"ڕۆلی ژنانی ڕۆژنامەنووس هەیە بەڵام دەبێت زیاتر بێت"

لە ۱۲۷ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی قایمقامی تەقتەق و بەشی ڕۆشنبیری و هونەری لەبەرامبەر ڕایکردنی کارەکانیان بەشێوەیەکی بەرپرسانە، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشیە پەیامنێرو ڕۆژنامەنووسان.

شیا كۆیی 

  

تەقتەق-دوێنێ ۲۲ی نیسان، ۱۲۷ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێپەڕی، لە هەرێمی کورسستان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ڕێز لەو یادە گیرا. 

 

لە شارۆچکەی تەقتەقیش لە ۱۲۷ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی قایمقامی تەقتەق و بەشی ڕۆشنبیری و هونەری لەبەرامبەر ڕایکردنی کارەکانیان  بەشێوەیەکی بەرپرسانە، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشیە پەیامنێرو ڕۆژنامەنووسان. 

 

رۆژگار زرار، فەرمانبەر لە بەشی رۆشنبیری وهونەری تەقتەق سەبارەت بەچالاكیەكەیان وتی:  وەك فەرمانگەی رۆشنبیری وهونەری شارۆچكەی تەقتەق بۆبەرز راگرتنی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی، لە بەرامبەر كارەكانیان بەدڵسۆزی، هەستاین بە ڕێزلێنان لە بەشێك لە رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی تەقتەق و كۆیە. 

 

وتیشی: پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی ژن دەكەم لەم بۆنەیەدا چونكە كاری رۆژنامەنوسی خۆی كارێكی قورسە بۆ ژنان زۆر قورسترە. 

 

نەسرین قادر، سەرنوسەری گۆڤاری ژنان لەبارەی رۆلی رۆژنامەنووسانی ژن لەباشووری کوردستان وتی: رۆلی ژنانی ڕۆژنامەنووس هەیە بەڵام من پێموایە دەبێت زیاتر بێت لەوەی كەهەیە، لەچاو ئەو ئازادییەی بەدەست هاتووە دەبێت رۆلی زیاترهەبووایە، بەڵام بەداخەوە من بەكەمی دەبینم، ئەو ژنانەی لەبواری كاری نووسین ورۆژنامەوانی كاردەكەن، هیشتا پێویستە زیاتر كاربكەن بەتایبەت لەبواری نوسین. 

 

نەسرین قادر ئاماژەی بەوەشدا كە كە هۆكارەكانیش زۆرن لەوانە بەربەستی ڕەگەزی هەیە و ترسی ڕەخنە لێگرتن هەیە، وهەندێک لە ژنانی راگەیاندكار حەز بەكاری بیندراو دەكەن لە میدیاكاندا نەك نووسین.