پەنابەرانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مافەکانیان دەکەن
لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان گردبوونەوە و داوایی مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر، بەشێک لە پەنابەرانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و تیایدا دۆخی خراپی ژیانیان هێنایە بەر باس.
لە گردبوونەوەکەدا پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سێ کەمپی شاری هەولێر دادەنیشن ڕایانگەیاند لە کەمپەکاندا مافی بچنە دەرەوەیان نییە،تەنانەت بۆ سەردانکردنی نەخۆشخانەکانیش، داواکاری بەشداربووانی گردبوونەوەکە بریتیبوو لە جیاکردنەوەی کەیسی پەنابەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها داوایان کرد پێداچوونەوە بۆ کاری کارتی نشینەگەکانیان بکەن کە بەهۆیەوە ئاستەنگی بۆ ناونوسکردنی منداڵەکانیان دروست دەبێت بۆ ناوەندەکانی خوێندن، داواشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان بە شێوەیەکی یەکسان بێت و جیاوازی تێدا نەکرێت و کێشەی فۆرمی خۆراک و دابینکردنی دەرمانیان بۆ چارەسەر بکرێت.
بەشێک لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ کەمپی شاری هەولێردا نیشتەجێن و هەندێکیان زیاتر لە سێ ساڵە لەو کەمپانەدان سەرەڕای هەبوونی بڕیاری لە سێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باشووریشدا سەرەتایترین مافی ژیان کە خزمەتگوزاری و مافی ئازادی هاتوچۆ و پێدانی مافەکانی پەنابەرییە نییانە، ئەمڕۆش بە شێوەیەکی فەرمی داواکارییەکانیان پێشکەش بە نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
ت.پ