمۆناڵە"

گەلانی جیهان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە بەرخۆدانی ئێوەی دژ بە ٧٤ فەرمانەکە، هێز و نموونە وەردەگرن. داعش کە هەموو جیهان نەیتوانی لەبەرامبەریدا بوەستێتەوە، بەو بەرخۆدانەی کە لەگەڵ گەریلایانی تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا کرا، وەک ڕێکخراوی پاراستنی جەوهەریی ئێزیدییان یەژەشە نەهێڵدرا سەرکەوێت؛ یەژەشە نەک تەنها بۆ ژنانی شەنگال، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی جیهان بوو بە هیوا و هێزی خۆپاراستنی جەوهەریی ژنان. وەک ژنانی گەلێک کە بە هەزاران ساڵە ڕووبەڕووی قڕکردن و داگیرکاری دەبنەوە، دەبێت بزانین و لەبیری نەکەین کە بەبێ خۆپاراستنی جەوهەری، ئێمە ناتوانین بوونی خۆمان، ناسنامەی خۆمان، باوەڕی، کلتوور و زمانی خۆمان بژێنین. بە هەزاران ساڵە ئامانجی هێرشەکانی سەر شەنگال و ئێزیدییەکان تەنها قڕکردنێکی فیزیکی نەبووە، بەڵکو لە ڕاستیدا بۆ لەناوبردنی کلتووری کۆمەڵگەی دایکپۆسالاری و کلتووری ژیانی کۆمۆناڵ بووە.

 

"پێشینەی خۆپاراستنی جەوهەریی یەژەشە دەبێت بگاتە هەزاران کەس"

مەترسی قڕکردن لەسەر تێکۆشان و گەلەکەمان ڕاگیراوە، بەڵام سیاسەتی قڕکردن بە تەواوی کۆتایی پێنەهاتووە. لەبەر ئەم هۆکارە، وەک هێزی خۆپاراستنی جەوهەریمان، بۆ گەورەکردنی یەژەشە پێویستە هەڵمەتێک دەستپێبکرێت. لە سەرەتادا شەنگال و بە گشتی وەک گەلیش، کێشەکانی وەک ژیان بە ناسنامە و باوەڕی خۆت، و خوێندن بە زمانی دایک هێشتا بەردەوامن. واتە کێشەکانی بوون و ناسینی پێگەی گەلەکەمان هێشتا بەردەوامە. ئەو میراتەی زاریفە ئۆسێ کە لە دژی داگیرکاری پارێزگاری لە وڵات، خاک و بوونی خۆی کرد، دەبێت هەمیشە زیندوو بکرێتەوە. پێویستە هەر ژنێکی شەنگال لە دژی داگیرکاری ببێتە وەک زاریفە ئۆسێ، دایێ گوڵێ، نازێ و بەریڤان و بەرگری لە خۆی و وڵاتی خۆی بکات. ئەمڕۆ بەرخۆدان و ڕوانگەی خۆپاراستنی جەوهەری کە لە کەسایەتی یەژەشە دا پێش دەکەوێت، دەبێت بگاتە هەزاران کەس. لەسەر ئەم بنەمایە، بۆ ئەوەی فەرمانی نوێ بەسەرماندا نەیەت، دەبێت ستاتۆی شەنگال لەلایەن یاسا و دەستووری بنەڕەتیی عێراقەوە بناسرێت. لەبەر ئەمەش پێویستە ئێمە تێکۆشانی خۆمان لەسەر بنەمای هەڵمەتەکان گەورەتر بکەین."

 

 

 

‘تاژێ، لە مێزۆپۆتامیادا دەبێتە پێشەنگی ڕێنیسانسی ژنان’

بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، وەڵامێکی گرنگە بۆ تەواوی ئەو کێشانەی کە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژرێن، بەتایبەتیش لە دژی ئەو ٧٤ فەرمانەی کە گەلی ئێزدی بەسەریدا هاتووە، و دیسان وەک وەڵامێکە بۆ گەڕانی ژنانی ئێزدی بەدوای ئازادی، بوون و پێگەی خۆیاندا. ئەو بانگەوازییەی ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە تۆڵەسەندنەوەی هەم ئەو فەرمانانەی کە ژنانی ئێزدی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و هەم ئەو توندوتیژییەی کە ڕۆژانە لە دژی ژنان بەڕێوە دەچێت. لە بەرامبەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆدا، پێویستە وەڵامی گەل و ژنانی ئێزدی ئێمەش لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پاراستنی جەوهەری، ڕێکخستنی کۆمۆناڵی، پەروەردە و بنیادنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک بێت. تەڤگەری ژنانی ئێزدی تاژێ لە ڕێگەی بنیادنانی کۆمەڵگای کۆمۆناڵی و دیموکراتیکەوە، لە مێزۆپۆتامیادا دەبێتە پێشەنگی ڕێنیسانسی ژنان.

 

‘دەبێت ئێوە ببنە هێزی بنیادنەری کۆماری دیموکراتیکی عێراق’

پێویستە ئێوە لەگەڵ تەڤگەرەکانی ژنانی دیموکراتخواز و ژنانی سەر بە بیروباوەڕ، کلتور و نەتەوە جیاوازەکاندا، هاوپشتیی خۆتان بەهێز بکەن. وەک تەڤگەری ژنانی ئێزدی، ئێوە دەتوانن سنوورەکانی شەنگالیش ببەزێنن و کاریگەریی خۆتان لەسەر تەواوی عێراق دروست بکەن. پێویستە ئامانجتان ئەوە بێت کە تێکۆشانێکی کاریگەر بە دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک بەڕێوە ببەن، تا ببنە هێزی بنیادنەری کۆمارێکی دیموکراتیک لە عێراقدا و لەگەڵ ژنانی عێراقیدا گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی هاوبەش هێشتا فراوانتر بکەن. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دەوڵەتان و گەلان، ئەو ئینتەگراسیۆنە دیموکراتیکەی کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، پێرۆسپەکتیڤێکی بێوێنەیە. یەکگرتنی دیموکراتیک تەنیا بە قبوڵکردنی پێگەی بوون، دامەزراوەیی و کلتوری ئێمە دەبێتە کارێکی گونجاو و پێش دەکەوێت. ئەو خۆبەدەستەوەدانەی کە دەوڵەتان بەسەر ئێمەدا دەیسەپێنن، یەکگرتن نییە.

 

‘لە بنیادنانی یەکێتیی ناوخۆیی شەنگال و ئێزدییەکاندا، ڕۆڵی تاژێ زۆر گرنگە’

لە بەرامبەر شەڕی جیهانیی سێیەم و لە دژی هەموو هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، ئێمە تەنیا بە یەکێتیی نەتەوەیی و بە دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانین بوونی خۆمان بپارێزین. لە پەرەپێدانی یەکێتیی نەتەوەییدا، بنیادنانی یەکێتیی ناوخۆیی گەلی شەنگال و گەلی ئێزدی، ڕۆڵی تاژێ زۆر گرنگە. لە دژی سیاسەتی دوژمنانمان کە دەیانەوێت لە ناوخۆدا پارچەمان بکەن، لێکمان جودا بکەنەوە و هاوکاریکردنی خۆیان بەسەردا بسەپێنن، نیشاندانی هەڵوێست و پەرچەکردار و خۆڕێکخستن لە دەوری هەستی نیشتمانپەروەریی کۆمەڵگاکەمان و نەتەوەی دیموکراتیک، گەلی ئێزدی ئێمە هەمیشە بەرەو سەرکەوتن دەبات و ناهێڵێت شکست بهێنێت.

زایەندپەرستیی کۆمەڵایەتی، و دیسان ئەو گوشار و توندوتیژییەی کە پیاوی باڵادەست ڕۆژانە لە دژی ژنان بەڕێوەی دەبات، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرگەی ناگیرێت. گەنجان و کچانی گەنج لەژێر کاریگەریی ئەم توندوتیژی و ستەمکارییەی پیاواندا کە ژیانی ژەهراوی کردووە، چیتر ناتوانن تەنانەت هەناسەش بدەن. لە ڕێگەی سیاسەتی خۆکوشتنی ژنان و پیاوانەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، هەروەها بە لەشفرۆشی، ماددەی هۆشبەر کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، و لە ڕێگەی سیخوڕپێکردنەوە، دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێزدی بخەنە داوەوە و لەناوی ببەن. پێویستە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەواندا، بە پەرەپێدانی ڕێکخستنێک وەڵام بدرێتەوە.

 

‘شەنگال ئەو شوێنەیە کە سیستمی کۆمۆنەکان دەتوانرێت بە باشترین شێوە تێیدا بنیاد بنرێت’

کۆمەڵگا ئازادەکان، ئەو کۆمەڵگایانەن کە یەکێتیی ناوخۆیی خۆیان دروست کردووە و خۆیان ڕێکخستووە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژنان تێیدا خۆیان ڕێک نەنخستبێت و هێزی جەوهەری و بەڕێوەبردنی جەوهەریی خۆیان پەرە پێ نەدابێت، ناتوانن ئازاد بن. کۆمەڵگای لەو شێوەیە بۆ هەموو جۆرە هێرشێک و سیاسەتێکی شەڕی تایبەت کراوە دەمێننەوە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بوون، کلتور و ناسنامەی خۆی بە شێوازێکی ئازاد بژی، پێویستە ڕاستیی ژن و کۆمەڵگا ڕێکخراوەکان بە بنەما بگرێت. لە کۆتا مانیفێستۆی ڕێبەر ئاپۆدا، دیدگای کۆمەڵگای کۆمۆناڵی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەری پێش دەخات. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەوەی کە کۆمەڵگابوونی پێشخست، ژنە خوداوەندەکانی مێزۆپۆتامیان. لەم ڕووەوە، وەک بنیادنەرانی سەرەتایی ژیانی کۆمۆناڵی و کلتوری کۆمەڵگا، پێویستە ژنانی ئێزدیش خاوەندارێتی لە مێژووی خۆیان بکەن. ژیانی کۆمۆناڵی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازیی ژن، شێوازێکی ژیانە کە کۆمەڵگا و ژنانی ئێزدی لە مێژووەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامییان پێداوە و گەیاندوویانەتە ئەمڕۆ.

شەنگال ئەو شوێنەیە کە سیستمی کۆمۆنەکان دەتوانرێت بە باشترین شێوە تێیدا بنیاد بنرێت، چونکە شەنگال و گەلی ئێزدی ئێمە شانەی ڕەسەنی کۆمەڵگابوونن. ئەو کۆمۆنانەی کە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی خۆیان، ژنان تێیدا کۆدەبنەوە و کۆمۆنەکانی خۆیان بنیاد دەنێن، تێیدا بەڕێوەبردنی جەوهەری و زانینی جەوهەریی ژنان گەشە دەکات. ئێمە بە پەرۆش، عەشق و بە خەونی ئازادییەوە، ئەو کۆمۆنانەی کە یەکێتی، هاوپشتی، یارمەتیدان و زانینی ژنان کۆدەکەنەوە، ڕێکدەخەین. پێویستە تەنانەت یەک ژنیش بەبێ ڕێکخستن نەمێنێتەوە. تەنیا بە ڕێکخستنی کۆمۆنەکان دەتوانین تەواوی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر کۆمەڵگای ئێزدی پووچەڵ بکەینەوە. ژنان لە کایەی سیاسییەوە تا ئابووری، لە کایەی کلتورییەوە تا ئیکۆلۆژی، و لە کایەی پەروەردەوە تا وەرزش، لە هەموو کایەکانی ژیاندا بە بنیادنانی کۆمۆنەکان کۆمەڵگای دیموکراتیک بنیاد دەنێن. نەک تەنیا لە شەنگال، بەڵکو لە ئەوروپا و دەرەوەی وڵاتیش بە خۆڕێکخستن لە دەوری کۆمۆنەکان، دەتوانین کلتوری خۆمان بژێنین و خۆمان بپارێزین. لەسەر ئەم بنەمایە، با ببینە کۆمۆن و بە کۆمۆنبوونیش کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک بنیاد بنێین. بۆ ئەمەش، لە هەڵمەتی خۆڕێکخستنماندا، بێ ئەوەی بکەوینە ناو تێگەیشتنی چەوت و ڕواڵەتییەوە، با ڕۆحی کۆمۆناڵی سروشتیی کۆمەڵگا پەرە پێ بدەین.

 

 

«پەرەسەندنی هۆشیاریی ئازادی بەندە بە پەروەردەیەکی سەربەخۆی ژنانەوە»

ژیانی ئازاد لە ڕێگەی ئەو ژنەوە دەتوانێت گەشە بکات کە خۆی بە هۆشیاریی ئازادی ڕێکخستبێت. هۆشیاریی ئازادیش تەنها بە پەروەردەیەکی سەربەخۆ و داهێنەرانەی ژنان پێش دەکەوێت. لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە هەموو ژنانی شەنگال پێش خواردن و خواردنەوە، خۆیان پەروەردە بکەن و ئەو هۆشیاریی ئازادییە بگەیەننە سەرجەم ژنان. لە ڕێگەی ئەکادیمیاکانی ژنی ئازادەوە، پێویستە ژنان لە هۆشیاریی مێژوویی و بوونەوە تا کایەی سیاسەت، و لە بواری کولتوورەوە تا بواری وەرزش، هەموو کایەکان بگۆڕن بۆ گۆڕەپانی ئازادی کە بتوانن خۆیانی تێدا پەروەردە بکەن. بۆ کچانی گەنج و منداڵانی کچ، پێویستە شوێنی پەروەردە و هۆشیاریی دوور لە کولتووری کۆنەپەرستی دابمەزرێنرێت. بۆ ئەوەی منداڵان ببنە کەسایەتی ئازاد، دەبێت سیاسەتی تایبەت بە منداڵان پەرەی پێبدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی کۆمۆنەکانی منداڵانەوە ئامانجمان بێت کە شوێنی پەروەردە، کولتوور و یارییان بۆ دابین بکەین.

بۆ ئەوەی ژنان بتوانن کایەکانی ژیانی خۆیان ڕێکبخەن، پێویستە ئامانجمان بێت کە گۆڕەپانی ئابووری بۆ ژنان دروست بکەین. پێویستە بە ئیرادەی کۆمەڵگە، دیدگای شارەوانی بە تێگەیشتنێکی کۆمۆناڵی، دیموکراتی و ئیکۆلۆژی کە گەنجان و ژنان دەکاتە چەق و سەنتەری خۆی، لە کۆڵان، گوند و شارەکاندا لەنوێوە ڕێکبخەینەوە. لە دەوری ئەو دیدگایەی کە دەڵێت «شارەوانی کۆمۆنە»، پێویستە بە تێگەیشتنی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، خۆمان ڕێکبخەین.

 

«ئەوەی دەتوانێت بەسەر ئەم شەڕەی ئێستادا زاڵ بێت، هێزی ڕێکخراوی ژنانە»

بەشکردنی تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنانی شەنگال لەگەڵ سەرجەم ژنانی جیهاندا، کە لە فەرمانی  ٧٤ەمینەوە تا ئێستا پەرەی سەندووە، بۆ جیهانیبوونی تێکۆشانمان زۆر گرنگە. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەو هێرشە قڕکارییانەی کە ژنانی ئێزدی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و ئەو تێکۆشانەی بۆ دادگاییکردنی ئەو تاوانانە لەئارادایە، زیاتر بەهێز بکەین و کارەکانمان لەم بوارەدا بە بڕبڕەی پشتییەکی بەهێزەوە بەڕێوە ببەین. لە هەمان کاتدا، بزووتنەوەی ژنانی ئێمە تاژێ نەک تەنها بۆ ئەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵکو بۆ سیستەمی جێگرەوە و ئەزموونەکانی خۆی لە دژی هەموو هێرشەکانی پیاوسالاری باڵادەست، دەبێت کار و پێوەندییە دیپلۆماتییەکان و هاوپشتییەکان پەرە پێبدات. پێویستە لەم قۆناغەدا کارە دیپلۆماتییەکان وەک کارێکی هەرە ستراتیژی هەڵبسەنگێنرێن و بۆ سەرکەوتنی تێکۆشانمان، سیاسەتی پێوەندی، هاوپشتی و کرانەوەی کاریگەر پەرەی پێبدرێت. ئەوانەی لە دژمانن، دەیانەوێت تێکۆشانمان سنووردار بکەن و بە تەنیا جێمان بهێڵن. بەم هۆیەوە، بە نێزیکبوونەوەیەکی نەرمتر و بەرفراوانتر، پێویستە تێکۆشانی خۆمان شی بکەینەوە و لە دەوری تێکۆشانەکەماندا پێوەندی و هاوپشتی بەهێز دروست بکەین. پێویستە نیشان بدەین کە لەسەر جوگرافیایەک کە دەویسترا تێدا لەناو بچن، ژنان چۆن لە خۆڵەمێشی خۆیان جارێکی تر خۆیان زیندوو کردووەتەوە و سیستەمێکیان پەرەپێداوە کە هیوایەک بۆ هەموو ژنانی جیهان دروست دەکات.

ئەوەی دەتوانێت بەسەر ئەم قۆناغەی تێیداین و ئەم شەڕەی ئێستا دەگوزەرێت زاڵ بێت، تەنها هێزی ڕێکخراوی ژنانە. لەبەر ئەمەشە «ئێستا کاتی ژنە». لەسەر بنەمای ئەو کەمپینەی کە وەک بزووتنەوەی ژنان دەستمان پێکردووە، ئێمە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ چالاکی، ڕێکخستن و پەروەردەی ژنان ئامادەکاری و سەفەربەریمان ڕاگەیاندووە. ئێمە باوەڕمان وایە کە بزووتنەوەی ژنانی شەنگالیشمان، بۆ سەرکەوتنی ئەم قۆناغە بە چالاکی و کاری بەهێزەوە، لە مژاری سەفەربەریی پەروەردەیی و ڕێکخستندا دەگاتە بڕیارداربوونێکی پتەو.

تێکۆشانی ئازادیمان کە گەشە دەکات و خۆی ڕێکدەخات، هێز بە تێکۆشانی ئازادیی گشتیش دەبەخشێت. بە پەرەپێدانی دیموکراسیی ژنان، کۆمەڵگە ئازاد دەبێت و تێکۆشانی ئازادیی ژنانیشمان بێگومان دەگاتە سەرکەوتن.

ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەموو بەشداربووانی کۆنفراسیەکە و سەرجەم هاوڕێیانی ژنمان لە شەنگال دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.»