نوژیان ئەرهان... دەنگی ڕاستی لە سەردەمی جینۆسایددا
نوژیان ئەرهان کە هەمیشە هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەدا، دەنگی دادپەروەری بوو لە سەردەمێکدا کە لە بێدەنگیی جینۆسایددا پۆشرابوو، لەو ڕۆژە تاریکانەدا ئەو ڕووناکی بوو کە بەسەر تاریکیدا سەرکەوت، ئەو دەنگەی کە هیوای هێنایە ناو وێرانکارییەکانەوە.
سیهام شنگالی
هەڤاڵ نوژیان ئەرهان وەک زۆرێک لە ژنانی شۆڕشگێڕ و شەڕڤان، لە تەمەنێکی گەنجیدا پەیوەندی بە پەکەکەوە کرد، نوژیان ماندوونەناسانە لە شاخەکانی کوردستانەوە بۆ خاکی ئێزدییەکان درێژەی بە گەشتەکەی دا، لە دەشت و شاخ و گوند و شارەکاندا ڕۆحی بەرخۆدانی بەرجەستە کرد، بۆ ئەو هەموو ڕێگایەک لە ژیاندا ململانێ و گەڕان بوو بۆ ڕاستی و ژیان خۆی خوێندنگەی فێربوونی بێکۆتایی بوو.

هەڤاڵ نوژیان ئەرهان تێکۆشەرێکی لێهاتوو و هۆشیار بوو، لە هەمان کاتدا دەنگی ڕاستی بوو لە بواری ڕاگەیاندنی ئازاددا، ئەو خاوەنی ئیرادەیەکی نەگۆڕ بوو و بە تەواوی تێدەگەیشت کە نابێت ڕاستی لەناو تاریکی ڕووداوەکاندا لەدەست بچێت و دەنگی ڕاستی دەبێت بە دەنگی بەرز بمێنێتەوە هەرچەندە بارودۆخەکە ترسناک بێت.
لەگەڵ گەیشتنمان بۆ شنگال چاوم بە هەڤاڵان نوژیان و ژیندە کەوت، هەر لە یەکەم ساتەوەختی چاوم بە چاوی هەڤاڵ نوژیان ئارهان کەوت، اەرسامبووم بەو ڕووناکییەی کە ڕووخساری دەدرەوشاندەوە، یەکەم کۆبوونەوەمان بوو، بەڵام کاریگەرییەکی قووڵی لەسەرم بەجێهێشت، هەستم بە سۆزێکی بێئەندازە کرد بۆی و لە دڵی خۆمدا وتم: لەگەڵ ئەو کار دەکەم، گەشتەکەم لە بواری میدیادا بەم شێوەیە دەستیێکرد.
زۆر شتمان لە هەڤاڵ نوژیان فێربوو؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە واتای ژیانی فێرکردین، بۆ ئەو سەرکەوتن لە ژیاندا پەیوەست بوو بە سەرکەوتن لە کار و خەباتدا، وەک ژنانی گەنجی ئێزدی بە چاوی خۆمان شاهیدی کۆمەڵکوژییەکان بووین, فێربووین چۆن برینەکانمان ساڕێژ بکەین، چۆن ئازارەکانمان بە جیهان بناسێنین و چۆن میدیای ڕەسەن پراکتیزە بکەین کە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکەمانە، ئێمە ئیلهامێکی زۆرمان لە شێواز و ڕێبازی هەڤاڵ نوژیان وەرگرت، کە هەمیشە دەیوت: چاوەڕوانی کەس مەکەن، بەڵکو خۆتان ئازارەکانتان بگەیەنن، زمان و دەنگ و بناغەی کۆمەڵگەکەتان بن.
میدیا لای ئەو هەوڵێکی هزرییە و پێویستی بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتی هەیە، میدیای ئێمە لەسەر بنەمای هزر و دیدگای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بوو، لە سایەی ئەوانیشدا پەرەی سەند، زۆرجار من و هەڤاڵ نوژیان گفتوگۆی قووڵمان لەسەر ئەم ئایدۆلۆژیا و دیدگایە دەکرد، گفتوگۆیەک کە بەشدار بوو لە داڕشتنی هۆشیاریمان و ڕەوتی کارەکانمان.
”هێنانی کۆمەڵکوژی بۆ جیهان”
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش هێرشی بۆ سەر شنگال دەستپێکرد و ٧٤هەمین جینۆسایدی دژی کۆمەڵگەکەمان ئەنجامدا، ئامانج لەم هێرشە قڕکردنی ئێزدییەکان بوو، کۆمەڵکوژییەکی هێندە ترسناک بوو، ویژدانی مرۆڤایەتی لەو کاتەدا هەژاند، ئەمەش دەرئەنجامی خیانەتێکی خیانەتکارانە و ڕقاوی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە هەزاران کەس کوژران و ئاوارە بوون و ڕفێنران و ژنانیش لە بازاڕەکاندا فرۆشران، جیهان شایەتحاڵ و بیستنی هەموو ئەو تاوانانە بوو و دەیزانی ئەوەی لە شنگال ڕوویدا جینۆسایدێکی ڕاستەقینە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کەسێک ئەو بوێری ڕەوشتێ و مرۆڤایەتییەی نەبوو کە ڕووبەڕووی ئەم جینۆسایدە ببنەوە یان دژی بوەستنەوە.
بەڵام شەڕڤانان و ئازادیخوازان ئامادە نەبوون بێدەنگ بن لەبەرامبەر ئەو شتانەی کە دەگوزەرا، ئەوان بە ئیرادەیەکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕووی جینۆسایدەکە بوونەوە و ڕایانگەیاند "بەسە!" بە هۆی دەستێوەردانی ئەوانەوە جینۆساید ڕاگیرا و نە داعش و نە هاوپەیمانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان توانیان بە ئامانجەکەیان بگەن، هەر دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، هەڤاڵ نوژیان وەک سەدان ئازادیخوازی دیکە، بە دەستێک چەکێک و بە دەستەکەی ترەوە پێنوس و کامێرایەک بەرەو شنگال پێشڕەوی کرد و بەرەو خاکی باوک و دایکی لە شنگالە ڕۆیشت.
لە کاتێکدا، هەزاران ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا تەنها سەیری جینۆسایدەکەیان دەکرد بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکەن، هەڤاڵ نوژیان ئامادە نەبوو شایەتحاڵی بێدەنگ بێت و خۆی چووە شنگال، لەگەڵ هاتنی، دەستی کرد بە مەشقپێکردنی ژنانی گەنجی ئێزدی، سەرنجی لەسەر فێرکردنی بنەماکانی کاری میدیایی بوو بۆ ئەوەی بتوانن بە دەنگی خۆیان ئازارەکانی کۆمەڵگەکەیان بە جیهان بگەیەنن، بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆمەڵگەکەماندا میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆی ئێزدی سەریهەڵدا، هەر وشەیەکی ڕاستی کە دەوترێ، بوو بە دڕکێک لە دیوی خیانەتکاران و دوژمنانی گەلەکەمان.
”ئەو ژنانەی پێشتر لە کامێرا دەرنەکەوتبوون لەگەڵ نوژیان قسەیان کرد”
هەڤاڵ نوژیان ئەرهان کەسێکی گەرم و گوڕ و درەوشاوە بوو، هەرکەسێک چاوی پێی بکەوێت، تەنانەت بۆ جارێکیش، هەستیان دەکرد هیوایەک لە دڵیاندا هاتۆتەوە، بە تایبەتی نوژیان مایەی هیوا بوو بۆ ئەو منداڵانەی کە منداڵییان لەلایەن دوژمنەوە دزرابوو، بۆ ئەوان ئەو ژنە پەناگەیەکی دڵنیابوو، هەمیشە دەیوت داهاتووی کۆمەڵگەی ئێزدی لە چاوی ئەم منداڵانەدا بووە کە هێشتا بەدوای تیشکێکی هیوادا دەگەڕێن.
بۆیە بە هەمان ڕۆحی منداڵانەی کە هەیبوو، لەگەڵ گەنجان بە هەمان وزەی گەنجی و بەتەمەنەکان بەو ڕێز و پێزانینەی کە شایەنین ڕەفتاری لەگەڵدا دەکردن، بۆ هەر کوێیەک دەچوو، دڵی خۆی بەڕووی هەموواندا دەکردەوە، دڵسۆزی و زانستی خۆی بەیەکەوە دەبەستەوە، ئەمەش بووە هۆی خۆشەویستی بۆ هەموو ئێز،دییەکان، وەک هەوایەکی نەرم و بێکۆتایی هاتە ناو ژیانی هەموو ژنێکی ئێزدی و لە هەر باسێکی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە دایکانەوە بیستبووی، هەستی بەو برینە قووڵە دەکرد کە جینۆسایدەکە بەسەر ڕۆحیاندا هێنابووی.
بۆ نوژیان ئەرهان، هەموو چیرۆکێک لەدایکبوونەوە بوو، ئەو تەنها ڕۆژنامەنووسێک نەبوو کە بڕیار بوو ڕاپۆرتێک وێنە بگرێت یان بەرنامەیەک یان فیلمێک ئامادە بکات، بەڵکو ئازاری ژنانی ئێزدی لە دڵی خۆیدا هەڵگرت و بە جیهانی گەیاند، هەر لەبەر ئەمەشە ئەو ژنانەی پێشتر لە کامێرا دەرنەکەوتبوون بێ دوودڵی قسەیان لەگەڵ دەکرد، چونکە لەبەردەم کامێراکەیدا هەستیان بە پارێزراوی دەکرد.
سەدان ژنی ئێزدی، دڵیان شکا و کەوتە ژێر ترسناکترین و نامرۆڤانەترین شێوەی توندوتیژی لەسەر دەستی داعش، لە کاتی ڕزگاربوونیاندا گوێیەکی گوێگر و دڵێکی بەزەییان لە نوژیان ئارهان دۆزیەوە، یەک بە یەک گوێی لێدەگرتن و ئازارەکانیان دەگەیاندە خەڵک بۆ ئەوەی ڕاستییەکان لە بێدەنگیدا نەنێژرێن.
لە شەڕی داعشدا، نوژیان یاوەری شەڕڤانانی بەرخۆدان بوو، چ ژن و پیاو و کۆمەڵگەی ئێزدی لە هەموو هەنگاوێکدا. لە هەموو قۆناغەکانی ڕزگارکردنی شنگالدا ئامادە بوو و بەشێکی دانەبڕاو بوو لەو سەفەرەدا. لە یەکەم کەسەکان بوو کە هەواڵی ئازادی هێنایە جیهان، هەواڵێک کە ڕۆحی کۆمەڵگەی ئێزدی زیندوو کردەوە و هەستی دادپەروەری و هیوای بە مرۆڤایەتی هەڵگیرساندەوە.
”لە هێرشەکەی سەر خانسۆردا بە سەختی بریندار بووە”
ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠١٧ هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشێکی پلان داڕێژراویان بۆ سەر دەڤەری خانسۆر دەستپێکرد، گوندەکانمان هێشتا لە ژێر هەڕەشەی داعشدا بوون، شەڕیش بەردەوام بوو، سەرەڕای ئەمەش، پێشمەرگە چەقۆیەکی لە پشتی کۆمەڵگەی ئێزدی دا، هەوڵیدا لە ڕێگەی پیلانێکی نوێوە، ئامانجە کۆنەکەیان تەواو بکەن، ئەویش لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو.
هەڤاڵمان نوژیان ئەرهان کاتێک هەواڵی هێرشی سەر خانسۆری بیست، بەپەلە کەوتە بەرەکانی پێشەوە، لەوێ خیانەت لە لایەک و بەرخۆدانی ئەفسانەیی شەڕڤانان لە لایەکی دیکەوە هاتە ئاراوە، لەگەڵ گەیشتن بە هێڵی پێشەوە، لەلایەن هێرشبەرانەوە کرایە ئامانج کە لە ژێر پەردەی "پێشمەرگە"دا هاتبوون، سەری بە سەختی بریندار بوو، دوای تێکۆشانی ٢٠ ڕۆژە بۆ مانەوە لە نەخۆشخانەی شەهید سەریا لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستدا.
ئێمەی خوێندکار و هەڤاڵانی نوژیان ئارهان، پێنوس و کامێراکەیمان هەڵگرتووە، بەردەوامین لە کارکردن لەسەر شوێنپێی شەهیدانی میدیای ئازاد کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو ڕاستیەکاندا، ئێمە بەڵێنمان دا کە جارێکی تر ئەم ڕاستیانە لە تاریکیدا نانێژرێن، دەنگی ڕاستیش بێدەنگ ناکرێت، ئەم ڕووداوانە لە یادەوەرییەکانماندا چەسپاو دەمێننەوە، لە هەموو شوێنێکدا دەگێڕدرێنەوە و دەنگی ڕاستی بۆ هەمیشە دەنگی دەداتەوە، هەروەها یادی هەموو شەهیدانی میدیای ئازاد لە بەرزترین ڕێزدا هەڵدەگرم، هێز لە بەرخۆدانە لەبیرنەکراوەکانیان وەردەگرم