"پێکەوەیی و خۆبەڕێکخستنکردنی ژنان ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان کەمدەکاتەوە"
ژنان لە شوێنی کارەکانیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ژنان دەڵێن: بۆ ڕووبەرووبونەوەی توندوتیژییەکان خۆبەڕێکخستنکردن و پێکەوەیی ژنان و هۆشیارکردنەوەی خێزان گرنگی هەیە، پێویست بە خۆبەڕێوەبەری هەیە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ دیاردەی ژنکوژی بووەتە قێزەونترین پرسی کۆمەڵگە و مۆری ڕەشی لە نیوچاوانی دەسەڵات و سیستمی پیاوسالاری داوە، بەپێی ئامارە نافەڕمییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٥٣ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون، هەروەها بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان:
لە ٢٦ی شوبات، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی خەبات، ژنێک لەسەر پردی کۆن کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش ڕووداوەکە، دەمەقاڵێ لە نێوان ژنەکە و سەرنشینێکی ناو ئۆتۆمبێلێکی تەکسی ڕوویداوە.
لە ٣ی شوبات؛ لە گوندی تاسلوجەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ژنیکی گەنج بەدەستی براکەی بە فیشەک کوژرا.
لە ٢ی شوبات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا.
لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.
تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.
هەندێک لە کوشتنەکانی ژنان دەشاردرێتەوە و دەکرێنە ڕووداو و خۆکوشتن، هەروەها لە خۆسووتاندنی ژنان و سووتاندنی ژنان دەچیتەوە ناو چوار چێوەی کوشتن بەناوی شەرەف، توندوتیژییەکان لە شوێنی کارەکانی ژنان بە تایبەت بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، پێویستە ژنان لە ڕێگەی خۆبەڕێکخستنکردنەوە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی توندوتیژییەکان هەوڵبدەن، هەروەها چالاکوانان لە مێزگرد و سیمینارەکان بینە دەرەوە، لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و خێزانەکان بدەن.
" لە شوێنی کاردا توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت"
سازیان شەهید تالیب، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، سنووورەکانی توندوتیژییەکان گەیشتونەتە ئاستی کوشتن، ئەو ئامارانەی دەردەکەوێت، دەریدەخەن ئاسایش و ژیانی ژنان لە مەترسیدایە، وتی: توندوتیژییەکان بۆسەر ژنان سنوورەکانی کوشتنی تێپەڕاندووە، ئامارە فەرمییەکان لە لایەن پەیوەندیدارانەوە پشتڕاست ناکرێتەوە، بە گوێرەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی دەست ڕاگەیاندنەکان دەکەوێت، کوشتنەکانی ژنان بەردەوام ڕوو لەزیادبوون دەکات، کوشتنەکانی ژنان بووەتە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیری و ئاسایشی ژیانی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا، توندوتیژییەکانی ژنان بە چەندین شێواز ئەنجام دەدرێت، توندوتیژی جەستەیی و دەروونییەکان ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە شوێنی کاردا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و بێزارکردن دەبنەوە، ڕۆژ بەڕۆژ توندوتیژییەکان ڕوو لەزیادبوون دەکەن، توندوتیژییەکان خۆی لە چەندین جۆردا دەبیندرێت، دەست بۆبردن و شەڕی دەروونی و چەندین توندوتیژی دیکە، جیاوازی ڕەگەزی لە شوێنی کارەکاندا بەدی دەکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ژنان لە شوێنی کارەکاندا بە هۆکاری لەدەستنەدانی کارەکانیانەوە، بێدەنگی لە ئاستی توندوتیژییەکان هەڵدەبژێرن، بەڵام پێویستە هۆشیاری لە نێوان ژناندا زیاتر بێت، تا لە کاتی ڕوودانی هەر توندوتیژییەکدا دەنگیان هەڵببڕن، دەستبەجێ لایەنی پەیوەندیدار لە توندوتیژییەکان ئاگادار بکرێتەوە، پاشان لە ڕێگەی یاساوە گرفتەکانی شوێنی کارکردنی چارەسەر بکات، پاشان دەبێت ئێمەی ژنان هۆشیاریمان لە هەڵبژاردنی ئەو جێگەو کەسانە هەبێت کە بڕیارە کاریان لەگەڵدا ئەنجام بدەین.
"بۆ هۆسیارکردنەوەی تاک پێویستمان بە خۆبەڕێوەبەرییە"
ئاڤێستا فایەق، نووسەر ئاماژەی بەوەدا، ئامارەکانی توندوتیژی بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دیکە گۆڕانکاری تێدایە، کوشتنەکانی ژنان و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری لە ناوچەکاندا، وتی: لە پێناو بیرکردنەوەیەکی نادروستدا بە ئامانجگرتنی ژنان دوورە لە مرۆڤایەتییەوە، هەوڵەکان لە چوارچێوەی مێزگرد و سیمینار و کۆڕ و کۆبونەوەکانەوە بۆ ڕێگری کردن لە کوشتنەکانی ژنان ئەنجامدراوە، بەڵام چالاکیەکان لە دەرەوەی کۆڕوکۆبوونەوەکان دەرناچێت، کە دەبێت هۆشیاری بچێتە ناو خێزانەکانەوە، هەر لەکۆنەوە ژنی کورد بە ئازایەتی و مەردایەتی بوونی هەبووە، پێویستە ئاستی هۆشیاری و خەباتگێڕی ژنان لە سەردەمی ئێستادا کەم نەکاتەوە، هۆکارەکان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی قبوڵ نەکراوە، کوشتن هۆکار هەڵناگرێت، هەروەها ئیمە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانمان هەیە، ژنان لەوێدا درێژەدەری خەباتی ژنانی کوردبوون، بەرزی ئاستی هۆشیاری ژنان توانیویەتی بەرخۆدانی ژنان لە ئاستی باڵادا نیشان بدرێت، لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان ڕۆڵی کارایان لە بەڕێوەبردن و خەباتی چەکداریدا هەیە، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و خاکیان بەردەوام لە هەوڵدان، ئەو خۆبەڕێوەبەریییە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە کەمی دەبیندرێت، ڕاستە لە باشووری کوردستاندا ژنان بەشداریان لە شاخدا کردووە، بەڵام وەک ئاستیکی پێویست لەسەری خۆیان بەڕێکخستن نەکردووە، ئەو سیمبولە جوانەی ژنان شانازییە بۆ کوردان، هەروەها کاریگەری تورک و فارس و عەرەب لە پارچە کوردنشینەکاندا کاریگەری توندی لەسەر تاکەکان بەجێ هێشتووە، کە بووەتە هۆکاری دروستبوونی جیاوازی جێندەری لە نێوان ژنان و پیاواندا.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتیشی: بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لە کەرتی پەروەردەوە ئاستی ڕۆشنبیری نەوەی داهاتوو بەرزبکرێتەوە، پاشان لە ناو چالاکییە داخراوەکاندا بێنە دەرەوە تا بچنە ناو خێزان و شاروشارۆچکەکانی کوردستان و بتواندرێت ژنان و خێزانەکان بەرامبەر مافەکانیان هۆشیاریان هەبێت، لە ڕێگەی یاساوە توندوتیژییەکان لاواز بکرێت.