پانێڵێک بە ناونیشانی ''ڕۆژئاوا لە ئازاری مەیدانییەوە بۆ بەرپرسیارێتی نیشتمانی'' ئەنجامدرا

بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پانێڵێک بە ناونیشانی ''ڕۆژئاوا لە ئازاری مەیدانییەوە بۆ بەرپرسیارێتی نیشتمانی'' بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایان ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، لە شاری سلێمانی، پانێڵێک بەناونیشانی ''ڕۆژئاوا لە ئازاری مەیدانییەوە بۆ بەرپرسیارێتی نیشتمانی''،  بۆ هەریەکە لە  ''بەیار عومەر، پانێڵست و نووسەر''، ''شێخ وەهاب عومەر بەرزنجی، پانێڵست و مامۆستای ئاینی'' ، '' سۆران نەقشبەندی، پانێڵست و ماستەر لە دیبلۆماسیەتی کولتووری'' ، ''د.هەژان خالید، بەڕێوەبەری پانێڵ و مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان''، سازکرا، کە تێیدا مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی کوردستان بەشداربوون.

 

''خۆپشاندان و  ناڕەزاییەکان لە باشووری کوردستان دەنگدانەوەی تایبەتی بەدوای خۆیدا هێنا''

 بەیارعومەر، پانێڵست و نووسەر، وتی: لەگەڵ بیستنی شەڕ و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، خۆم ئامادەکرد و بەڕێکەوتم، هەروەها لەسەر سنوور چەندین گەنج بە چەکەوە دەڕۆشتن، بەڵام بەداخەوە لەسەر سنووری سێمێلکادا ڕێگری دەکرا، دواجار بەربەستەکانمان تێکشان و توانیمان  بگەینە کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها کوردەکان لەوێ خاکی خۆیان دەپاراست، دوور لەو پڕوپاگەندانەی کە کەناڵە عەرەبییەکان دروستیان کردبوو، کوردان بە هەموو چین وتوێژەکانەوە چەکیان هەڵگرتبوو و ڕژابوونە سەر شەقامەکان و پارێزگارییان دەکرد، هەروەها  خۆپشاندان و  ناڕەزاییەکانیش لە باشووری کوردستان دەنگدانەوەی تایبەتی بەدوای خۆیدا هێنا، دەوڵەتانی داگیرکەری ناچار بە دانوستان کرد، هەروەها دانووستانەکە ئەگەر بەوشێوەیەبێت هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بچنە چوارچێوەی هێزەکانی سووریا و بەدەستهێنانی سامانی نەوتی بۆ کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستەبەر بکرێت ئەوا دەست کەوت دەبێت، بەڵام گەل لە شکاندنی ئەم ئاگربەستە دەترسێ، چونکە ئەو هێزەی لە سووریا ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە، بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ داعش، کە بینیمان چ کارەساتێکیان بەسەر کوردا لە ئێستاو ڕابردوودا هێناوا، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە یاساکان کە لە ئاگربەستەکەدا ئاماژەی پێکراوە لە دەستووری نوێدا بەزوترین کات بنووسرێتەوە تا گەلی کورد لەسەر خاک وزێدی خۆی هێرش و کوشتاری بۆسەر ئەنجام نەدرێت. 

 

''ژنان و پیاوان پێویستە چەک لەشان بکەن بۆ پارێزگارییکردن لە خاکی خۆمان''

وەهاب عومەر بەرزنجی، پانێڵست و مامۆستای ئاینی، وتی: مرۆڤەکان وەک دانی شانەکان یەکسانن، بۆیە هاوکاریکردن لە نێوان مرۆڤەکان ئەرکی سەر شانی مرۆڤەکانە، لە جەنگی ئیسلامدا کاتێک دیلەکان دەست مسوڵمانان دەکەوتن، باشترین خواردن و پێداویستیان بۆدابین دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو دوژمنانەی هێرش دەکەن وەک گورگی هار هێرشدەکەنە سەر دیلە کوردەکان، تەنانەت هاوکاری کەسێکی موسوڵمان و نا مسوڵمان ئەرکە و ئەرکی سەر شانی هەموو مسوڵمانانە، بۆیە ڕۆژئاوای کوردستان نزیکی ئێمەیە و پێویستە هاوکارییەکانمان بگەیەنین، هەروەها ئێمە لە لایەن خوای گەورەوە وەک نەتەوەی کورد دروسکراوین و لە دایک و باوکێکی کوردەووە لە دایک بووین، هەروەها  ئاینەکەشمان بەدەستی خۆمان هەڵبژاردووە، ئێمە خوای گەورە وەک کورد دروستیکردووین، بەڵام ئاینەکەمان ناچاری نییە و خۆمان هەڵمان بژاردووە کە ئیسلامبین، بۆیە سەرەتا کوردین و پاشان ئیسلامین، بۆیە پشتگیری لە خاکی خۆمان لە لایەن ژنان و پیاوان تەواوی چین و توێژەکان، ئەرکی هەر تاکێکمانە، ژنان و پیاوان پێویستە چەک لەشان بکەن بۆ پارێزگارییکردن لە خاکی خۆمان، هەروەها ئێمە وەک مامۆستایانی ئاینی لە ڕێگەی گروپێک لە مامۆستایان و یەکێتی زانایان، لەسەر فڕێدانی ژنە شەڕڤانێک لە پاش شەهیدکردنی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر، پاشان ڕێکاری یاسای لە دژی ئەو مامۆستا ئاینیانەی بە ناوی دینەوە هێرش دەکەنە سەر ژنانی شەڕڤانان دەگرینەبەر. 

 

''تواندرا هەموو کورد بە پشتیوانییەکانیان دەنگیان لە باشووری کوردستانەوە بگەیەننە ڕۆژئاوای کوردستان''

سۆران نەقشبەندی، پانێڵست و  ڕێکخەری خۆپشاندانەکانی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردان، ئاماژەی بەوەکرد، کۆدەنگییە بچووکەکان لە ڕێگەی   پێکەوەیەی کوردەوە گەورەکرا، کە تواندرا هەموو کورد بە پشتیوانییەکانیان دەنگیان لە باشووری کوردستانەوە بگەیەننە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە مافی کوردی کرد، داعش بە کوردی نەکردووە، چونکە پشتی لە مافی مرۆڤبوون کرد، بەڵام کورد بە تەواوی چین و توێژەکانەو هاتنە سەر شەقام ، ئەم چالاکییە کولتووری بوو، چونکە کورد و هونەرمەندان ئەم چالاکیانەیان ڕێکدەخست، لە ڕێگەی میوزیکەوە چالاکییەکان بەڕێوەدەچوو، ئێمە کوردین و نەتەوە و کولتوورمان بە هەڵپەڕکێ و هەل هەلە و دەهۆڵەوە خۆپشاندان و کارو چالاکییەکانمان دەکەین، تەنانەت شەهیدەکانیشمان دەهێنیینەوە و دەیان نێژین، بۆیە کورد ئیتر ناتوانێت زوڵم و ستەم بۆسەر خاک و مافی قبوڵ بکات، هەروەها کاتێک یەکەم شەوی خۆپشاندان لەدوای هێرشەکان کاتژمێر دووی شەو گەل ڕژایە سەر شەقام و پشتیوانی دەربڕی، لە ناویاندا گەنجان لەسەر هێڵێی ڕاست ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگری لە خاک دەربڕی، هەروەها گەنجان ئەو فکرەی بەرامبەریان دروستببوو شکاندیان، گەنجان بەردەوام لە ڕێگەی گروپەوە پەیوەندییان پێوە دەکردین، پێیان دەگوتین ئێمە پشتیوانی دەکەین و هاوکارتانین، بۆیە بەردەوام لەسەر شەقامەکان گەنجان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، هەروەها کولتووری کوردیان لە ڕێگەی کوتانی خاڵ و جلوبەرگە کوردەوارییەکانیانەوە زیندوو کردەوە. 

 

''ئامانجمانە ئەو یەکبوونەی کورد لە تەواوی شار و شارۆچکەکان و پارچەکانی کوردستان بکەینە کولتوورێک''

هەژان خالید، مامۆستا لە بەشی دیجیتاڵی میدیا و مارکێتین لەپەیمانگای تەکنیکی کوردستان، وتی: بۆ باسکردنی بارودۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو پانێڵەمان ئامادەکردووە، کە تێیدا باس لە بارودۆخەکان و هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین لەگەڵ ڕۆڵی میدیا عەرەبییەکان لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە ڕێگەی پانێڵستەکانمانەوە باسی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین کە خۆیان شایەدحاڵی بینینی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، هەروەها مامۆستاییەکی ئایینی باس لە یەکبوونی کورد و داکۆکی لە خاکی خۆمان لەڕووی ئایینی ئیسلامەوە دەکات، هەروەها بەشداربوویەکی پانێڵەکەمان یەکێکە لەوانەی کە بەردەوام لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بووە، کە لەم پانێڵەدا باس لە خۆپشاندانەکانی شاری سلێمانی بۆ پشتگریی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:  ئامانجمانە ئەو یەکبوونەی کورد لە تەواوی شار و شارۆچکەکان و پارچەکانی کوردستان بکەینە کولتوورێک، تا ناوەندی ئەکادیمی لەڕێگەی شرۆڤەکارانەوە دەست بە ئەرشیف و نوسینەوەی مێژووی کورد بکات، هەروەها تا بتوانین یەکبوون بکەینە کولتوورێک بۆ نەتەوەی کورد. 

 

''میوانەکانمان شرۆڤەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، تا بتوانین هەموو پشتیوانییەکان بە کوردان بگەیەنین''

پۆشیا عومەر، مامۆستای بەشی پەرستاری، وتی: ئەنجامدانی ئەم پانێڵانە بۆ خوێندکاران و مامۆستایان کارێکی گرنگە، تا بتوانین لە ڕێگەی ئەم پانێڵانەوە خوێندکاران هۆشیاربکەینەوە و بزانن لە ڕۆژئاوای کوردستان چ  بارودۆخێک دەگوزەرێت، کە بۆ ئەم مەبەستەش میوانداری چەندین کەسی بەتوانا و بە ئەزموون کراوە. 

 

لە کۆتایدا وتیشی: میوانەکانمان شرۆڤەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، تا بتوانین هەموو پشتیوانییەکان بە کوردان بگەیەنین.