پێشانگایەکی نێودەوڵەتی تیشک دەخاتە سەر خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستان لە بەرامبەر سنووردارکردنەکاندا
پێشانگایەکی بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ ژنان لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بەڕێوەچوو کە چالاکوانان و خاوەنکاران بەشدارییان تێدا کرد، شوێنی فراوان بۆ ژنان تەرخانکرا بۆ نمایشکردنی بەرهەمە جۆراوجۆجیاوازەکانیان و تیشک خستنە سەر ڕۆڵی ئابوورییان.
بەهاران لەهیب
کابول- بەشداربووانی پێشانگا نێودەوڵەتییەکە کارە دەستییەکانیان و بەرهەمە ناوخۆییەکانیان نمایشکرد، جەختیان لەوە کردەوە: کە ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێک بۆ بەرهەمهێنان و بەردەوامییان بۆ دەڕەخسێنێت، هەندێک لە شایەتحاڵەکان تیشکیان خستە سەر ئازارەکانی ژنان بەهۆی توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هەژاری لە کۆنترۆڵی توندی تاڵیباندا.
کابولی پایتەختی ئەفغانستان لەم دواییانەدا پێشانگایەکی نێودەوڵەتی سازکرد کە ژنانی بازرگانی ئەفغانی لەگەڵ بازرگانان و بەرهەمهێنەرانی چین، تاجیکستان، ئۆزبەکستان و ئێران و هەروەها ئامادەبووانێکی زۆر لە سەرانسەری ئەفغانستانەوە بەشدارییان تێدا کرد.
هەرچەندە حکومەتی تاڵیبان پێشانگاکەی بۆ هاندانی وڵاتانی دراوسێ بۆ وەبەرهێنان لە ئەفغانستان ڕێکخست، بەڵام ژنانی چالاکوان و ژنانی بازرگانی ئەفغانستان ئەو بۆنەیەیان بۆ یادی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان بەکارهێنا و بوونییان و ڕۆڵییان لە کۆمەڵگەدا دووپاتکردەوە سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە سەپێنراون.
لەمیانی سەردانەکەی ئاژانسەکەمان بۆ پێشانگاکە، فەوزیە زەکی، چالاکوانی مەدەنی هاوڵاتی پارێزگای بەدەخشان ڕایگەیاند، ماوەی ٢٠ ساڵە کار بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ژنانە دەکەم کە زیانلێکەوتووی توندوتیژی خێزانیین، هەروەها پەناگەیەکی ئارامم بۆیان دامەزراند، دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی کرد، ناچار بووم نووسینگەکەم و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی لەژێر هەڕەشەدا دابخەم، بۆ ماوەیەک لە ماڵەوە بووم، بەڵام دواتر پڕۆژەیەکی دەستی ئەفغانیم بە سەرمایەیەکی کەم دامەزراند و ئەمڕۆ نزیکەی ١٠ ژن لەگەڵم کاردەکەن، تاکە دڵخۆشی ئێمە وەک ژنانی ئەفغانی لەم کەرتەدایە، ئەمەش دەرفەتمان پێدەدات بۆ بەرهەمهێنان و مانەوە.
سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە پارێزگای لۆغار، زەکیە شوجاعی، خاوەن دوکان لە پێشانگاکە وتی: پێش ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی بکات، بەشێکی زۆری پارێزگاکەمان لە ژێر کاریگەری ئەواندا بوو، نە هێزەکانی پێشووی حکومەت و نە فەرمانبەرەکانیان، نە ژن و تەنانەت منداڵان پارێزراو نەبوون. ڕۆژانە بە شێوازی جیاواز دەکوژران و ئەمڕۆش هەمووان لە هەمان دۆخدا دەژین.
زەکیە شوجاعی بە دەنگێکی نزم بەشێک لە ئازارەکانی ژنانی پارێزگاکەی گێڕایەوە و ڕوونیکردەوە، ئەندامان و بەرپرسانی تاڵیبان لە شەقامەکان بنکەی چاودێرییان دامەزراند، بۆ چاودێریکردنی ڕەفتاری کڕیاران و فرۆشیارانیان و ڕێگری لە هەر ڕەخنەیەک لە حکومەت هەروەها دیاردەکانی وەک فرەژنی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، لە نێویاندا هاوسەرگیری سەپێنراو لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە، لەگەڵ هەژاری و بێکاری و وشکەساڵی، هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە بارگرانی لەسەر دانیشتوانی پارێزگاکەمان دروستبکەن، وەک ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستاندا هەیە.
حەلیمە محەمەدی، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دایکیدا کۆمپانیای "مارەیی ژنانی ئەفغانستان" یان دامەزراند، ڕوونیکردەوە کە بەشداریکردنیان لەو پێشانگایەدا بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان بووە، لەم پێشانگایەدا بەرهەمە جیاوازەکانمان پێشکەش کرد، مارەیی ژنانی ئەفغانستان کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی پیشەسازییە ئەفغانییەکان لە بوارەکانی کاری دەستی، لەوانەش دروستکردنی پێڵاو و جانتا و خشڵ، هەروەها بەشێکمان هەیە کە تایبەتە بە فەرش بونیادنان و دورین، بەڵام کەمی بودجە ڕێگریمان لێدەکات لە ئێستادا بەڕێوەی ببەین.
حەلیمە محەمەدی بە وردی پێکهاتەی کۆمپانیاکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، کە ڕۆیا محەمەدییە، سەرۆکی کۆمپانیاکە و نزیکەی ٣٠ ژن و پێنج پیاوی دامەزراندووە کە بەشی بازاڕیکردنی بەڕێوەدەبەن بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە ڕێگری دەکەن لە دەرچوونی ژنان لە ماڵەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگاکان نوێنەرمان نییە، بەڵام بەرهەمەکان بە گەیاندن دەنێرین، هەروەها وەک وەبەرهێنەری مۆڵەتپێدراو و پیشەیی کاردەکەن و بەردەوامن لە بەشداری پێشانگی جیاوازەکان دەکەن و بەشداری دەکەن.
هەموو ژنانی بەشداربوو هەوڵدەدەن لە کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتی تاڵیبان ڕزگاریان بێت و هەموو دەرفەتێک بۆ پاراستنی بوونی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا بقۆزنەوە.
زەکیە شوجەیی و فەوزیە زەکی پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە پارێزگاکەیان چالاکوانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان بوون، کاریان کرد بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی تاڵیبان، بەپێی یاساکانی دژە ژنانی تاڵیبان، ژنان لە پۆستە حکومییەکان، بەڕێوەبردنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکان، یان چوونە ناو کەرتی وەبەرهێنانەوە قەدەغە کرابوون، کە بۆ پیاوان سنووردار بوو، بۆیە بوونی پیاوان لەم چالاکییانەدا بووە مەرجی پێشوەختە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و بەڵگەنامەی فەرمی.
سەرەڕای ئەوەی کە پێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی ژنان لە کابول لە ژێر کۆنترۆڵی توندی تاڵیباندا بەڕێوەچوو، بەڵام ئاماژەی خۆڕاگری و سەرپێچی ژنانی ئەفغانستان بوو لە بەرامبەر سنووردارکردن و توندوتیژی، ئەم ژنانە بە پاراستنی ئازایەتی و دەستپێشخەریی خۆیان سەرەڕای هەڕەشە و فشارە ئاسسایشییەکان، نەک هەر بەرهەم و لێهاتوویی خۆیان پیشاندا، بەڵکو پەیامێکی ڕوونیان بۆ جیهان و حکومەتی تاڵیبان سەبارەت بە پێویستی پاراستنی مافەکانی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا نارد، ئامادەبوونیان سەلماندی کە ئیرادەی ژنانی ئەفغانستان بە یاسا قەتیس ناکرێن یان سنووردارکردنیان بۆ دابنرێت.