پارێزەرێکی ئێرانی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
ئیلهام زەراعتپیشە، پارێزەر کە بە هۆی چالاکییە پیشەییەکانیەوە سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو و بڕیاری جێهێشتنی وڵاتی لێ قەدەغەکرابوو، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەدی ئاباد ئازادکرا.
ناوەندی هەواڵ
ئیلهام زەراعتپیشە، پارێزەری ئێرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەدی ئاباد لە شیراز ئازاد کرا. ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەرانی پارێزگای فارس، ئیلهام زێراعتپیشە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە داواکاری گشتی شیراز بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە یاساییەکان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.
سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
ئیلهام زێراعتپیشە دواتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شیرازەوە بە تۆمەتی ‘کۆبوونەوە و هاوکاری بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی’ بە پێنج ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها دادگا قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ سەپاند و پاسپۆرتەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئاماژە بەوەکرا کە ئەو پارێزەرە ئێرانییە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی چالاکییە پیشەیی و مەدەنییەکانییەوە بانگهێشتی لێپرسینەوە کراوەو ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر گیراوەتەبەر.