ڕیهام حەسەن: متمانەمان بە حکومەتی عێراق نییە
ڕیهام حەسەن ئەندامی تاژێ دەڵێت: وەک پێکهاتەی ئێزدی ناتوانین متمانەمان بە حکومەتی عێراق هەبێت، چونکە تا ئێستا دەوڵەتی عێراق دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نەناوە، هەزاران زیندانی داعشی دادگایی نەکردووە، سەدان ژن و دایکمان لە دەستی چەتەکاندان.
جیهان زەمۆ
شنگال-ماوەیەکە بەهۆی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا، حکومەتی عێراق فشارەکانی بۆ سەر گەلی شنگال زیاد دەکات. ڕیهام حەسەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی شنگال بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد، لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوی لە یەکەمین ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.
"بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو ساتێک لەگەڵمان دەژی"
ڕیهام حەسەن وتی: ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوباتدا داوای ئاشتی لە نێوان کۆمەڵگەکاندا کرد، بەمەش لە چیای شنگالەوە سڵاوی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین، هەموو ساتێک بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵماندا دەژی، ڕێبەر ئاپۆ ئەو کەسەیە کە ڕێگای ئازادی نیشان داین، ئەمڕۆش لە سایەی بیرکردنەوەکانی ڕێبەردا دەتوانین بەرەنگاری هێرشەکانی سەر شنگال ببینەوە مەترسییەکان لە شنگال لەم کاتەدا ڕێبەر ئاپۆش سەرنجی بۆ ئەم دۆخە ڕاکێشابوو، ڕێبەر ئاپۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای بە پیلانی دووەم پێناسە کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە دوای ڕۆژئاوا دەیانەوێت شنگال و مەخمووریش بکەنە ئامانج.
"پلانی پیس لەسەر شنگال هەیە"
ڕیهام حەسەن ڕایگەیاند کە ئێستا شنگال لەژێر گەمارۆدایەو وتی: هەڕەشە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هەیە کە دەیانەوێت پلانە گڵاوەکانیان لەسەر شنگال جێبەجێ بکەن، شنگال تەنها خاکێک نییە؛ شنگال بووەتە شوێنی کەرامەت بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی، لێرە ئیرادەیەک دروستکرا، سەدان قارەمان لێرە خوێنیان ڕشت، گیانیان بەخت کرد، ئەمە بۆ ئێمە شتێکی نوێ نییە؛ چەندین پاڵەوان لە کۆمەڵگەی ئێزدی ئێمەدا لە مێژوودا سەریان هەڵداوە. هاوشێوەی ئێزدی میرزا، دەروێش عەبدی، زەریفە ئوس و هتد، ئەمڕۆ هێزی پاراستن لەسەر میراسی ئەو قارەمانانە بونیاد نراوە، یەبەشە-یەژەشە، ئاسەیش ئێزدیخان دامەزراون، دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دامەزراون. بە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ئیرادەیەکی پۆڵایین کە هیچ هێزێک ناتوانێت لەناوی ببات، لەسەر ئەم خاکە بونیاد نراوە.
"حکومەتی عێراق هەمان سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا پەیڕەو دەکات"
لە درێژەی قسەکانیدا، ڕیهام حەسەن تیشکی خستە سەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو فشارانەی کە حکومەتی عێراق لەسەر پێکهاتەی ئێزیدی زیادی کردووە و زیادی کرد: هەندێک کەس لەناو حکومەتی عێراق دەیانەوێت پڕۆژەی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ بکەن، لەبەر ئەم هۆکارەش کۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجام دەدەن، لەگەڵ هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک، حکومەتی عێراق هەوڵی لەناوبردنی ئەم ئیرادەی ئێستا دەدات، هەموو ڕۆژێک فشار دەخاتە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزیدی ناتوانین متمانەمان بە حکومەتی عێراق هەبێت، چونکە تا ئێستا حکومەتی عێراق دانی بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا نەناوە، هێشتا هەزاران ئەندامی داعشی لە زیندانەکانیدا دادگایی نەکردووە، سەدان ژن و دایکمان لە دەستی ئەو چەتانەدان، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. سەرەڕای ئەمەش حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەو هێزە لەناوببات کە شکستی بە داعش هێنا.