پێش دادگاییکردنی ئایشە گۆکهان بانگەوازی نێودەوڵەتی کرا
دادگاییکردنی ئایشە گۆکهان، وتەبێژی پێشووی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" کە لە زینداندایە، ئەمڕۆ لە دادگای ٩ی تاوانە قورسەکانی ئامەد دەستپێدەکات. پێش دادگاییکردنەکە، بانگەوازی پشتیوانی لە وڵاتی تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا.

ناوەندی هەواڵ
دادگاییکردنی ئایشە گۆکهان، وتەبێژی پێشووی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" کە لە زینداندایە، ئەمڕۆ لە دادگای ٩ی تاوانە قورسەکانی ئامەد دەستپێدەکات.
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" داوای لە داکۆکیکارانی مافی ژنان کرد کە لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن، دامەزراوەی پاۆڵ گرونینگر کە ناوەندەکەی لە سویسرایە، هەروەها ئەنجومەنی مەدەنی ئەوروپا و داکۆکیکارانی دیکەی مافی مرۆڤ، داوای بێ تاوانی و ئازادکردنی تەواوەتی ئایشە گۆکهانیان کرد.
هەروەها دامەزراوەکە ڕایگەیاند، گۆکهان ژیانی خۆی لە پێناو ئاشتی و بەرگری لە ئیرادەی گەلەکەی داناوە.
کاترینا هان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی ئەوروپا داوای بڕیارێکی دادپەروەرانەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە تەنها دەتوانێت بڕیاری بێتاوانی و ئازادکردنی دەستبەجێی ئایشە گۆکهان بێت.
هاوکات داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی داواکارییان ئاراستەی وەزارەتی داد و نۆهەمین دادگای تاوانەکانی ئامەد کرد و داوای بێتاوانی و ئازادکردنی دەستبەجێی ئایشە گۆکهانیان کرد.
واژۆکەرانی داواکارییەکە بریتین لە:
دکتۆر تۆماس شمیدینگەر – شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زانکۆی ڤیەننا / زانکۆی کوردستان هەولێر
ژولی وارد – ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا لە ٢٠١٤- ٢٠٢٠ ئەندامی کۆمیتەیFEMM
مریەم نەمازی – داکۆکیکاری مافەکانی ژنان
مۆنتسێرات سێرڤێرا ڕۆدۆن – ئەنجومەنی'کا لا دۆنا' (بارسێلۆنا)
تینا لایش – دەرهێنەری فیلم و شانۆ، ڤیەننا
د.بێریڤان ئاسڵان – ئەندامی ئەنجومەنی شاری ڤیەننا