پەرتوک و هونەر لە پێشانگای خوێندنگەیەکی تەعز دەرگاکانی داهێنان دەکاتەوە

شاری تەعز لە یەمەن سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان کولتوور بەردەوامە لە گەشە سەندن، دووەمین پێشانگای پەرتووک کە لە لایەن خوێندنگەی شەهید نەعمە ئەحمەد ڕەسامەوە ڕێکخرابوو، کۆتایی هات و دووپاتکرایەوە، کە خوێندنەوە هێشتا هێزی یەکخستنی خەڵکی هەیە.

رانیا عەبدوڵا

 

یەمەن- دووەمین پێشانگای پەرتووک کە لەلایەن خوێندنگەی شەهید نەعمە ئەحمەد ڕەسام لە شاری تەعز لە یەمەن ڕێکخرابوو، کە لە ٣١ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد و ٥ی شوبات کۆتایی دێت، بەشدارییەکی زۆری خوێندکاران و ڕۆشنبیران و ئەوانەی ئارەزووی کاروباری ڕۆشنبیرییانی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش وایکرد ببێتە بۆنەیەکی خوێندنگە و ڕۆشنبیرییەکی دیار لەو شارەدا.

 

پێشانگاکە تەنها لە نمایشکردنی پەرتووکەکاندا سنووردار نەبوو، هەروەها بەرنامەیەکی گشتگیری چالاکیی ئەدەبی و هونەری پێشکەش کرد و ئاهەنگی داهێنەری خوێندکاران و نووسەرانی گەنجی گێڕا، خوێندنگەکەی گۆڕی بۆ شوێنی زیندوو بۆ کولتوور و داهێنان.

دونیا هیلالی، بەڕێوەبەری خوێندنگەکە، دووپاتیکردەوە، کە ئەمساڵ لەڕووی ژمارەی چاپخانە و ناونیشانەکانەوە فراوانتر بووە، پێشانگاکە زیاتر لە سێ هەزار ناونیشانی لەخۆگرتبوو، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی چوار سەد ناونیشان، ئەمە جگە لەوەی کە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەردوو ناوەوە و دەرەوەی تەعزەوە بەشدارییان تێدا کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشانگاکە تەنها لە پەرتووکەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو بەرنامەیەکی ڕۆشنبیری گشتگیر پێشکەش دەکات کە سیمینار و وتار و دیبەیتی بەیانیان و ئێواران لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە بۆنەی ئاهەنگگێڕان بۆ گەنجانی بەهرەمەندی ئەدەبی، لە پێشانگاکەدا پێنج پەرتووکی نوێ واژۆ کران کە سێ پەرتووکیان لەلایەن خوێندکارانی خوێندنگەکەوە بوون.

 

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هونەر و خوێندنەوە، دونیا هیلالی ڕوونیکردەوە، ئەو بینەرەی قەدری هونەر دەزانێت هەمان بینەرە کە دەخوێنێتەوە، هەروەها هونەر و خوێندنەوە تەواوکەری یەکترن و بینەرێکی فراوانتر بۆ خۆیان ڕادەکێشن.

''دەرفەتێک بۆ نمایشکردنی بەهرە و بیرۆکەکان''

خوێندکارانی بەشداربوو گرنگی پێشانگاکەیان لە هاندانی داهێنان دەربڕی، ڕەغد عەلی، خوێندکار وتی: پێشانگاکە دەرفەتێک بۆ نووسەران و هونەرمەندان دەڕەخسێنێت بۆ نمایشکردنی بەهرە و بیرۆکەکانیان.

 

نور عەبدول ڕەزاق، خوێندکار، خوێندنەوە بە تەنها وشەنییە لەسەر کاغەز، بەڵکو بە کولتوور و گەشەسەندنە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پەرتووکەکەی لە پێشانگاکەدا نمایشکرا، وتی: ئەم جۆرە ڕووداوانە بەهرە شاراوەکان ئاشکرا دەکەن و پاڵنەرن بۆ هەمووان بۆ ئەوەی داهێنەر بن، هەروەها ئەم پێشانگایانە گرنگییەکی زۆریان هەیە، چونکە تیشک دەخەنە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە خاوەنی بەهرەن.

 

فاتمە تاریق، خوێندکار جەختی لەوە کردەوە، کە پێشانگاکە پاڵنەرێکە بۆ نەوەکان بۆ نمایشکردنی بەهرە و وەرگرتنی نووسەرە گەورەکانی یەمەن، ئەم جۆرە بۆنەیانە هانی گەنجانی وەک ئێمە دەدەن بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانمان و بەدیهێنانی خەونەکانمان.

 

عەفاف عەلی، خوێندکار، جەختی لەوە کردەوە، کە پەیوەندی نێوان هونەر و ڕۆشنبیری پێویستییەکی هزرییە کە دەتوانرێت لە ڕێگەی وێنەکێشان و هونەری بینراوەوە دەرببڕدرێت، وەک نەوەیەک میراسەکەمان لە باوەش دەگرین و بە هەموو شێوەیەک ئیلهام لێ وەردەگرین، لە ڕێگەی هونەری بینراوەوە دەیگۆڕین بۆ دیدێکی هونەری.

 

شەهد عارف، سەردانکەر، خولیای خۆی بۆ پەرتووک و خوێندنەوە و خواستی خۆی بۆ زیندووکردنەوەی سەردەمی خوێندنەوە دەربڕی و وتی: خوێندنەوە دەرگاکان بەڕووی جیهانەکانی خەیاڵ و ئاڵەنگاریدا دەکاتەوە.

 

بەشداربووان ستایشی ڕێکخستنی پێشانگاکە و هەمەجۆریی پەرتووکە نمایشکراوەکانیان کرد، ئەم ڕووداوانەیان بە ڕێگایەک بۆ گەڕاندنەوەی بەهای خوێندنەوە و پێدانی جێگەی شایستەی خۆی لە ژیانی نەوەی نوێدا زانی، کە هەوڵدەدات سەردەمی خوێندنەوە زیندوو بکاتەوە و هەروها داهێنەری ژنانی نووسەر و ڕۆشنبیرانی تەعز و یەمەن بە گشتی پیشان بدات.