پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران بەردەوامە

سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی ڕژێمی ئێران سەبارەت بە کردنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی، بەڵام بەهۆی فیلتەرکردنی توند و پچڕانی بەردەوامەوە هاووڵاتییان ناتوانن بە ئازادی دەستیان بە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بگات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی لە سەر ڕەوشی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێراندا بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی سەربەخۆی چاودێریی ئینتەرنێت بە ناوی (نێتبلۆکس)، ئینتەرنێت لە ئێراندا هێشتا نەگەیشتووەتە نیوەی دۆخی ئاسایی خۆی و قەبارەی گواستنەوەی زانیارییەکان تەنیا ٤٠٪ جێگیر بووە، کە ئەمەش نیشانەی کۆنترۆڵکردنی توندی هێڵەکانە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت تەنیا بەکارهێنەرانی ئاسایی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو کارووباری بازرگانیی ئۆنلاین، سیستمی پارەدان و پەیوەندیی کۆمپانیاکانی لەگەڵ خزمەتگوزارییە جیهانییەکاندا بە تەواوی پەکخستووە و زیانی ئابووریی درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە.

 

باس لەوەشکراوە، گەڕانەوەی سنوورداری ئینتەرنێت دوای دابڕانی ٨٨ ڕۆژە، لە جیاتی دڵخۆشی، بووەتە هۆی درووستبوونی توڕەیی و دڵڕاوکێ لە نێو بەکارهێنەراندا، بەکارهێنەران لە یەکەم دەرفەتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناوخۆیییەکان چوونەتە دەرەوە.

 

چالاکوانانی مەدەنی جەخت دەکەنەوە کە دروستکردنی مۆدێلێکی کۆنترۆڵکراو لە ئینتەرنێت و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، پێشێلکاریی ئاشکرای ماددەی ١٩ـی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم دۆخە پڕ لە سانسۆرە بەردەوام دەبێت، یاخود فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕژێم ناچاری پاشەکشە دەکەن.