پۆلیسی هەولێر جەخت لە پاراستنی ژنان لە مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لەڕێگەی پۆلیسی کۆمەڵگەییەوە، نامیلکەیەکی هۆشیاریی ئەمنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوکردەوە، کە جەخت لە پاراستنی ژنان دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لەڕێگەی پۆلیسی کۆمەڵگەییەوە، نامیلکەیەکی هۆشیاریی ئەمنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوکردەوە، کە تێیدا زیاتر جەخت لە پاراستنی ژنان لە مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێتەوە.

 

ناوەڕۆکی نامیلکەکە بە وردی تیشک دەخاتە سەر یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨، کە تایبەتە بە ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و ئەو کردارانەی بەپێی یاسا بە تاوان هەژمار دەکرێن، هەروەها چەندین ڕێکاری خۆپارێزی بۆ هاووڵاتییان بەگشتی و ژنان بەتایبەتی تێدایە، تاوەکو چۆن لە کەسانی خراپکار لەناو جیهانی دیجیتاڵیدا خۆیان بپارێزن.

 

ئەوەی لە نامیلکەکە باسی لێوەکراوە بریتیین لە:

- رێکاری تایبەت بۆ پاراستنی ژنان لە هەڕەشە و کەسانی خراپکار لە جیهانی دیجیتاڵیدا.

٠ تیشک دەخاتە سەر یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و سزای سەرپێچیکاران.

- بۆ هەر هەڕەشەیەک لە سۆشیاڵ میدیا، هاوڵاتییان دەتوانن ٢٤ کاتژمێر پەیوەندی بە ژمارە ٠٧٥٠٨٠٨٨٠٨٠ی پۆلیسی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە بکەن.

 

جێی ئاماژەیە نامیلکەکە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاو دەکرێتەوە و بەشێکە لە پلانی ساڵانەی پۆلیسی کۆمەڵگەیی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانە تەکنەلۆجییەکان.