پەروین مامە: ژنی کورد زۆر بەهێزەو هۆنراوەم بۆ شەڕڤان نووسیوە
پەروین مامە، شاعیرێکە لە نەهامەتیی و زیندانەوە بۆ جیهانی ئازادی و وێژە، هەرچەندە نەخوێندەوار بووە بەڵام دوو پەرتوکی نووسیوەو چاپ کردووە.
شلێر کۆیی
کۆیە-کۆیە_شاعیر و نووسەر پەروین مامە (پەروین حەسەن) یەکێک لە دەنگە ڕەسەن و پڕ لە ئازارەکانی وێژەی کوردییە. سەرڕای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی سیاسی و دەستبەسەرکردنی خێزانەکەی لەلایەن ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٧٦دا دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا بچێتە قوتابخانە و بە فەرمی بخوێنێت، بەڵام خولیا و ئیرادەی بەهێزی بۆ نووسین و خوێندنەوە وایکرد بە هەوڵی خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین ببێت.
پەروین مامە کە ئەزموونی ئاوارەیی، زیندان، و ئازارەکانی ئەنفالی چەشتووە، وێژەکەی کردووەتە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی ئازارەکانی گەلەکەی، بەتایبەت پرسی ژن، ئەنفال، و شەهیدان. تاوەکو ئێستا دوو دیوانی شێعری چاپکردووە بەناوی (نووبەرەی هیوا»، «گوڵەچنێ)..
رۆژی ٤ی تشرینی دووەم، لەسەنتەری گەنجانی کۆیە ، ناوەندی ئەدەبی و روناکبیری کۆیە بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری گەنجان، ئێوارە کۆڕێکی شیعری بۆ ( پەروین مامە ) سازکرد، و لە کۆتاییدا پەرتوکەکان بە دیاری بەخشران بە میوانەکان.
پەروین مامە وتی: سەبارەت بە کاری نووسینم دەمێکە دەستمپێکردووە و دەنووسم، بەشێک لە بەرهەمەکانم لە ئەنفالی ٤ فەوتاوە، ئەوە ڕۆیشتووە، ئێستا دوو بەرهەمی چاپکراوم هەیە، ئهمڕۆ لەسەر خواستی برادەرانی کۆیە، هاتم ناساندنم بۆ بەرهەمەکانم کرد و دابەشمان کرد بەسەر میوانەکان.
وتیشی: ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەم دەستگیر کرابووم، ئەو کاتەی کە ئەبوایە بچم بخوێنم، بچمە قوتابخانە، بەڵام دەرفەتی خوێندنم بۆ نەڕەخسا. دوای ئازادبوونمان لە زیندان، دووبارە قاچاخ بوینەوە، نەمانتوانی لە شار... زیاتر لە ساڵێک گیراین، لەسەر کاری سیاسی باوک و برام. تەواوی ئەندامانی خێزانەکەم وەکو ئەو کاتە، حکومەتی بەعس خەڵکی دەگرت کە کەسێک دژایەتی بکردایە، بۆ نموونە لە شۆڕشی نوێ و ئەمانە. پێشتریش باوکم لە شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بوو، ئیتر ئەو کاتەی کە ئێمە گیراین، تەمەنم شەش حەفت ساڵان بوو دەبوو بچمە قوتابخانە بەڵام ئیتر نەتوانرا، دوای ئازادبوونیشمان دووبارە نەمانتوانی لە شار بمێنینەوە، واتە بچینە شوێنێک یاخود قوتابخانە، لەبەر ئەوەی بەردەوام ترسمان هەبوو.
"خۆشبەختم میشکم هۆشی تێدایە!"
سەبارەت بەوەی چۆن بێ ئەوەی بچیە بەر خوێندن بوی بەنووسەر پەروین مامە لە وەڵامدا وتی: هیچم نەخوێند! لەبەر ئەوەی دەرفەتی خوێندنم بۆ نەڕەخسا، ئەو کات کە وتم گیراین ئەبوو من بچم بخوێنم، کە ئازادیش بووین دیسانەوە ئێمە نەماندەتوانی بخوێنین، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەمان هەبوو، بۆیە فێر بووم لەبەر ئەوەی خولیایەک لەسەرما هەبوو، هەر بۆ نموونە دەڵێم خولیای نووسین وا لەسەرمایە، بۆ ژیانی دنیام پێ لەسەرمایە، قەیناکە گیرفان بە هەڕ خاڵی بێ، خۆشبەختم میشکم هۆشی تێدایە! واتە مێشکم ئەوەندە هۆگری خوێندن بوو ، ئەوەندە م حەز لە خوێندن بوو، هەوڵم داو فێر بووم ئێستا خاوەنی دوو دیوانی چاپکراوم و دیوانی سێیەمی... دیوانی چوارەمی لەسەر ڕێگایە چونکە نووسین شتەک نیە تەواو ببێت هەر بەردەوام دەبم، هەر بەرهەمێکم، دەسنووس، ئەنفال... نووسینەکانم، هۆنراوەکانم هەمە جۆرەن، ئازادە و بێ قافییە و چەشمەی کۆن و هەندێک کلاسیک و باسی نیشتمانییە، سروشتە، سوزدارییە.
"ژنی کورد زۆر بەهێزە"
وتیشی: ژنی کورد زۆر بەهێزە، باوەڕ ناکەم هیچ ژنێک بەقەدەر ژنی کورد بەهێز بێ. ژنی کورد پێشمەرگەیە، ژنی کورد گەریلایە، ژنی کورد نووسەرە، ژنی کورد وەسف ناکرێت، بۆیە شێعرم بۆ ڕۆژئاوا و بۆ شەهیدانی، ڕۆژئاوا هەیە، بۆ گەریلا هەیە، بەڵێ ئازایەتی ژن وەک وتم ژنی کورد پێناسە ناکرێت، وشە نییە لە ئاستی ژنی کورد، بەتایبەتی ژنانی گەریلا و شەڕڤان.
لە کۆتایی قسەکانیدا پەروین مامە سوپاسی ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کۆیەی کرد کە بانگهێشتیان کردووە بۆ ئەو کۆڕە، کە دەمێک بوو ئامادەکارییان کردبوو وتی: هیوادارم ژنان کە متمانەیان بەخۆیان هەبێت، چونکە زۆر گرنگە، خاوەنی خۆیان بن، هیوادارم وەک هەر وڵاتێک و وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی کیانی خۆمان بین. ئەوەی کە هەشمانە لە دەستی نەدەین، ئێستا وڵاتمان پڕ لە نەهامەتی، پڕ لە هەڵە، پڕ لە کەمتەرخەمی،... وەک خۆسەپاندنێک. میلەتیان پشت گوێ خستووە خاک و میلەت و خوێن و خەبات و ڕەنجی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی زیاتر لە ٤ هزار دێی کوردستانیان بەداخەوە بەهەدەر داوە! ئەوانەم لە شێعرەکانم باس کردووە.