نەتەوەیەکگرتووەکان: لە هەر کاتژمێرێکدا منداڵێکی فەڵەستینی لە غەوزە دەکوژرێت
نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە هەر کاتژمێرێکدا منداڵێکی فەڵەستین لە غەززە دەکوژرێت، تا ئێستا زیاتر لە ٤٤ هەزار کەس لە غەزە کوژراون کە لە ٤٤%ی کوژراوەکان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی کارکردن و فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی "UNRWA" لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی غەزە بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە هەر کاتژمێرێکدا منداڵێکی فەڵەستینی لە غەزە دەکوژرێت، هەروەها لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە لە غەزە تا ئێستا ١٤ هەزار و ٥٠٠ منداڵی فەلەستین کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٤ هەزار کەس لە غەزە کوژراون کە لە ٤٤٪ـی کوژراوەکان منداڵن.
هەروەها نزیکەی یەك ملیۆن و ٩٠٠ هەزار فەلەستینی لە غەزە کە نزیکەی ٩٠٪ی دانیشتووان پێک دەهێنن ئاوارە بوون و كە ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەو ژمارە منداڵن.
جەخت لەوە کراوەتەوە، بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس منداڵانی فەڵەستین لە غەزە ڕووبەڕووی بریندار بوونی جەستەیی و زەبری دەروونی بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی منداڵەکان لە خوێندن بێبەش کراون.