ئێمە نەوەی نوێین و خاکمان بە بەرخۆدان دەپارێزین
پێشڕەویکردنی نەوەی نوێ لە پشتیوانییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەرخەری سەرکەوتنی گەلی کوردە بە دەستی نەوەکانی داهاتوو.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ هێرشەکانی جۆلانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، تەواوی کوردی لە پارچەکانی کوردستان و جیهان هێنایە سەر شەقامەکان، هەروەها لەگەڵ سەرنەکەوتنی ئاگربەست، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، بانگەوازی سەفەربەری بۆ کورد ڕاگەیاند، لەگەڵ بانگەوازییەکەدا گەنجان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن، پاشان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان خۆپیشاندان و پشتیوانییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو زیاتر دەڕوات، لە ئێستاشدا زیاتر لە ١٠ ڕۆژە هاوڵاتیان دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەقام چۆڵناکەن، هەروەها ٢٤ی کانوونی دووەم، وەزیری پەروەردە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا، بڕیاری بەشداریکردنی خوێندکاران و خوێندنگەکانی لەناو خۆپشاندانەکاندا دەرکرد، کە ئەمەش بووە هۆکاری زیادبوونی پشتگیرییەکان، هەروەها خوێندکاران لە ڕێگەی چالاکی و چوونە ناو خۆپیشاندانەکانەوە دەنگی نەوەی نوێی کوردستانیان بە جیهان گەیاند و لە ڕێگەی دروستکردنی کەزییەکانیشیانەوە پەیامی ئەوەیان بە دوژمناندا کە کەزییەکانمان دەکەینە پەتی سێدارە بۆ دوژمانی کورد.
''بەردەوام نەوەی نوێ لەسەر فکرێکی کوردپەروەرانە پەروەردە دەکەین''
چرۆ جەمال، چاودێری پەروەردەی تایبەت لە خوێندنگەی کوردساتی بنەڕەتی، ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن کوردانەوە بەرخۆدانییەکی گەورە و مەزنبوو، کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستان پاڵپشتی ڕۆژئاوا دەکات، ئەم پاڵپشتییە ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤانەیە، کوردی باشووری کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە پاڵپشتی و بەردەوامی بۆ ڕۆژئاوا دووپات کردوەتەوە، هەروەها شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خەباتێکی سەرتاسەرییە و لە تەواوی پارچەکانی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە، پشتیوانییەکان لە پاش سەفەربەری لە شارەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەتی لە شاری سلێمانی ڕەنگیدایەوە، هەروەها زۆرێک لە گەنجان بۆ بەرخۆدانی ڕوویان لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، لەناو شارەکانیش گەنجان و سەرجەم چین و توێژەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی بەرخۆدانیان بەرزکردەوە، هاوشێوەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە لە ئەمنەسوورەکەوە بەعسیان وەدەرنا، ئەمڕۆش ڕژاونەتە سەر شەقامەکان دژ بە دەوڵەتانی زلهێز بەرخۆدان دەکەن، هەروەها ئێمە هەمیشە دڵمان لای رۆژئاوای کوردستانە، بۆیە لێرەوە پشتیوانییەکانمان دووپات دەکەینەوە و نەوەی نوێش دەریانخست چەند کوردپەروەر و وڵاتپارێزن، هەروەها خوێندکارانی خوێندنگە و زانکۆکان بە چەندین دروشمی بەرخۆدانی و پشتتوانی بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان، ئەمانە نەوەی قازی محەمەدن و بەردەوامی بە خەباتی کورد لە پارچەکانی کوردستان دەدەن، هەروەکو قازی محەمەد دەڵێت: "نیشتیمان پەروەری و ئازادیخوازی لە دڵی هەموو تاکێکی کوردا جێگیرە، هەرگیز دەستی لێ هەڵناگرین".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: من هاوکاری خوێندکار و مامۆستایان لە خۆپشاندانەکاندا دەکەم، چاوەڕێی خۆپیشاندانی گەورەتر لە خوێندکاران دەکەم، ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ناو کوردا ژیانی کردبێت دەزانێت کورد بەردەوام لە هێرش و جەنگدابووە، هەمیشە داگیرکەران هێرش و کوشتارییان لە ناوچەکەدا کردووە، بۆیە ئێمەی کەرتی پەروەردە بەردەوام نەوەی نوێ لەسەر فکرێکی کوردپەروەرانە پەروەردە دەکەین.
"کەزییەی ژنانی کورد پەتی سێدارەی دوژمنانە"
ژینا عەبدوڵا، خوێندکار، وتی: ئێمەی نەوەی نوێ لە ڕێگەی پێنووسەکانمان و هاتنە سەر شەقامەکان پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ژنان و هاوڵاتیان دەکەین، تا بتوانن خاکەکەیان بپارێزن، هەروەها ئێمەی نەوەی نوێ کەزیەمان بۆ ملی دوژمن هۆنیوەتەوە، کاتێک پرچی شەڕڤانێکمان دەبڕن ئێمە هەزاران کەزییە بۆ ملیان دەهۆنینەوە.
"ئیمە نەوەی نوێین و خاکمان دەپارێزین"
ئاڤان گەیلان، خوێندکاری خوێندنگەی شۆڕشی نوێ، وتی: بۆ پشتگیری لە خوشکان و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان تێکڕا دەڕژێینە سەر شەقامەکان، هەروەها بە هێزی کەرامەتی خۆمان خاکمان سەردەخەین، نەک هێزێکی کوێرانە، ئێمە نەوەی نوێی کوردین لە ڕێگەی بەرخۆدانیامانەوە بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین، پەروەردەش لە ڕێگەی بڵاوکراوەکەیەوە ئێمەی بۆ ناو خۆپشاندان نارد و ئێمەش بەردەوام دەبین.
''ئێوە کەزییەک ببڕن، ئێمە هەزاران کەزییە دەهۆنینەوە''
ڕۆزینا بڕیار، خوێندکار، وتی: لە ڕێگەی چالاکییەکانمانەوە پاڵپشتی لە ڕۆژئاوای برینداری کوردستان دەکەین، ئێمە و تەواوی گەنجانی شارەکانی کوردستان هاتووین بۆ پاڵپشتیکردن و شەقامەکان چۆڵناکەین، هەروەها دوژمن بە بڕینی پرچی شەڕڤانێک دەیەوێت ژنانی کورد بترسێنێت، بەڵام ئێمەی نەوەی نوێ و تەواوی ژنانی دیکە لە جیهان بە کەزییەکانمان وەڵامی دوژمنانمان دایەوە، بە دوژمنانمان ڕاگەیاند، ئێوە کەزییەک ببڕن، ئێمە هەزاران کەزییە دەهۆنینەوە.
''نەوەی نوێ کە بە نەوەیەکی خەم سارد لە خاک دەناسرا، ئێستا خاکی خۆی دەپارێزێت''
لانە گۆران، خوێندکار، وتی: ئێمە کە خوێندکارین و نەوەی داهاتووی گەلی کوردین بۆ پشتیوانی کردن لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتوینەتە سەر شەقامەکان، هەروەها تا مافی کورد دەستەبەر نەکرێت شەقام چۆڵناکەین، بێگومان هاتنی خوێندکاران و خوێندنگەکان بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانەکان گرنگە، چونکە نەوەی نوێ کە بە نەوەیەکی خەم سارد لە خاک دەناسرا، ئێستا خاکی خۆی دەپارێزێت و پشتیوانی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.