پەرتوکی "چەردەیەک ژن لە مێژودا" ناسێندرا
لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، پەرتوکی "چەردەیەک ژن لە مێژودا" کە لەنووسینی فەوزیە مەنمی-ە ناسێندرا.

سلێمانی
دوێنێ ٢٧ی تەمووز، لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ژنانی چالاکوان و نووسەر، ناساندن بۆ پەرتوکی "چەردەیەک ژن لە مێژودا"ی فەوزیە ساڵح مەنمی نووسەر کرا کە لە بەرگی دووەم و سێیەم و چوارەم پێکدێت، تێیدا باس لە مێژووی چەندین ژنی کورد دەکات کە ڕەچەشکێنیان بۆ مافی ژن کردووە، ژنانێک ڕۆڵیان لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان هەبووە، کە تایبەتە بە نەوەی داهاتوو بە ئامانجی ناساندنی ژنانی کورد بە نەوەی داهاتوو.
"مێژووی ژن بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێتەوە"
فەوزیە ساڵح مەنمی، نووسەر باسی لە ئامانجی پەرتوکی " چەردەیەک ژن لە مێژودا" کردو وتی: یەکەمین بەرهەممە لە لایەن ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، پەرتوکی " چەردەیەک ژن لە مێژودا" باس لە ڕۆڵی چەندین ژن دەکات کە ڕێچکە شکێنیان بۆ ژیانی ژنان کردووە، بەدەم باسکردنەکەوە باس لە ڕۆڵی ئەو ژنانە دەکەین، ئامانجم لەو پەرتوکە باسکردن و گێڕانەوەی ئەو مێژووەیە بۆ نەوەی داهاتووی کورد، تا بزانن ژنان لە مێژووداچ ڕۆڵێکیان بۆ بونیادی ئێستەیان ناوە، ئەم پەرتوکە تایبەتە بە نەوجەوانان کە لەم پەرتوکەدا باس لە ژنان لە تەواوی سێکتەرەکانی ژیان دەکات، تا نەوجەوانان بزانن خەباتی ژن لە چ ئاستێکدایە.