بەهۆی ڕێگریەکانی حکومەتی شام منداڵێک گیانی لەدەستدا

گەمارۆکانی حکومەتی شام و دابین نەکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ خەڵکی عەفرین، وای کرد منداڵێک بە ناوی سۆزدار حەسەن لە شەهبا لە سەرمادا گیان لەدەستبدات.

ناوەندی هەواڵ

خەڵکی عەفرین بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیاوە لە شەهبا نیشتەجێن، لە لایەکەوە لەژێر بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیادان، لە لایەکی دیکەوە لەژێر گەمارۆی قورسی حکومەتی شامدان و دەکرێنە ئامانج، بەهۆی گەمارۆکانەوە، ڕێگە نادرێت شیری منداڵان، سووتەمەنی، دەرمان و خۆراک بچنە ناوچەکەوە، لە کاتێکدا ئەمانە پێویستی سەرەکی ژیان کردنن، بەوهۆیەشەوە منداڵێک بەناوی سۆزدار حەسەن، لە ٢ی کانوونی یەکەم لە سەرمادا لە کامپی سەردەمی کۆچبەرانی عەفرین گیانی لەدەستدا.

 

بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، ڕۆژانە زەحمەتی و سەختی هەیە و کارەباش نادرێت، پێش هەموو شتێک، دامەزراوەکانی شارەوانی و خەڵک، خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن خزمەتی خەڵک بکەن.

 

ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکان هەبووە، جگە لە بەشی فریاکەوتن بەشەکانی تری تەندروستی ناتوانن لە نەخۆشخانەی ئەڤرین خزمەت بکەن، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەباوە لە هەمان کاتدا، ناتوانرێت دەرمان بۆ نەخۆشەکان دابین بکرێت.