ڕێپاک سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی شەرمەزار کرد

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد "ڕێپاک" سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی شەرمەزار کرد و بانگەوازی لە دەوڵەتی ئێران کرد، کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هێرشەکانی سەر ژنان بهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد "ڕێپاک" بە ڕاگەیەندراوێکی نووسراو، سزای لەسێدارەدانی ژنە چالاکوان شەریفە محەمەدی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند فشار و ستەمکارییەکانی سەر ژنان و ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ئێران زیادی کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەسەڵاتی ئێران بە هیچ جۆرێک گوێ لە دەنگ و داخوازییەکانی گەل ناگرێت و بەرژەوەندییەکانی گەل ناپارێزێت، تادێت زیاتر ڕوو لە توندوتیژی و فشار دەکات، دووپاتی دەکاتەوە نموونەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لە مێژوودا هەرگیز نەیانتوانیوە درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی، کە دژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و توندوتیژی و چەوساندنەوە و نادادی تێکۆشاوە، هەرگیز بەرهەمی سیستەمێکی یاسایی نییە کە لەسەر بناغەی مافەکانی مرۆڤ دامەزرابێت، بەڵکوو سیستەمێکە کە پیاوسالاری پەرە پێ دەدات و مافی ژیانی ژنان دەکاتە ئامانج.

 

ئاماژە بەوە کراوە، سەدان ژنی تر کە بۆ ئازادیی تێکۆشاون لەلایەن ئەم دەسەڵاتە دژە ژنەوە کراونەتە ئامانج، گەل هەرگیز بەرانبەر ئەم نادادییانەی سیستەم بێدەنگ نەبووە و نابێت، چونکە هەر بێدەنگییەک نادادی و ستەمی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە بەلای دەسەڵای ئێرانەوە داواکردنی ماف بە تاوان دەبینرێت، لەبری خستنەڕووی چارەسەر، هەموو هەوڵێک وەک هەڕەشە بۆ سەر سیستەمە پیاوسالارەکەی دەبینێت و پەنا بۆ ستەمکاری دەبات. ئەم فشارانەش بە بەرچاوی جیهانەوە ڕوودەدەن و تادێت زیاتر دەبێت.

 

ڕێپاک بانگەواز لە دەوڵەتی ئێران دەکات دەست لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هێرشە سیستەماتیکەکانی بۆ سەر ژنان هەڵبگرێت و سزاکانی لەسێدارەدان ڕابگرێت، تاکە ڕێگەی چارەسەر و ئارامی، زیهنیەتی دیموکراتیک و پاراستنی ماف و دەنگی گەلە. هەروەها بانگەواز لە ڕای گشتی دیموکراتیک دەکەین، ببنە دەنگی گەلانی ئازادیخواز و لە هەموو جێیەک ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر لەسێدارەدان نیشان بدەن.