نەتەوەیەکگرتووەکان: ٦٧٦ ملیۆن ژن لە ناوچەکانی شەڕدا ڕووبەڕووی کارەسات بوونەتەوە

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ٦٧٦ ملیۆن ژن لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەژین و ڕووبەڕووی کارەسات بوونەتەوە، ڕاشیگەیاند، زیاتر لە نۆ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، سەبارەت بۆ دۆخی ژنان بەهۆی جەنگەکەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، جیهان چڕترین قۆناغی ململانێی چەکداری لە دوای ساڵی ١٩٤٦ـەوە بەخۆوە دەبینێت و ئێستا ٦٧٦ ملیۆن ژن لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەژین کە دەرەنجامەکانی شەڕ بە شێوازێکی نایەکسان و قورس زیاتر بەرۆکی ئەوان دەگرێتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ململانێکانی ساڵی ٢٠٢٥ـدا زیاتر لە ٣٧ هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون کە یەک لەسەر پێنجیان ژنان بوون، هاوکات لە کاتی شەڕدا توندوتیژیی سێکسی وەک ستراتیژییەتێکی بەئەنقەست بۆ تۆقاندن بەکاردێت، بە جۆرێک لە سوودان پێویستیی ژنان بە هاوکاری بەهۆی توندوتیژیی جێندەرییەوە چوار هێندە زیادی کردووە و نۆ هەزار و ٣٠٠ حاڵەتی پشتڕاستکراوەی توندوتیژیی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا تۆمار کراوە.

 

باس لەوەش دەکات، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ١٢٣ ملیۆن کەس ئاوارە بوون کە تێیدا دۆخی ٧٠٠ هەزار ژن لە غەزە بەهۆی نەبوونی کەرەستەی تەندروستی گەیشتووەتە ئاستی کارەسات، لە ئۆکرانیاش ژنان ٧٢.٥٪ـی ڕێژەی بێکاری پێکدەهێنن و داهاتیان ٤١.٤٪ کەمترە لە پیاوان، لە ئەفغانستان ٧٨٪ـی ژنانی گەنج لە خوێندن و کار بێبەش کراون، ئەمەش ڕێژەی مردنی دایکانی لە کاتی لەدایکبووندا بۆ زیاتر لە ٥٠٪ بەرز کردووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی بەشداریی ژنان درێژە بە ئاشتی دەدات، بەڵام لەسەر ئاستی جیهانی ژنان تەنیا ٧٪ـی دانوستانکاران و ١٤٪ـی ناوبژیوانانی پرۆسە فەرمییەکانی ئاشتی پێکدەهێنن.