پەروەردەی مەخموور: ڕۆژئاوا شەرەفی ئێمەیە، ئێمە دەستبەرداری شەرەفمان نابین
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی مەخموور، بەیاننامەیەکی دژی کرداری حکومەتی کاتی سوریا بەرامبەر بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: زمانی هەموو گەلێک ناسنامە و یادەوەری مێژوویی خۆیەتی.
مەخموور – گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت، هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە نزیکایەتی و عەقڵییەتی حکومەتی کاتیی سووریا دژی زمانی کوردی دەردەبڕن. لە کەمپی شەهید ڕووسـتەم جـوودی لە مەخموور ، لەلایەن کەرتی پەروەردەوە دژ بە هێرشەکان بۆ سەر زمانی کوردی ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەڵوێستی حکومەتی شام شەرمەزار کرا و جەخت لە بڕیارپێدراوی بۆ خاوەنداریکردن لە زمانی کوردی کرایەوە. ڕاگەیەندراوەکە لە قوتابخانەی ئامادەیی شەهید کۆچەرین لەلایەن قوتابییەک بە ناوی ئاڤیان کابول خوێندرایەوە. مامۆستایان و قوتابیان بەشداربوون و دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن، دەقەکە خوێندرایەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەرتی پەروەردە بەم جۆرەیە
هاوڕێیانی هێژا، پێش ماوەیەکی درێژ، وەک داگیرکەرانی دیکە، دەسەڵاتداریی سووریاش زمانەکەمانی قەدەغە کردبوو. لە بەرامبەر ئەم زۆردارییەدا، گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوا ڕاپەڕین، بە ڕەنج و خوێنی شەهیدان زۆربەی ناوچە کوردییەکانیان لەژێر دەستی داگیرکاری ڕزگار کرد. لە پرۆسەی ئەم شۆڕشەدا، بە هەزاران شەهیدمان دا، بەڵام ئەوان لە تەواوی قوتابخانەکاندا زمانی کوردییان کردە زمانی پەروەردە.
چونکە ئەوان دەیانزانی زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو بنەمای کولتوور و ناسنامەی هەر گەلێکە. ساڵانێکە ئەم پەروەردەیە بەردەوامە و لە هەموو بوارەکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و بووەتە پردی خۆشەویستی لە نێوان گەلدا.
"ئێستا دەیانەوێت گەلەکەمان بە شێوەیەکی سیاسی لەناو ببەن"
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خرایە سەر دوژمنایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد و زمانی کوردی و گوترا: لە بەرامبەر ئەم سەرکەوتنەدا، نەیارانی ناوخۆ و دەرەوە کەوتنە ناو هەوڵی جینۆسایدکردنی گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان. هەرچەندە زۆر شەهید و دیلمان دا، بەڵام نەیانتوانی کورد لەناو ببەن. لە بەرامبەر بەرخودانی گەلی کوردی ڕۆژئاوا و پشتیوانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، ناچار بوون شەڕ ڕابگرن.
ئێستاش دەیانەوێت گەلەکەمان بە شێوەیەکی سیاسی لەناو ببەن. لەبەر ئەوە، دەیانەوێت زمانەکەمان کە بووەتە زمانی پەروەردە، جارێکی دیکە نەهێڵن. لە بەرامبەر ئەم عەقڵییەتە تاکڕەوەدا، گەلی ئێمە وەک هەمیشە بۆ پاراستنی زمان و کەرامەتی خۆیان لەسەر پێ وەستاون. ئێمە ئەم دۆخە لە نزیکەوە دەبینین و بانگی زۆردارانی شام دەکەین و دەڵێین: زمانی هەر گەلێک، ناسنامە و مێژووی ئەو گەلەیە. قەدەغەکردن و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی زمانێک، تەنیا داخستنی دەرگای وشەکان نییە؛ بەڵکو لە هەمان کاتدا هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی هەبوونی گەلێک.
"ڕۆژئاوا تەنها نییە"
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی حکومەتی سووریا کرا کە وەک گەلی کورد، ئەوان هەرگیز کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا ناهێڵن و هەمیشە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانی گەلی خۆیان تێکۆشانێکی مەزن دەکەن، و بەمجۆرە گوترا: بانگی دەسەڵاتدارییە خۆسەپێنەکەی سووریا دەکەین، ئێمە هیچ کاتێک ڕێگە بە جینۆسایدکردنی گەلی ڕۆژئاوا نادەین. ڕێگە نادەین دەستکەوتەکانی گەلی ئێمە کە بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتوون، زەوت بکرێن. با خوێنمژەکان بزانن، ڕۆژئاوا بە تەنیا نەبووە، بە تەنیا نییە و بە تەنیاش نامێنێتەوە. هەروەها، بانگی گەلی کورد دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، با دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن، چونکە ڕۆژئاوا لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە. بۆ تۆڵەکردنەوەی داعش لە کوردان، دەسەڵاتدارییە دواکەوتووەکەی شام لەناو پلانگەلێکی زۆر چەپەڵدایە. پێویستە ئێمە بە وریاییەوە درک بەم ڕاستییە بکەین و لە هەر شوێنێک بێت ئەم نزیکایەتییە دوژمنکارانەیە شەرمەزار بکەین.
بۆ پشتیوانیکردنی گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوا و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر بە زمانەکەمان دەکرێت؛ ئێمە وەک کەرتی پەروەردەی کەمپی شەهید ڕووسـتەم جـوودی، لە هەر بوارێکدا، بەتایبەت لە بواری زمان و پەروەردەدا، بۆ هەر جۆرە دەستخۆشی، هاوکاری و پشتیوانییەک کە لە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوا بکرێت، ئامادەین بە هەموو هێز و لێهاتوویی خۆمانەوە ببینە وەڵامدەرەوە. هەر بەم بۆنەیەشەوە، هەموو کتێبەکانی زمانی کوردی خۆمان کە نوێکراونەتەوە، پێشکەشی کۆمیتەی پەروەردەی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکەین. ڕۆژئاوا کەرامەتی ئێمەیە، ئێمە دەست لە کەرامەتی خۆمان هەڵناگرین.
ڕاگەیەندراوی کەرتی پەروەردە بە دروشمەکانی "بژی بەرخودانی ڕۆژئاوا"، "بژی یەکێتیی گەلی کورد"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بمرێ داگیرکاری" کۆتایی هات.