پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بووە بە مانشێتی میدیا جیهانییەکان
لە بەشێکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتانی فەرەنسا و سوویسرا، بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بووە بە مانشێتی هەواڵەکانیان وەک بانگەوازییەکی گرنگی مێژووی ناویان برد.

ناوەندی هەواڵ
پەیامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ناونیشانی "بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە کاتژمێر ٠٥:٠٠ـی ئێوارەی دوێنێ ٢٧ی شوبات، لەلایەن شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ بڵاوکرایەوە، لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی بە خۆیەوە بینی و گرنگییەکی زۆری پێدرا، هەروەها ڕاگەیاندنەکان سەرنجیان خستەسەر بێدەنگی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک.
لی مۆند: گوشارەکان بەردەوامە
ڕۆژنامەی لی مۆند کە یەکێکە لە ڕۆژنامە ناودارەکانی فەرەنسا، بانگەوازییە مێژووییەکەی بڵاو کردەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە بە دیل گیراوە و بەرپرسیارێتی ئەو بانگەوازە مێژووییەی لە ئەستۆ گرتووە، تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک هەتا ئێستا هەڵوێستی ڕوونی لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
لی مۆند سەرنجی بۆ بێدەنگی ئەردۆغان ڕاکێشاوە و دەڵێت؛ فشارەکان لەسەر گەلی کورد و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی شارەوانییەکان بەردەوامن.
فرانس ٢٤: کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ناوچەکە درووست دەکات
هەروەها فرانس ٢٤ بانگەوازە مێژووییەکەی بەناو نیشانی “ئۆجالان ڕێبەری کورد بانگەوازی مێژوویی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات” بڵاو کردەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆککۆمار ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵا هەتا ئێستا هیچ سەبارەت بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لێدوانێکیان نەداوە، کەسانێکی زۆر بەتایبەتی کوردان پاڵپشتی لەم بانگەوازییە دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٧ ساڵە لە ژێر بارودۆخی گۆشەگیرییەکی سەختدا ڕاگیراوە و ئەم بانگەوازە نەک تەنها بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەکە کاریگەرییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە.
RFI: ئەمە تەنها سەرەتایەکە
هەروەها ڕادیۆی فەرەنس ئینترناشناڵ ڕایگەیاند، کە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ تەنها سەرەتایەکە بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەری.
RTS: وەک ڕێبەرێک سەیر دەکرێت
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سوویسرا سەبارەت بە پەیامە مێژووییەکە سەرنجی خستەسەر وردەکارییەکان و وتی: ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە لە ژێر گۆشەگیرییەکی قورس و لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.
باسی لەوەشکرد، سەرەڕای ٢٧ ساڵ بەدیل بوون و بارودۆخی سەختی گۆشەگیریی، ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن گەلی کوردەوە وەک ڕێبەرێک جێگەی تایبەتی هەیە و بانگەوازە مێژووییەکەی بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە شارەکانی کوردستان پێشوازی لێکرا.
هەروەها لە هەواڵەکەدا تیشک خرایە سەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕابردوودا سەبارەت بە چارەسەری.