ئەرەن کەسکین: گۆشەگیری سەر ئۆجالان بڕیارێکی سیاسییە

ئەرەن کەسکین، پارێزەری مافەکانی مرۆڤسەبارەت بەو گۆشەگیریەی لە ئیمڕاڵی سەپێندراوە، ئاماژەی بەوەکرد، گۆشەگیری دەوڵەتی تورکیا بژاردەیەکی سیاسییە و وتی: گۆشەگیری بارودۆخێکە پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە و پرۆسەیەکی پڕ لە ئاژاوە دەهێنێت.

ئەلیف چەتینەر

 

ئیستەنبوڵ- بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی باڵای ئاسایشی جۆری ئیمراڵی زیندانی کراوە، هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ٧٤ ناوەند دەستی پێکرد، بەردەوامە لە گەشەکردن، لە کۆتاییدا، ١٤ ڕێکخراو کە لە مافە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە یاساییەکان پێکهاتبوون لە کۆمیتەی ئەوروپا بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە "CPT" لە ١٢ی کانوونی دووەم داوایان کرد سەردانی بەپەلەی زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئیمرالی بکەن. لە ٢٢ی کانوونی دووەم، هەزارو ٣٢٠  پارێزەر لە ٣٥ کۆمەڵەی پارێزەران لە تورکیا داوایان لە وەزارەتی داد کرد بۆ کۆبوونەوە.

 

لە کاتێکدا گەلی کورد و دۆستەکانیان لە شارەکانی ئەوروپا و کوردستان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەو ڕێپێوانە گەورەیەی کە ئەمڕۆ ١ی شوبات بەڕێوەدەچێت، مانگرتن لە خواردن کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد بەردەوامە.

 

پارێزەر ئەرەن کەسکین، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، هەڵسەنگاندنی بۆ گۆشەگیری ئیمڕاڵی و ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگە کردو وتی: تا ئێستا هیچ کەسێک نازانێت بە تەواوی ناوی ئەم یاسایە لە کوێیە، لە ڕاستیدا گۆشەگیری ڕێگایەکە کە هەر لە سەرەتاوە جێبەجێ دەکرێت، جار جار خراپتر بووە، جار جار سووکتر بووە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، قەدەغەکردنی سەردانکردن هەبووە، کە بەتەواوی دژی یاسای ناوخۆیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.

 

"ئەوەی لە ئیمراڵی جێبەجێ دەکرێت نایاساییە"

ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێت ئەمە لە ڕووی یاساییەوە ڕوون بکرێتەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، ئەوانەی کە سزاکانیان تەواو بووە، دەتوانن لەگەڵ پارێزەرەکانیان و خێزانەکانیان لە زینداندا کۆببنەوە، واتە یاسای نووسراو ئەمە دیاری دەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمە، دەوڵەتی کۆماری تورکیا یاسای ناوخۆیی خۆی لە زیندانی ئیمرالی جێبەجێ ناکات، زیندانییەک کە ماوەی چەند ساڵێکە ڕێگەی پێنەدراوە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکانی کۆببێتەوە، ئەمە بەتەواوی نایاساییە، بێگومان ئەو ڕاستییەی کە ئۆجالان و سێ زیندانیەکەی دیکە کە لەوێ دەمێننەوە ناتوانن خێزانەکانیان ببینن، پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤە.

 

"گۆشەگیری ئیمرالی لە ناو کۆمەڵگەدا ڕەنگدەداتەوە"

پارێزەر ئەرەن کەسکین وتی: ئەو ڕاستییەی کە زیندانی ئیمرالی بە تەواوی لە ژیان دابڕاوە، ڕوونترین ئاماژەیە بۆ سیاسەتی هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد، نەبوونی چارەسەرە بەتایبەتی لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، بە جەخت لەسەر ئەوەی کە داواکارییەکان سەبارەت بە پرسی کورد لەبەرچاو نەگیراوە و سیاسەتمەدارانی کورد دەستگیرکراون و لە ئازادی ڕادەربڕین و پەیوەندیکردن بێبەش کراون، ئەم سیاسەتی گۆشەگیرییەی کە لە ئیمڕاڵی جێبەجێ دەکرێت لە کۆمەڵگەدا ڕەنگدانەوەی هەیە، ئێمەی پارێزەران، لە ڕاستیدا لەژێر گۆشەگیریداین، چونکە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بریکارەکانمان سنوردارەو بەربەست هەیە بۆ ئەنجامدانی کارەکانمان ئەم سیاسەتە لە ڕاستیدا وەک گۆشەگیرییەک بۆ هەموو کۆمەڵگە بەردەوامە.

 

"پێویستە هەموو لایەک هەستیار بن بۆ ئەم پرسە"

ڕاشیگەیاند، وەک کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، چەند جارێک داوایان کردووە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە، بەڵام هیچ کام لەو داواکارییانە قبوڵ نەکراون، وتیشی: لەم دواییانەدا، دەقێکمان وەک İHD و OHD واژۆ کردو  ناردمان بۆ هەردوو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە ناوخۆییەکان لە تورکیا، بەداخەوە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکمان بەدەست نەگەیشتووە، لە لایەکی دیکەوە مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکاندا هەیە کە لەبەر ئەم هۆکارە دەستیان پێکردووە، کاتێک مانگی ڕابردوو چوومە زیندانی ئامەد، زیندانییەکان وتیان کە ئەوان زۆر سوورن و ئەمانە لەوانەیە دەرئەنجامی هەبێت کە کەس نەیدەتوانی پێشبینی بکات، ئەمەش لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە ترسناکە، لەبەر ئەم هۆکارە، پێم وایە پێویستە هەموو ئەو بەشانەی کە داوای چارەسەری پرسی کورد دەکەن هەستیار بن بۆ ئەم پرسە.

 

"تا پرسی کورد چارەسه ر نەکرێت ئابوری چارەسەر نابێت"

ئەرەن کەسکین ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەنگێکی هاوبەش بەرزبکرێتەوە بەرامبەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و وتی: قەیرانێکی گەورەی ئابووری لەم ناوچەیەدا هەیە، گەورەترین هۆکاری ئەم قەیرانە ئابوورییە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە بودجەکە بۆ جەنگ خەرج دەکرێت، هەندێک لە یەکێتییەکان دژی جەنگ قسە دەکەن، بەڵام پێویستە دەنگی هاوبەش بەرزبکرێتەوە، بە واتایەکی دیکە، ئابووری ناتواندرێت چارەسەربێت بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، و سەرەتا دەبێت نوێنەرانی چینی کرێکار ئەمە دەرببڕن، ئەگەر ئەم داواکارییانە زیاد بکرێن، ئەوا ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندان پێویست ناکات مانگرتن لە خواردن ئەنجام بدەن، ئەم پرسە پرسی سەرەکی ئەم جوگرافیایەیە.

 

"زەردەخەنەم لەسەر ڕوخساری گەلی ناوچەکە بینی لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا"

بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات و ئازارێکی زۆری بینیووە، ئەرەن کەسکین ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا تەنها کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ هەبوو و وتی: تەنها یەک ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هەبوو کە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی لە کوردستان دیاری کردبوو و ڕاپۆرتی کردبوو، لە هەر پێشێلکارییەکدا، چووین و ڕاپۆرتێکمان ئامادە کرد، لەگەڵ گەل کۆبووینەوە و داواکاریمان وەرگرت، ئازارێکی زۆر گەورە هەیە، واتە ئەو کەسانەی کە لە زینداندا ونبوون، ئەو کەسانەی کە ئەشکەنجە دراون و کوژراون، ئەو گوندانەی کە سووتاون، ئەوەندە ئازارمان بینیووە، ڕوخساری گەلی ناوچەکەم بە زەردەخەنەوە تەنها لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا بینیووە هەمووان دڵخۆش بوون، بەڕاستی هیوا بۆ خەڵک هەبوو.

 

"گەلی کورد و تەڤگەری سیاسی ئاشتییان دەوێت"

پارێزەر ئەرەن کەسکین لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەو کاتەدا، مێشکی دەوڵەت پرۆسەیەکی وەک پرۆسەی ئاشتیی جێبەجێ کرد، بۆیە دەکرێت ڕووبدات، بە واتایەکی دیکە، هیچ کەسێک نەچووە سەر شەقامەکان و هاوار بکات ئاشتیمان ناوێت، ئەندامانی ئاکەپە خۆیان ڕایدەگەیەنن کە لە ٨٠%ی ئەو پرۆسەیەیان پەسەند کردووە.، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەم پرۆسەیە دەتوانێت دووبارە دەستپێبکاتەوە ئەگەر حکومەت بیەوێت، ئەمە ئەو شتەیە کە گەلی کوردو تەڤگەری سیاسی کورد دەیانەوێت، بەڵام بەداخەوە کاتێک سەیری ئەو کردارانە دەکەین کە ئەنجام دەدرێن ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی گەشە دەکات، بەڵام پێموایە دەتوانێت دووبارە پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێ بکات.