ڕێپێوانێک لە ڕۆژی کرێکاران ئەنجامدرا

بە بەشداری سەدان هاوڵاتی ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران بە هەڵکردنی ئاڵای سور ئەنجام درا، داوای دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران کرا.

 

ناوەندی هەواڵ
 
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شەقامی سالمەوە بۆ بەردەم باخی گشتی سلێمانی ئەنجامدا. 
 
لە ڕێپێوانەکەدا سەدان هاوڵاتی بەشداربوون، هێلەکی سوریان لەبەر کردبوو و ئاڵای سوریشیان بەدەستەوە گرتبوو، تێکڕا هاواریان دەکرد 'نان، ژیان، ئازادی'. 
دواتر لەبەردەم باخی گشتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، چەند پارچە هۆنراوە و سرودی تایبەت بە یەکی ئایار پێشکەشکرا، پاشان لەلایەن سالار سابیر ئەندامی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار بەیاننامەیەک خوێندرایەوە. 
 
لە بەیاننامەکەی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار هاتبوو، یەکی ئایار ڕۆژی وەستانەوەیە بەرامبەر ستەم و قازانج ویستی سەرمایەداران، کرێکاران رەگەزی سەرەکی بەرهەمهێنان و گەشەسەندنی وڵاتن، بەڵام وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و یاساکان لەبەرژەوەندی کرێکاران کاری پێناکرێت. 
 
هاوکات ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، تا ئێستا کرێکاران بیمەی کۆمەڵایەتییان نییە و ڕێککەوتنی کارکردنیان نییە
 
ت.پ