پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسی دەکات

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، بەپێی خشتەی كارنامەی كۆبوونەوەكە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای باری كەسی دەكرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە کاتژمێر ١:٠٠ی ئەمڕۆ ٣ی ئەیلول پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەکەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە و دەنگدان بۆ ٦ پرۆژە یاسا دەكات، لە بڕگەیەكیشیاندا خوێندنەوەی دووەەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری كەسی دەكرێت.

 

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ تەواوكردنی پرۆژە یاسای پاراستنی ئازادیی بیروڕا دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ تەواوكردنی پرۆژە یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.

 

هەمواری یاسای باری کەسی کە دەبێتە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوەو چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ داوای ڕاگرتنی ئەو هەموار کردنەوەیە دەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت.