نەتەوە یەکگرتووەکان: زەوی بەرەو گەرمبوونی ٢.٥ پلەی سەدی دەڕوات

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا کە هەسارەکە لەسەر ڕێڕەوی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ٢.٥ پلەی سەدییە بە بەراورد بە ئاستی پێش پیشەسازی.

ناوەندی هەواڵ

 

 ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە کۆدەنگییەکی فراوانی نێودەوڵەتی پەسەندکرا، ئامانجی ئەوەیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان سنووردار بکات بۆ "زۆر لە خوار" ٢ پلەی سەدی بە بەراورد بە ئاستی پێش پیشەسازی، هەروەها هەوڵدەدات گەرمبوونەوە سنووردار بکات و لە پلەی ١.٥ سەدی جێگیری بکات، ئامانجێک کە پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا تێپەڕێنرێت.

 

پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی کەشوهەوای ''کوب٣٠''، لە شاری بێلێم لە بەرازیل لە نێوان  ٦ تا ٢١ی تشرینی دووەم و دوو ڕۆژ دوای هاتنی سەرکردەکانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم هۆشدارییەکی توندی سەبارەت بە داهاتووی کەشوهەوای جیهانی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، هەسارەکە بەرەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە ڕێژەی ٢.٥ پلەی سەدی دەڕوات، کە زۆر لەو ئامانجانە زیاترە کە لە ڕێککەوتنی پاریسدا دانراون، ئەمەش دەرئەنجامێکی ترسناکی لەسەر ژینگە و مرۆڤایەتی هەیە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکانی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمی زەوی لەماوەی ئەم سەدەیەدا لە نێوان ٢.٣ بۆ ٢.٥ پلەی سەدی بەرزبێتەوە، تەنانەت ئەگەر وڵاتان بەتەواوی پابەندبوونەکانیان لەسەر کەشوهەوا جێبەجێ بکەن، چونکە ئەم حیساباتانە پێش سییەمین کۆنگرەی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراونەتەوە کە بڕیارە لە شاری بێلێم بەڕێوەبچێت.

 

لە دوایین ڕاپۆرتدا هاتووە، جیهان بەردەوامە لە بەکارهێنانی ڕێژەی سووتەمەنی بەردینی وەک نەوت و گاز و خەڵوز، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی دەردانی گازی گەرمخانەیی بە ڕێژەی ٢.٣٪ تا ساڵی ٢٠٢٤، هەروەها هیندستان کە زۆرترین ژمارەی  دانیشتووانی جیهانە و ژمارەیان ١.٤٦ ملیار دانیشتووە، گەورەترین بەشداربووی ئەم زیادبوونەیە لە ڕووی ڕەهاوە، لە دوای ئەویش چین و ڕووسیا و ئەندەنوسیا دێن.

 

ئان ئولهۆف، توێژەری سەرەکی ڕاپۆرتەکە وتی: هێشتا تەماح و کردار دوورن لەو ئاستانەی کە لە ئاستی جیهانی و بەکۆمەڵدا پێویستە.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ڕایگەیاند: ''ئەرکەکەمان سادەیە بەڵام ئاسان نییە، دەبێت دڵنیابین لە هەر زیادکردنێک تا ئەو جێگایەی کە دەتوانین بچووک و کورتخایەن بێت"، هەروەها تا ساڵی ٢٠٢٥ دەردانی گازی گەرمخانەی سفر بێت، بۆ ئەوەی هیوای ئەوە مان هەبێت کە تا کۆتایی سەدە گەرمبوونی جیهان سنووردار بکەین بۆ زیاتر لە خوار ١.٥ پلەی سەدی.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەدا، کە کەمبوونەوەی پێشبینیکراوی دەردانی گازی گەرمخانەیی لە ماوەی دەیەی داهاتوودا لە ١٠٪ زیاتر نابێت بە بەراورد بە ئاستی ساڵی ٢٠١٩، کە زۆر کەمترە لە کەمکردنەوەی پێویستبەڕێژەی لە ٦٠٪.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردەوە، هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی پلانە نیشتمانییەکانی کەشوهەوا بەهۆی نەبوونی زانیارییە بەردەستەکانەوە هێشتا قورسە، بەڵام ئەوە ڕوونە کە گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێککەوتنی پاریس هێشتا زۆر دوورە، لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە ئەگەری قبوڵکردنی سیناریۆیەک کە تێپەڕاندنی سنووردار و کاتی سنوورە ئامانجدارەکانی تێدابێت.

 

ئینگێر ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: هێشتا پێویستمان بە کەمکردنەوەی بێ وێنەی دەردانی گازی گەرمخانەیی هەیە لە چوارچێوەیەکی کاتی هەمیشە بچووکبوەوە، هەروەها لە چوارچێوەیەکی جیۆپۆلەتیکی چالاکدا.