نزیکەی ٥٤ هەزار خۆپیشاندەر لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون
ڕێکخراوی هەرانا بڵاویکردەوە، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێراندا نزیکەی ٥٤ هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەرکراون و دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٥٥ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیراندا، تا ئێستا، حەوت هەزار و ١٠ کەس کوژراون و ٥٣ هەزار و ٨٤٥ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ٢٥ هەزار و ٨٤٥ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکاندا شەش هەزار و ٥٠٦ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا ٢٢٤ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٦ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، جگە لەوەش ١٤١ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٥٢ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٥٥ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.