پێکهاتەکانی حەسەکە بە یەک دەنگ وتیان: ڕێبەر یەکڕیزی گەلان و دادپەروەری دامەزراند
هەموو پێکهاتەکانی حەسەکە بە دروشمی "هێرشەکانی ٦ی کانوونی دووەم بۆ سەر ڕۆژئاوا، پیلانی دووەمی ١٥ی شوباتە" ڕژانە سەر شەقامەکان و پیلانی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد.
حەسەکە
گەلی حەسەکە بە تەواوی پێکهاتەکەیانەوە بە دروشمی "هێرشەکانی ٦ی کانوونی دووەم بۆ سەر ڕۆژائاوا، پیلانگێڕی دووەمی ١٥ی شوباتە" لە ٢٧ ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چوونە شەقام و داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانیان کرد.
ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهید ئاڤێستا دەستیپێکرد و لە بەردەم یاریگای شەهیدانی بەنداوی تشرین گۆڕا بۆ کۆبوونەوە.
''پیلانگێڕی دژی دادپەروەری و هاوپشتی گەلانە''
دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان هەدیە شەمۆ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی وتی: ئەو پڕۆسەیەی کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە پیلانی ١٥ی شوباتی نوێ کردووەتەوە، هەروەها ئەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە فەلسەفەی ئازادی و دادپەروەری و دیموکراتیک دەکاتە ئامانج و ئێمە شەرمەزاری دەکەین، ئامانج لەو پیلانگێڕییە شکاندنی ئیرادەی خەڵک، کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا، کوردی ئازاد، فەلسەفەی ژنانی ئازاد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوەتە ئامانج، ئەو دەوڵەتانەی ئەم پیلانگێڕییەیان ڕێکخستووە، نە سیستەمێکی دەوڵەتی نەتەوەیی دیموکراتیکیان دەوێت و نە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، بۆیە ئەم پیلانگێڕییەیان دانا.
"فەلسەفەی ئۆجالان فەلسەفەیەکی گشتگیرە"
هەدیە شەمۆ ڕایگەیاند، فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگەی پێداین ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە و دیموکراتیکیانە بژین وتی: ڕێبەر یەکڕیزی گەلان و دادپەروەری دامەزراند، فەلسەفەکەی بووەتە فەلسەفەیەکی گشتگیر، ئەو پێشەنگی گەلە، گەلیش ئەمڕۆ لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا خەبات دەکات بۆ چەسپاندنی ئازادی، ئێمەش بە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردا تێپەڕین، ئەوان دەیانەوێت ململانێ لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و عەرەبی دروست بکەن و پرۆژەی خوشک وبرایەتی نێوان گەلان ڕێگایەکە بۆ تێکشکاندنی ئەم پیلانگێڕییە، فەلسەفەی ڕێبەر ناسنامەی ئێمەیە، ئەم هۆکارە ناشکێنرێت چونکە بووەتە هۆکاری هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم فەلسەفەیەش بە یەکڕیزی و گەلان سەردەکەوێ.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بێ ڕێبەر ژیان نییە" کۆتایی هات.