نزیكەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، پێداویستییەكان بۆ گەڕانەوەی نزیكەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان كراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی لە کامپەکانی هەرێمی کوردستانن، ئامادەکاری کراوە بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی ٥٣٣ ئاوارە بۆ زێدی خۆیان.

 

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی پلانی نیشتیمانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە سەرەتایی ئەمساڵەوە، وەزارەت سەرنجی زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی داوە، كە ئارەزوومەندن بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان دەكەن، لەم هەفتەیەدا نزیكەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارەی كامپەكانی هەرێم دەگەڕێننەوە زێدی خۆیان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ٣٤٣ خێزانی ئاوارەی دیكەی هەیە، كە ئارەزووی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان لە كامپەكانی "حەسەن شام و خەزەیر" لە پارێزگای هەولێر بۆ ناوچە ڕەسەنەكانیان دەكەن, پێداویستیەكانی گەڕانەوە بۆ نزیكەی ٧١ خێزانی ئاوارە لە كامپی كبارتۆ لە پارێزگای دهۆك ئامادەكراوە، ئەویش دوای ئەوەی ناویان تۆماركرا بە خۆبەخشانە بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، نزیكەی ١١٩ خێزانی ئاوارەی دانیشتووی كامپی تازەدێ-ش لە شارۆچكەی كەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی ناویان تۆماركردووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

 

وەزارەتەکە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ڕەسەنەكانیان بە شێوەی وەجبەی یەك لە دوای یەك لە ئەستۆ دەگرێت، دوای ئەوەی لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكانیان بۆ ئامادەكرا بێت، هەروەها ڕەزامەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان وەرگیراوە.