پشتیوانی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ وریشە مورادی

چالاکوانانی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی دێرەزووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، پشتیوانی خۆیان بۆ وریشە مورادی دەربڕی و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانن.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەم، ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی کۆمەڵەی زەنوبیا لە کانتۆنی دێرەزووری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی خۆیان بۆ وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ئازادی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" و زیندانییانی سیاسی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێراندا دەربڕی و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەبوون بوون.

 

ئەم گردبوونەوەی ناڕەزایەتییە لە بەردەم بینای "ئەنجومەنی ژنان" لە دێرەزوور بەڕێوەچوو، وتەبێژی گردبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا وێڕای ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان کە دژی وریشە مورادی دەرچووە، باسی لە بەئامانجکردنی "چالاکوانان و سیاسەتمەداران، بە تایبەتی ژنانی پێشەنگ کە بۆ ئازادی، دادپەروەری و یەکسانیدەکەن"، کە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە جەختیان لەسەر کراوەتەوە.

 

ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا وێڕای پێناسەکردنی توندوتیژی، دەستگیرکردنی وریشە مورادی لە شاری سنە، ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی لە ژووری تاکەکەسیدا، ئاماژەیان بە نامەکەی کردووە، کە تێیدا هاتووە "لەکاتێکدا داعش سەر دەبڕێت، ڕژێمی ئێران لەسێدارەمان دەدات."

 

هەروەها سزای لەسێدارەدانیان بە پێچەوانەی دادپەروەری زانی و داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و ستەمکاری لەلایەن ڕژێمە پاوانخوازەکانی دژە ژندا.