نەتەوەیەکگرتووەکان: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ئەفغانستان ژیانی ژنان لە مەترسیدایە

سندوقی دانیشتوانی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ئەفغانستان ژیانی ژنان لە مەترسیدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی دانیشتوانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەفغانستان و کاریگەریی لەسەر دۆخی ژنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەفغانستان بارگرانی ژیانی لەسەر ژنان و کچان قورستر کردووە، کە بەهۆی وشکەساڵی، لافاو، گەرما و زستان تەندرووستیی و خۆشگوزەرانی ژنان و کچانی ئەفغانستان لە مەترسیدایە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات گرنگی تایبەت بە پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان و کچان بدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا.

 

 ئەفغانستان لەم ساڵانەی دواییدا زیادبوونێکی بێ وێنە لە ڕووداوەکانی کەشوهەوا بەخۆیەوە بینیووە، کە بووەتە هۆی لەناوچوونی سەرچاوەکانی ئاو، کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.