"پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگە خۆشکەرە بۆ ژن تا بتوانێت مافەکانی بەدەست بهێنێت"

سیاسەتمەدار شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: مێژوو شاهیدە کە یەکڕیزنەبوونی کورد کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژنان هەبووە، یەکبوونی تەواوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.

سلێمانی 

  

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق، لە یەکەمین کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا, لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: پیرۆزبایی خۆم لە تەواوی ژنان و ڕێکخەرانی هاوپەیمانی نادا دەکەم، ماوەی چەندین ساڵە ژنان چاوەڕێی ئەنجام دانی ئەم کۆنگرەیەی هاوپەیمانی نادا دەکەن، ئامانجی ژنان لە ڕێگەی ئەم کۆنگرانەوە دێتە دی، دەرخستنی تواناکانی ژنان و شۆڕشی ژنان لە کۆنگرەکەدا باس دەکرێت، هەڵوێستی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بۆ ئەو بارودۆخەی ژنان پێیدا گوزەریان کردووە تاوتوێ دەکرێت، هەروەها بەخێرهاتنی تەواوی ژنان و نوێنەرانی ژنان لە پارچەکانی کوردستان دەکەم.  

  

لە بارەی ڕۆڵی ژنان لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وتی: یەکگرتنی ژنان گرنگییەکی سەرەکییە بۆ پرسی ئاشتی، ژنانی کورد و تەواوی پارچەکانی دیکە بە ئازار و مەینەتی زۆردا گوزەری کردووە، چەندین کوشتن و جینۆساید و بەرگری دژی داگیرکەر بینیوە، بەڵام تا ئێستا ژنانی ئێمە هەوڵی ئاشتی و پێکەوەیان نەداوە، پرسی ئاشتی دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی پرسی ئاشتییەوە هەوڵی یەکبوون بدرێت لە لایەن ژنانەوە، ماوەی چەندین ساڵە ژنان لە ناوچەکەدا تەواوی پرسەکانیان بە پیاوان سپاردووە، بەڵام بارودۆخی ژنان بەردەوام ڕوو لە خراپی دەکات، پرسی ئاشتی ڕێخۆشکەرە بۆ ژنان تا بتوانن ئیتر مافەکانیان بەدەستبهێنن، هەروەها هەبوونی دەستوور بۆ ژنان کارێکی گرنگە بەڵام لە ناوچەکەدوا ژنان لە دەستوور سودمەند نابن، دادگاکانی عێراق و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر پرسەکانی ژنان وەک پێویست کار ناکەن.  

  

لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامی بۆ تەواوی ژنانی لایەنە سیاسییەکان لە بارەی دۆزی ژنانەوە نارد وتی: مێژووی کورد شاهیدە کە نەبوونی یەکڕیزی کورد هاوڵەكاتیان و بە تایبەت ژنانی ڕووبەڕووی ئاریشە کردۆتەوە، ئێمەی ژنان ئەو مێژووە ببێتە دەرسێک و بتوانن لە تەواوی لایەنەکان پشتیگری و یەکبوون دەرببڕین، ئێمەی ژنان ئازار و خەممان یەکە، تەواوی ئەو کێشانەی ڕوبەڕووی ژنان دەبێتەوە تەنها ژنان ڕوبەڕووی ئازار دەبنەوە، پێویستە ژنان لە تەواوی ناوچەکان و پارتە سیاسییەکان یەکگرتووبن.