پڕشنگ عەزیزی: پەخشان عەزیزی لە خەمی ژنانی ئێزدیی بوو
پڕشنگ عەزیزی ڕایگەیاند، پەخشان لە خەمی ژنانی ئێزدی بوو، کە بە هۆی شەڕەوە ئاوارەی چیاکان بوون، دەشڵێت، لە هەر شوێنیک ژیانی خەڵک لە مەترسیدا بێت، دەبێت بڕۆین بۆ هاوکاری کردن و برینەکان ساڕێژ بکەین.

ناوەندی هەوڵ- پڕشنگ عەزیزی خوشکی پەخشان عەزیزی زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارە لە زیندانی ئەوین لە تاران نامەیەکی لەبارەی دوایین سەردانی خێزانەکەی و نیگەرانییەکانی خوشکەکەی و هاندانە مرۆییەکانی بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیان بڵاوکردەوە.
پڕشنگ عەزیزی ڕایگەیاند، دایک و باوکم دەیانویست پەخشان عەزیزی لە مەهاباد لەگەڵیان بمێنێتەوە، بەڵام ئەو لە خەمی ژنانی ئێزدی بوو، کە بە هۆی شەڕەوە ئاوارەی چیاکان و بیابانەکان بوون.
وتیشی، پەخشان هەمیشە دەیوت ئەگەر ئێمە لە جێی ئەوان بووینایە و ئەوانی تر بێدەنگ بوونایە، ئێمە چۆن بیرمان لێدەکردەوە؟، ئەمڕۆ لەوێ شەڕ هەیە و دوو ڕۆژێکی تر لە شوێنی تر.
پڕشنگ عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، پەخشان بەردەوام ئاماژەی بەوە دەدا، کە گرنگ نییە لە کوێ بیت، مرۆڤبوون گرنگە، لە هەر شوێنیکی عێراق، سووریا، فەلەستین، شەنگال، حەلەب، غەززە و لوبنان ژیانی خەڵک لە مەترسیدا بێت دەبێت بڕۆین بۆ هاوکاری کردن و کەمتەرخەم نەبین و برینەکان سارێژ بکەین، چونكە لە ناوەڕاستی جەنگدا، ئاوارەکان بەبێ یارمەتی ناژین.
جێگای ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی چالاکوانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو ژنانەی کە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سووریا و عێراق بۆ یارمەتیدانی ژنانی ئێزدی و خێزانە ئاوارەکان چووەتە ناوچەکە بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جیاتی ستایشکردن ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و هەڵبەستنی دۆسییە بووەتەوە و لە ٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد پەسەند کرا.