نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە عێراق دەکات لێپرسینەوە لە بکوژانی یەنار محەمەد بکات
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار، شەپۆلێکی شەرمەزراکردنی نێودەوڵەتی توندتر بووە لە دوای کوشتنی یەنار محەمەد، چالاکوانی عێراقی لە بەغدا، تاوانێک کە وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "کوشتنێکی قێزەون" پێناسەی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
کوژرانی چالاکوان یەنار محەمەد شۆک و شەرمەزارکردنی بەرفراوانی لێکەوتەوە، تیرۆرکردنەکەی جارێکی دیکە تیشکی خستۆتە سەر ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە عێراق و ناوچەکە بووەتەوە، ڕادەی ئەو ئاڵەنگاریانەی ئاشکرا کردووە کە بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە خەباتیان بۆ پاراستنی ژنان.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ٤ی ئادار، ئەو کردارە کە بە "کوشتنی قێزەون"ی چالاکوان یەنار محەمەد لە بەغدا پێناسە کرد، شەرمەزاریکرد و وتی: هەواڵی مردنەکەی شۆکێک بوو بۆ ژنانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی عێراق.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە، کە یەنار محەمەد پایەی سەرەکی کارەکانی گروپی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە عێراق، ڕێکخراوەکە ساڵانێکی زۆر بوو لەگەڵ ئەو و دامەزراوەکەی هاوکاری کاری دەکرد، هاوبەشێکی متمانەپێکراو بوو لە هەوڵەکانی پاراستنی ژنان و پێشخستنی مافەکانیان لە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆز و ئاڵەنگاریدا.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و ڕوون ئەنجام بدەن، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و کۆتایی بەو کولتوورە بێ سزایە بهێنرێت کە مەترسی لەسەر ژیانی چالاکوانان دروست دەکات.
یەنار محەمەد بە یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ژنان لە عێراق ناسرابوو، ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەرگریکردن لە ژنان کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتین، هەروەها دەستپێشخەری و خانووی پارێزراوی بۆ پاراستنی ژنانی مەترسیدار دامەزراند، چالاکی ماندوو نەناس و ئازایەتی لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا، وای لێکرد کە ببێتە سیمبولی خەباتی ژنان لە ناوچەکەدا.
کارەکانی تەنها چالاکی مافی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی مرۆیی گشتگیر بوو کە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان و دابینکردنی پەناگەی پارێزراو و بەرگریکردن لە مافەکانیان بوو لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەگەڵ ئاستەنگە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکاندا دەجەنگێت.
تیرۆرکردنی یەنار محەمەد ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو بەشێکە لە شێوازێکی فراوانتری بەئامانجگرتنی چالاکوانان لە عێراق، بەتایبەتی لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ەوە، کە تیرۆرکردن و هەڕەشەکان تادێت بێ هیچ لێپرسینەوەیەکی ڕوون ڕووی لە زیادبوون کردووە.