پارێزەرێک: هەواڵەکانی کوشتن کاریگەری لەسەر دەروونی کۆمەڵگە دەکات
ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە باشوری کوردستاندا ڕوو لە زیادبوونە، ئەمە دەنگدانەوەی گەورەی دروستکردووە، پارێزەرێکیش دەڵێت هەواڵەکان کاریگەری دەکەنە سەر کۆمەڵگە و خەریکە ئەو کارەساتە لە حاڵەتەوە دەبێتەوە دیاردە
هەڵەبجە
پارێزەر شاد ڕزگار لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی ژنها باس لە دۆخی باشوری کوردستان دەکات کە ڕۆژانە چەندین هەواڵ بڵاودەبنەوە لەسەر کوشتن و خۆکوشتن لەناو کۆمەڵگەدا و دەڵێت: بەداخەوە رۆژانە گوێبیستی ھەواڵە جیاوازەکانی خۆکوشتن و کوشتن دەبین، وەک کچە خوێندکارێک خۆی کوشت، پیاوێک ژنەکەی خۆی کوشتن، لە تەقتەق باوکێک کچەکەی خنکاند، ژنێک پیاوەکەی بە چەقۆ دەکوژێت، ئەمانە کۆمەلێک ھەواڵن بمانەوێت یان نا، کاریگەری زۆریان لەسەر دەروونی کۆمەڵگا هەیە، بۆ ھەندێکیش دەبێتە چاولێکەری و بە سادە سەیرکردنی حاڵەتەکە، خەریکە کارەساتەکە لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە.
پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لەو پارێزگایانەی لە دە ساڵی رابردوودا تا ئێستا یەک حاڵەتی ژن کوشتنی بە ئەنقەستی تێدا ئەنجام دراوە، ئەو پارێزەرە هۆکاری نەبوونی ژن کوشتن لە هەڵەبجەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو ھۆکار ئەوانیش ئاستی ڕۆشنبیری تاکە کەلە ئاستێکی باشداییە هەروەها ڕێکخراوەکانی بواری مافی ژنان ڕۆڵی ئەرێنییان گێڕاوە لەم سنوورەکەدا .
پارێزەر شاد ئاماژە بەوەدەکات: لە ھەموو دینە ئاسمانییەکان و یاساکانی سەر ڕووی زەویدا ڕێگە بە لێسەندنەوەی ڕۆحی مرۆڤێک بەدەستی خۆی یان کەسانی دیکە نەدراوە، وە ئێمەی ژنانیش ھیچ بەھانەیەک بۆ کوشتنی ژنان لەژێر ھیچ پاساوێکدا بە ڕەوا نازانین، بەھانەیەک بۆ ژن کوشتن نییە.
شاد ڕزگار ڕووە یاساییەکانی کوشتن و خۆکوشتن دەخاتەڕوو دەڵێط: لە ڕووی یاسایەوە کوشتن و خۆکوشتن جیاوازییان ھەیە لە یاسای سزادانی عراقیدا، خۆکوشتن لە یاسادا تاوان نییە چونکە کەسێکی زیندوو نامێنێتەوە تاکو سزای بدەین، بەڵام ئەو کەسەی ھانی کەسێکی دیکە بدات خۆی بکوژێت، بۆ نمونە زۆر پێی بڵێن بۆ خۆت ناکوژی و نەجاتت بێت، دەبێتە دروستبوونی حاڵەتێکی دەروونی، یاخود ئەو کەسە ھانا بۆ خۆکوشتن ببات و ئاسانکاری بۆ بکرێت لەلایەن کەسێکەوە بۆ نمونە چەکێکی بۆ پەیدا بکات لەو حاڵەتانەدا، ئەو کەسەی ھانی داوە و ئەوەی ئاسانکاری بۆ کردووە سزا دەدرێت بە پێی مادەی ٤٠٨ی یاسایی سزادانی عراقى، وه بارودۆخەکە توندتر دەبێت ئەگەر ھاتوو ھاندان و ئاسانکارییەکە بۆ منداڵ و ناکام بوو.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بە سزای کەسانی تاوانبار کرد و دەڵێت: سەبارەت بە کوشتن ئەگەر کەسێک بکوژرێت لەلایەن کەسانی خۆی واتە پلە یەکە، یاخود کەسانی دووتر، ئەوا مادەی ٤٠٥ و ٤٠٦ ی یاسای سزادانی عراقى بەسەردا جێبەجێ دەبێت، ڕێکاری یاسایی و تایبەتی خۆی ھەیە بۆ دەستنیشانکردنی تاوانباری ڕاستەقینەی کوشتنەکە و ئەوانەی کە بەشداربوون لەو تاوانەدا وەک شەریک یان ئاسانکارییان کردووە.
ت.پ