پارێزەر: بیانووی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئێران بۆتە جێگرەوەی جێبەجێکردنی یاسا

فشارە ئەمنییەکان لە دوای شەڕی ئەم دواییەی دژی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و خێزانەکانیان پەرەی سەندووە و ئاسایشی نەتەوەیی بووەتە بیانوو بۆ داگیرکردنی مافەکانی هاوڵاتیان.

شیلان شەقزی

 

ناوەندی هەواڵ- لەگەڵ شەڕی ئەم دواییەی ئێران، فشارەکانی سەر زیندانیانی سیاسی، خێزانی دەستبەسەرکراوان و چالاکوانانی مەدەنی ڕەهەندی نوێی وەرگرتووە، لەماوەی چەند هەفتە و چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەسەر هەڵمەتە بەربڵاوەکانی دەستگیرکردن، ڕەتکردنەوەی مافە یاساییەکانی زیندانییەکان، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران، دەرهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەرکردنی سزای توند، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاەوڵاتیان، سەپاندنی بڕە پارەیەکی زۆر بە کەفالەت و فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر خێزانەکان بڵاوکراونەتەوە، زۆرێک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ئەم پراکتیزانە ڕەنگدانەوەی باڵادەستی ڕێبازێکی گرنگی بە ئاسایشەوەیە بەسەر بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا.

 

لەم هەلومەرجەدا، ئایا دەسەڵاتی دادوەری بووەتە بەشێک لە میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە لە هەموو کاتێک زیاترە؟ بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەنام ئەحمەدی پارێزەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدا سەبارەت بە دۆخی زیندانیانی سیاسی، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و مافی تۆمەتباران لە سەردەمی جەنگدا، دانپێدانانی زۆرەملێ، کاردانەوەی کۆمەڵایەتی فراوانبوونی دیدگای ئەمنی ئاڕاستەکراو لەناو سیستەمی دادوەریدا، ئامانجی چاوپێکەوتنەکە ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم پرسانە بوو بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی لەگەڵ بریکارەکانی.

 

لە چوارچێوەی شەڕی ئەم دواییە و سەرکوتکردنی ئەمنیی هاوڕێی و دەستگیرکردنی بەربڵاوی ناڕازییان و چالاکوانان، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی، بەستنی هەژماری بانکی و فشاری ئابووری لەسەر خێزانی دەستبەسەرکراوان سەریان هەڵدا، ئایا ئەم پراکتیزانە دەتوانرێت بە جێبەجێکردنی یاسا یان پێشێلکردنی یاسا هەژمار بکرێت؟

 

بە دڵنیاییەوە نەخێر، ئەوەی لە کاتی شەڕی ئەم دواییەدا و دوای ئەوە ڕوویدا، تەنها جێبەجێکردنی یاسا تێپەڕی، نزیکتر بووەوە لە بەکارهێنانی ئامێری دادوەری و ئەمنی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە.

 

لە کاتی شەڕدا، دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی گشتی هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی تەواو بەسەر کایەی گشتیدا بکەن، بەڵام لە ئێراندا ئەمە تەنها لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان سنووردار نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ بارودۆخی ئابووری و ژیانی خێزانی ناڕازییان و زیندانیانی سیاسی، بە کردەوە شاهیدی ئەوە بووین کە هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی کەشوهەوای ئەمنی، فشاری ئابووری لەسەر خێزانی دەستگیرکراوەکانیش چڕتر بووەوە.

 

بە واتایەکی تر دەسەڵات بە سادەیی ناڕازییان نەگرت، بەڵکو هەوڵیان دەدا هەموو ژینگەی ژیانیان ناسەقامگیر بکەن، بەم شێوەیە تێچووی ناڕەزایەتی بۆ کۆمەڵگە دوو هێندە زیاد دەکات، ئەمە ئەو خاڵەیە کە سیستەمی دادوەری لە ڕێگای دادپەروەری لادەدات و دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی.

 

لە ڕووی یاساییەوە ئەم ڕێوشوێنانە بە ڕوونی گریمانەی بێتاوانی پێشێل دەکەن، چونکە زۆرجار سزای ئابووری تەنانەت پێش هەر بڕیارێکی کۆتایی دادگاش دەست پێدەکات.

 

لەم جۆرە هەلومەرجەدا، دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن ئەو پەیامە بگەیەنن کە دژایەتی سیاسی یان تەنانەت بە سادەیی بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی دەستگیرکردن، نەک تەنها تاکەکان بەرەوڕووی مەترسی زیندانیکردن دەبنەوە، بەڵکو دەتوانێت ئاسایشی ئابووریی تەواوی خێزانەکانیان تێکبدات، جۆرێکە لە دەسەڵاتداری کە لەسەر بنەمای دروستکردنی ترسی بەردەوام لەناو کۆمەڵگەدا دامەزراوە.

 

هەندێک لە بەرپرسان لە کاتی شەڕی ئەم دواییەدا دەڵێن ڕەنگە بارودۆخی سەردەمی جەنگ ببێتە هۆی سنووردارکردنی هەندێک لە مافەکانی تۆمەتباران و دیلەکان، ئایا ئەم بانگەشەیە هیچ بنەمایەکی یاسایی هەیە؟

نەخێر، بە هیچ شێوەیەک، لە ڕاستیدا، یەکێک لەو ڕەوتە مەترسیدارانەی کە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا بینیمان، هەوڵدان بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پێشێلکارییەکانی یاسا بە بیانووی "بارودۆخی سەردەمی جەنگ"، هەر فەلسەفەی پشت بوونی یاسا، وردە وردە بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە بارودۆخانە، واتە یاسا ڕێگری بکات لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە کاتی قەیرانەکاندا نەک ببێتە زیانبەرکەوتووی خودی قەیرانەکە.

 

لە یاسای ئێراندا، چ لە یاسای ڕێوشێنی تاوان، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی زیندانەکان یان یاسای ڕێزگرتن لە ئازادییە ڕەواکان و پاراستنی مافی هاوڵاتیان، هیچ بڕگەیەک نییە کە ڕێگە بە ڕاگرتنی مافی ڕاوێژکاری یاسایی، مافی ئاگادارکردنەوەی خێزان، مافی چارەسەری پزیشکی، یان بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە کاتی شەڕدا هەبێت.

 

بەڵام بە کردەوە کەشوهەوای شەڕ بوو بە ئامرازێک بۆ وەرچەرخانی وردە وردەی ئەو مافانە، بۆ نموونە بەشێک لە خێزانی زیندانیانی سیاسی کورد لە کاتی شەڕدا ڕاپۆرتیان دا، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە شوێنی کوڕەکانیان بێ ئاگا بوون و تەنانەت پارێزەرانیش نەیانتوانی بە تەواوی دەستیان بە ڕپۆرتەکانی کەیسەکان بگات یان بە شێوەیەکی ئاسایی داواکاری یاسایی تۆمار بکەن.

 

لێرەدا مەترسیدارترین خاڵ هەیە، بەبێ گۆڕینی فەرمی یاساکە، بەکارهێنانی بە شێوەیەک دەگۆڕدرێت کە پێدەچێت تۆمەتبار بە هیچ شێوەیەک هیچ مافێکی نەبێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێوشوێنە یاساییەکان بێواتا دەکات، ئەم جۆرە لە ڕاگرتنی نافەرمی یاسا نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی دەوڵەتی یاسا لە کاتی قەیرانەکاندا.

 

کێشەکە تەنها لە پێشێلکردنی مافی ژمارەیەک لە زیندانییەکان سنووردار نییە، ئەو پەیامەی کە دەگەیەنرێتە کۆمەڵگە بە گشتی ئەوەیە کە دەتوانرێت مافە مەدەنییەکان لە کاتی قەیرانەکاندا بە ئاسانی پشتگوێ بخرێن، کاتێک هاوڵاتیان لە یەکەم نیشانەی ئاسایشدا یاساکە دەوروژێنریت، متمانەی گشتی بە دادپەروەری و ئاسایشی یاسایی زیانێکی زۆری پێدەگات.

 

مەبەست لەوە چییە کە بڵێین پرۆسەی یاسایی لە کەیسەکانی پاڵنەری سیاسیدا، بە تایبەت لە چوارچێوەی شەڕی ئەم دواییەدا، بە کردەوە کاریگەری خۆی لەدەستداوە و چیتر مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی بەدی ناهێنێت؟

لە هەر سیستەمێکی یاساییدا، دادگا دەبێ شوێنێک بێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، بەڵام لە زۆرێک لە دۆسیە سیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئەم دواییە، دادگا گۆڕاوە بۆ قەوارەیەک کە بڕیارە ئەمنییەکان پەسەند دەکات نەک دامەزراوەیەکی دادوەری سەربەخۆ.

 

واتە سەرەتا دەزگای ئەمنی بڕیارەکە دەدات، پاشان دەسەڵاتی دادوەری ئەرکی پێدانی ئەو بڕیارە بە شێوەی یاسایی فەرمی دەدات، لە زۆر حاڵەتدا دەستگیرکردنەکە یەکەمجار بوو، دواتر هەوڵی هەڵبەستنی گێڕانەوەی یاسایی بۆ پاساودانی دەستگیرکردنەکە درا، ئەمەش بەو واتایەیە کە ڕەوتی سروشتی دادپەروەری بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە.

 

لە یاسادا، پێویستە سەرەتا تاوانەکە بسەلمێنرێت پێش ئەوەی سنووردارکردن یان سزا بسەپێنرێت، بەڵام لێرەدا سزاکە لە پێش هەموو شتێکەوە دێت و دواتر ڕاپۆڕتەکەی کەیسەکە دروست دەکرێت، بۆ نموونە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەدا، لە هەندێک حاڵەتدا، میدیا فەرمییەکان پێش دادگاییکردنیان بە زاراوەی وەک "دزەکار"، "پەیوەندیدار بە دوژمن"، یان "ئەوانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن" پێناسەی دەستگیرکراوەکانیان دەکرد، ئەمە لەگەڵ هەندێک گەنجی دەستبەسەرکراوی کوردیشدا ڕوویدا، خێزانەکانیان ئاگاداری چارەنووسیان نەبوون، لە کاتێکدا میدیای دەوڵەتی پێشتر وەک تاوانبار خستیاننە بەردەم هاوڵاتیان.

 

ڕاگرتنی درێژخایەن، زیندانیکردنی تاکەکەسی، پچڕانی پەیوەندی خێزانی، فشاری دەروونی و کەشوهەوای نادڵنیایی و کەمی زانیاری هەموو ئەو ئامرازانەن کە بۆ ماندووکردنی تۆمەتبار پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە بە فەرمی بەکاردەهێنرێن.

 

لەم جۆرە هەلومەرجەدا، تۆمەتبار توانای بەرگریکردنی ڕاستەقینە لەخۆی لەدەست دەدات و دادگا لەبری ئەوەی دەزگایەکی دادوەری بێلایەن بێت، دەبێتە بەشێک لە خودی ئامێری ئەمنی، ئەم دۆخە نەک تەنها نوێنەرایەتی قەیرانێکی دادوەری دەکات، بەڵکو نوێنەرایەتی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیش دەکات، کاتێک هاوڵاتیان هەست دەکەن کە دەرئەنجامی دۆسیەکان پێشوەختە دیاری کراوە و دادگاکان سەربەخۆیی ڕاستەقینەیان نییە، یاسا پێگەی خۆی وەک پەناگەیەک بۆ هاوڵاتیان لەدەست دەدات.

 

دانپێدانانی زۆرەملێ، کە لە ژێر ئامێری ئەمنی شەڕدا بڵاودەکرایەوە، چ ڕۆڵێکی هەبوو؟

لە کاتی جەنگ و دوای جەنگدا، دانپێدانانی زۆرەملێ زیاتر لە جاران بوو بە ئامرازێک بۆ بونیادنانی گێڕانەوەی ئەمنی، لە هەر سیستەمێکی یاسایی دروستدا، دەبێت دانپێدانان بە ئازادی بدرێت و لە ژێر مەرجێکی دادپەروەرانەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتێک کەسێک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ژووری تاکەکەسیدا دەگیرێت و لە جیهانی دەرەوە داببڕدرێت و فشارێکی دەروونی توندی لەسەر بێت، دانپێدانانێک بەهای یاسایی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات.

 

سەرەڕای ئەوەش لە هەندێک کەیسی سیاسی پەیوەست بە کەشوهەوای سەردەمی جەنگدا، پێش کۆتایی هاتنی ڕێوشوێنی دادگاییکردنەکە، شایەتحاڵی بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی یان گێڕانەوەی ئەمنی بووین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئامانج تەنها دامەزراندنی تاوانباری نەبووە، بەڵکو بونیادنانی گێڕانەوەیەکی سیاسی بووە کە ئامانجی ڕای گشتی بێت.

 

بۆ نموونە، خێزانی هەندێک لە دەستگیرکراوەکان ڕایانگەیاندووە، کە دوای چەند هەفتەیەک لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی تاکەکەسی، کوڕەکانیان لە دۆخێکی نائارامی دەروونی تونددا بوون کە وای لێکردوون ئەو لێدوانانە قبوڵ بکەن کە دواتر لە میدیای فەرمیدا بڵاوکراونەتەوە، لە هەندێک حاڵەتدا خێزانەکان ڕایانگەیاندووە کە هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەندامانی دیکەی خێزانەکە بەشێک بووە لەو فشارانەی کە بۆ دەرهێنانی دانپێدانان بەکارهێنراون.

 

لە کەشێکی وادا، دانپێدانانی زۆرەملێ نەک هەر دژی زیندانی بەکاردێت بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترسی بەکۆمەڵ، دەسەڵات دەیەوێت پەیامێک بنێرێت کە هەر دژایەتییەک لە کۆتاییدا دەشکێت، هەر جۆرە بەرخۆدانێک بێهودە و مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەم دانپێدانانە هەندێکجار وەک بنەمایەک بۆ سزادانی ئەوپەڕی توند و تەنانەت سزای لەسێدارەدان بەکاردەهێنرێن، بە واتایەکی تر دەکرێ ژیانی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە وەربگیرێت کە ڕەنگە لە ژێر بارودۆخێکی نامرۆڤانە و فشارێکی بێئەندازەدا دەرهێنرابن.

 

کاتێک دانپێدانانێک جێگەی ڕاستی دەگرێتەوە، دادگا دەبێتە پانتاییەک بۆ چەسپاندنی گێڕانەوەی ڕژێم لەبری گەیشتن بە دادپەروەری.

 

ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە باس لە چڕبوونەوەی فشار لەسەر زیندانییە سیاسییەکانی ژنان دەکەن، لە بڕینی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە چاودێری تەندروستی تا تاکتیکی فشاری نافەرمی دژی خێزانەکانیان، ئایا ئەم ڕاستیە ڕەنگدانەوەی نەخشێکی ستراکتوراڵی قووڵی چەسپاو لە ناو کۆماری ئیسلامی ئێراندایە؟

ئەگەر بمانەوێت لە پێناسە فەرمییەکان تێپەڕین، دەبێت بڵێین شەڕی ئەم دواییە "سروشتی" ئەم دۆخەی نەگۆڕی، بەڵکو تەنها "پلەی توندییەکەی" گۆڕی، ئەوەی لەم ماوەیەدا لە زیندانەکانی ژناندا ڕوویدا، درێژکراوەی ڕاستەوخۆی لۆژیکێکی کۆنترە، ئەویش "ئاسایشکردنی" ژیانی سیاسییە.

 

زیندان تەنها وەک شوێنێک بۆ جێبەجێکردنی سزا سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەم پێکهاتەدا، زیندانییەکی سیاسی، هەر لە ساتەوەختی دەستگیرکردنیەوە، ناچێتە ناو دۆخێکی یاسایی ئاساییەوە، بەڵکو دەخرێتە حاڵەتێکی "هەڵپەساردنی مافەکانەوە"، واتە بە تەواوی لە مافەکانی بەهرەمەند نییە و لە هەمان کاتدا یاسا پارێزگارییەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ ناکات، ئەم ناوچە تەمومژاویە بە کردەوە دەرگا بەڕووی هەموو جۆرە لێکدانەوەیەکی پەیوەست بە ئاسایشدا دەکاتەوە.

 

لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا ئەم دۆخە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند، لە زۆر حاڵەتدا، باس لەوە دەکرا کە ژنانی زیندانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان سنووردار بووە، خێزانەکانیان دواکەوتووە لە ئاگادارکردنەوەیان لە پێشهاتەکانی کەیسەکان، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران سنووردار بووە و چارەسەری پزیشکی و چاودێری ڕێگری لێکراوە.

 

بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەم پراکتیزانە ڕووداوی گۆشەگیر و هەڕەمەکی نین، بەڵکو لە چوارچێوەی نەخشێکی ڕووندا دووبارە دەبنەوە، کاتێک ئەم ڕاستیانە پێکەوە لەبەرچاو دەگیرێن، وێنەیەکی ڕوون دێتە پێشەوە: لەم سیستەمەدا زیندانیکردنی ژنان تەنها شوێنی دەستبەسەرکردن نییە، بەڵکو "کەشەکە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسی جەستە و پەیوەندییەکان"، بە واتایەکی تر کۆنتڕۆڵ لە ئازادی تایبەتی زیندانیکدا سنوردار نییە، بەڵکو تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی درێژدەبێتەوە، لە خێزانەوە تا پارێزەر تا دەگاتە میدیا.

 

کێشەی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە "ماف" لە وەها سیستەمێکدا چەمکێکی جێگیر نییە، بەڵکو چەمکێکی مەرجدارە، واتە مافەکان تەنها بە مەرجێک لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە کە لەگەڵ لۆژیکی ئەمنیدا ناکۆک نەبن.

 

بۆیە پێناچێت شەڕ تەنها قەیرانێکی دەرەکی بێت، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ چالاککردنی ئەم لۆژیکە بە تەواوی ئاستی خۆیەوە. بەم پێیە ناتوانرێت بارودۆخی زیندانیانی ژن لە سەردەمی شەڕی دواییدا بە دابڕان لە پێکهاتەی گشتیی کۆماری ئیسلامی شی بکرێتەوە، شەڕەکە تەنها خزمەتێکی بە پەردەلادان و ئاشکراکردنی کرد کە چۆن میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن بە خێرایی زیاتر و بەبێ سنووردارکردنی یاسایی ئاسایی لە کاتی قەیرانەکاندا چالاک دەکرێن.

 

لەم چوارچێوەیەدا، زیندانیانی ژنان وەک هاوڵاتییەکی خاوەن ماف مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو وەک "بابەتێک کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنییەوە"، ئەم گۆڕانکارییە لە ڕوانگەدا هەموو دەرئەنجام و کاردانەوەکانی دواتر ڕوون دەکاتەوە.

 

بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵاتداران بە ئاماژەدان بە "پێداویستییەکانی ئاسایشی نیشتمانی" پاساو بۆ ئەو سنووردارکردنانە دەزانن کە لە کاتی شەڕ یان گرژییە ئەمنییەکاندا سەپێنراون، ئایا ئەم چەمکە هێشتا وەک تایبەتی یاسایی سنووردار بەکاردەهێنرێت، یان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووەتە ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ هەڵپەساردنی نۆرمەکانی یاسایی؟

لە ڕووی تیۆریەوە چەمکی "ئاسایشی نەتەوەیی" لە یاسای سەردەمی دا بڕیارە تایبەت بێت، واتە تەنها لە بارودۆخی سنووردار و کاتی و کۆنترۆڵکراودا بەکاربهێنرێت، کە ڕێگە بە سنووردارکردنی ناوازەی هەندێک ماف دەدات، بەڵام لە چوارچێوەی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەم چەمکە وردەوردە له تایبەتەوە وه بۆ "بنەمایەکی جێگرەوە بۆ یاسا" گۆڕاوە.

 

ئەمەش لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا زۆر ڕوون بووەوە، ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژنانی زیندانیندا سەپێندرابوون، لە بڕینی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیانەوە تا سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران و دواخستنی چاودێری پزیشکی، زیاتر لە ژێر پەردەی "پێداویستییە ئەمنییەکان"دا ڕەوا بوون.

 

بەڵام ئەم "پێویستییە" پێناسەیەکی ورد و پێوەرێکی پێوانەکراو و تەنانەت میکانیزمێکی چاودێریکردنی ڕوونی نییە، ئەم ناڕوونییە وای لێدەکات کە ئامرازێکی زۆر سست بێت بۆ بڕیاردان.

 

کاتێک ئەم ڕاستیانە پێکەوە لەبەرچاو دەگیرێن، نەخشێکی ڕوون سەرهەڵدەدات: لەناو ئەم پێکهاتەدا، "ئاسایش" وەک سنوورێک بۆ دەسەڵات کارناکات، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە، بە واتایەکی تر لەبری ئەوەی یاسا سنووری ئاسایش دیاری بکات، ئاسایش هاتووە سنووری یاسا دیاری بکات، ئەم دژایەتیە لە دڵی قەیرانی یاساییدایە.

 

لەم جۆرە هەلومەرجەدا، زیندانییەکی سیاسی نەک تەنها ڕووبەڕووی سنووردارکردنی تاکەکەسی دەبێتەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی تۆڕێکی کۆنترۆڵکردنی فرە چیندا دادەنرێت، ئەمەش بریتییە لە: کۆنترۆڵکردنی پەیوەندیکردن، لە ڕێگەی پچڕان یان سنووردارکردنی پەیوەندی، کۆنترۆڵکردنی زانیاری، لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران و خێزان، کۆنترۆڵکردنی جەستە، لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی چارەسەرکردن یان دواخستنی چاودێری پزیشکی، کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکە، لە ڕێگەی نەبوونی ڕوونی سەبارەت بە کەیسەکە.

 

دوائەنجامی ئەم دۆخە داڕمانی کردەیی چەمکی "ماف"ە، کاتێک مافەکان وابەستە دەبن بە هەڵسەنگاندنی ئەمنی، ئەوا پێگەی خۆیان وەک مافی سروشتی لەدەست دەدەن و دەگۆڕدرێن بۆ ]پیویستی کە دەتوانرێت لە هەر ساتێکدا ڕابگیرێت.

 

لە کۆتاییدا، کێشەی بنەڕەتی ئەوە نییە کە ئایا لە کاتی شەڕدا سنووردارکردنەکان بوونیان هەیە یان نا، بەڵکو لەوەدایە کە دۆخی شەڕ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بارودۆخێکی کاتی و ناوازە نەماوە، بۆتە "شێوەی دەسەڵاتداری" کە تێیدا دەتوانرێت یاسا بە بەردەوامی و سیستماتیک هەڵپەسێردرێت، ڕێک لێرەدایە کە یاسا لە ناوەوە ماددەی خۆی لەدەست دەدات، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەش لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە.