نەرمین عوسمان: مێژووی ژنانی کورد تەنها چیرۆکی جەنگ نییە گەشتێکی پڕ لە قوربانییە بۆ چەسپاندنی پێگەیان

تێگەیشتن لە مێژووی سیاسیی باشووری کوردستان بەبێ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ژنان ئەستەمە، لە ڕێگەی لاپەڕەکانی "گوڵدانی ژن"ەوە، نووسەر نەرمین عوسمان تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو ئاستەنگە سیاسییانەی کە ڕێگر بوون لەبەردەم گەشەی بزووتنەوەی ژنان.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ لەمێژووی کورد لە پشتی هەموو وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتییەوە، دەنگی ژنێک هەبووە کە بێدەنگیی شکاندووە. ئەگەر لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا حەپسەخانی نەقیب بە دامەزراندنی یەکەمین کۆمەڵەی ژنان، بناغەی هۆشیاریی سیاسیی کچانی کوردی دانا، ئەوا ئەمڕۆ نەرمین عوسمان وەک شاھیدێکی زیندووی ئەو مێژووە، لە ڕێگەی پەرتووکی'گوڵدانی ژن'ەوە، پەردە لەسەر قۆناغە پڕ هەوراز و نشێوەکانی خەباتی ژنان لادەبات.

 

نەرمین عوسمان، کە خۆی هەم لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا بووە و هەم لە لوتکەی بڕیاری سیاسیدا، لەم ڕاپۆرتە تایبەتەدا بۆمان دەدوێت؛ باس لەوە دەکات چۆن ژنی کورد لە ماڵەوە بەرەو شاخ و لەوێشەوە بەرەو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی ناوە. ئایا ئەو گوڵدانەی حەپسەخان چاندبووی، ئێستا لە چ دۆخێکدایە؟ گوڵدانی ژن؛ وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو، وێستگە پڕ لە هەورازو نشێوەکانی بزووتنەوەی ژنان لە باشووری کوردستان دەخاتە ڕوو. ئەم بەرهەمە گەشتێکی قووڵە بەناو مێژووی نیو سەدەی ڕابردوودا و باس لەو ڕاستیانە دەکات کە چۆن ژنانی کورد لە شاخ و شاردا بۆ مافەکانیان جەنگاون، مێژووی تێکۆشانی ژنان لە باشووری کوردستان تەنها بەشێک نییە لە چالاکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو ڕەهەندێکی قووڵی سیاسی و نەتەوەیی هەیە کە لە نیو سەدەی ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە، پەرتووکی گوڵدانی ژن" وەک سەرچاوەیەکی بەڵگەنامەیی گرنگ، تیشک دەخاتە سەر ئەو پاشخانە مێژووییەی کە ژنانی کوردی لە سەنگەرەکانی شۆڕشی شاخەوە گەیاندە ناوەندەکانی بڕیار لە شاردا. ئەم مێژووە لە قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە دەستپێدەکات، کاتێک ژنان نەک هەر وەک پشتیوان، بەڵکو وەک کارەکتەری کاریگەر لەناو ڕێکخراوە نهێنییەکان و مەیدانی پێشمەرگایەتیدا دەرکەوتن و توانییان یەکەمین ناوکە لایەنی ڕێکخراوەیی خۆیان لەناو جەرگەی نەهامەتییەکاندا بچینن.

 

پەرتوکەکە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە بزووتنەوەی ژنان لە باشوور، تەنها لاساییکردنەوەی مۆدێلە بیانییەکان نەبووە، بەڵکو ڕەگێکی قووڵی لەناو ئازار و پێویستییەکانی ژنی کورددا هەبووە.

 

" مێژووی ژن زۆر کەم دەنووسرێتەوە"

 نەرمین عوسمان، نووسەر وتی : گوڵدانی ژن،چیرۆکی ژیانی کۆمەڵێل ژنی سەرکەوتوو لێهاتووە، وەک مێژوو دەیانووسینەوە، لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆوە، من باس لە مێژووی ژنانی کۆن ناکەم بەڵکوو مێژووی ژنانی ئەم سەردەمە دەنووسمەوە کە لە ژیاندان، وەک دۆکۆمێنتێک چونکە ئەوە گرنگترە بە لای منەوە، نووسینی پەرتوکەکە کاتی زۆر دەوێت چونکە لە رێگەی چاوپێکەوتنەوەیە من ئەوەم پێ باشترە وەک لەوەی دووراو دور بابەتەکانیان بنووسمەوە، بە یەک و جار و دوو جار تەواو نابێت، هەندێک لەو ژنانە لە دەرەوەی وڵاتن و لە رێگەی ئۆنلاین لێدوانەکان تۆمار دەکەم ، جارێکی دیکە دەینووسمەوە و هەڵەچنی بۆ دەکەین، پێش بڵاوکردنەوە دووبارە بۆیان دەنێرم بۆ ئەوەی بزانن حەز دەکات چی بۆ زیاد و کەم بکەم ، دواتر بڵاوی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رەنخە و سەرنج و دەستخۆشیەکان لە بارەیەوە بزانین، دوای ئەوە دەخرێنە ناو توێی کتێبێکەوە، چیرۆکم هەیە کە ماوەی یەک مانگ و نیو پێیەوە سەرقاڵ بووم چونکە هەندێک کات ئەو دەرفەتی نەبووە یاخود من نمەبووە، مێژووی ژن زۆر کەم دەنووسرێتەوە ئیلا ئەوانەی کە شوێن دەستیان زۆر دیار بووە، مێژووی ژنانی دیکە بە هۆکاری جیاواز و کۆمەڵگە وای لێکراوە کە پەراوێز بخرێن و پشتگوێ بخرێن، من ئەمەوێت وەک دۆکۆمێنێک بۆ نەوەی داهاتوو کە بزانن ژنانی کورد لە چ ئاست و پێگەیەکدا بوون، ئەمە سێیەم پەرتووکمانە و بۆیە بە هەندی وەردەگرم و بە جدی کاری بۆ دەکەم، و ئەمە سێیەم پەرتووکمانە گەورەن پەرتووکەکان، بەڵام کتێبێکی مێژووین ومێژووی ژنە، مێژووی کۆمەڵگەیەکی تێکەڵە کەکارەکتەری سەرەکیەکەی ژنە ، بەڵام ئەو ژنە باس لە هاوژین و منداڵەکانی دەکات، باسی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە دەکات.

 

"یەکەم ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ئیستەنبوڵ و دووەم حەپسەخانی نەقیب دایمەزراند"

نەرمین عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: یەکەمین ڕێکخراوی ژنان لەسەر دەستی حەپخەسانی نەقیب بووە لە ساڵی ١٩٢٠، پێش ئەوە لەم ئیستانبوڵ، ڕێکخراوێکی دیکە هەبوو کە ڕێکخراوێکی کوردی بوو ژنانی کورد دایانمەزراند دوای ئەوە راستەوخۆ ڕێکخراوی ژنان دامەزرا لەسەر دەستی حەپسەخانی نەقیب، کە خۆی ژنێکی لێهاتوو بووە، خوێنەواری هەبووە و  لە بنەماڵەیەکی ناسراو بووە، هەروەها زۆرینەی ئەو ژنانەی کە پێگەی ئاینی کۆمەڵایەتی ڕپشنبیریان هەبێت کە دێنە ناو مەیدانەکەوە خاڵک چاویان لێ دەکات و بە دوایان دەکەوێت، کاتێک حەپسەخانی نەقیب ئەو ڕێکخراوەی دامەزراند کۆمەڵیک ئامانجی گرنگی لە پشتەوە هەبووە، و لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا خۆیان گونجاندووە و سەرەتا دەستی کردووە بە نەهێشتنی نەخوێندەواری، بە بلاوکردنەوەی ڕۆشنبیری لە ناو ژناندا و کردنەوەی خوێندنگای تایبەت بە کچان، دووبارە بالەو کاتەدا بایەخ درا بەوەی کە ماڵە شێخەکان و کچی موستەفا یامولکی ئەمانەیان کردە مامۆستا وەک م فاتمە محێدین، ئەمانە کەسانێک بوون کە خەڵک خۆشیان دەوویستن و چاویان لێ دەکردن بۆیە ئەمانە کرانە مامۆستا بۆی خەڵک بوێری هەبێت کە چاو لەوان بکەن، کچەکانیان بنێرنە خوێندنگە نەک ببنە جێگەی قسەو باسی خەڵک و بڵێن ئەوە کچی فڵانە کە چۆتە خوێندگە،راستە بزوتنەوەکە ناوی بزوتنەوەی فێمێنیستی ئەم سەردەمە نەبووە بەڵام، بزووتنەوەیەکی ژنانی گرنگ بووە، پێگەی ژنانی بەهێزتر کردووە لە ناو کۆمەڵگەدا، بواری خەڵکی داوا کە ئیتر ژن دەبێت بخوێنێت، ئەمە خۆی گرنگە و یەکەم هەنگاوە، چونکە تۆ ناتوانی بزووتنەوەیەکی ژنان سەرکەوتوو بکەین بێ ئەوەی ئەو ژینگەیەی کە تیایەتی ئامادەی بکەی، بۆیە هەوڵێکی ئاقڵانە و بیرمەندانە بووە، کە کۆمەڵگا و ژینگەیەک ئامادە بکات بۆ ئەوەی بزوتنەوەیەکی ژنانی تێدا دابمەزرێنێت.

 

" ژنان توانیان پێگەی خۆیان بچەسپێنن لەناو هیزەکانی پیشمەرگەدا"

نەرمین عوسمان،نووسەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ساڵی ١٩٤٦ لە سەردەمی کۆماری مهاباد "کۆماری کوردستان"، لەوێش بزووتنەوەیەکی ژنان دروست بوو، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە تێکەڵ بوو بە پارتی دیدوکراتی ئێران،دوای ئەوە وردە وردە بزووتنەوەی ژنان دروست بوو، ئێمە وەک کورد دەوڵەتمان نەبووە، لەبەر ئەوەی بزووتنەوەکانی ژنان زۆرینەیان تێکەڵ بووە بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد، راستە کورد بەردەوام ژێردەستە بووە بەڵام بە تەواوەتی و زۆرینەی کاتەکان ژێردەستە نەبووە ، کورد جار هەبووە خۆبەرێوەبەری هەبووە یاخود کۆمەڵگەیەکی عەشایەری و پێگەی جیا جیا هەبووە، کە کورد خۆی بەرێوەی بردووە بۆیە لە ناو ئەو شوێنانەدا بزووتنەوەی ژنان دروست بووە، دەتوانین بلێین بزووتنەوەکەی حەپسەخانی نەقیب، بزووتنەوەیەکی ئامادەکردنی کۆمەڵگەیە بۆ قبوڵ کردنی بزووتنەوەکانی ژنان، من خۆم لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووم، کە باڵیکی چەپ بوو ئەو کاتە، لە ژێر چاودێرییەکی چری دەسەڵاتدا بووین، بەشیکی زۆری برادەران و سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە زینداندا بوون، بەشێکی لە سێدارە دران، بەشێکیان لە زینداندا بوون، ئەوەشی لە دەرەوە بوو رژێم بەردەوام بە دوایەوە بوو، بەڵام ئێمە هیچ ڕۆژێک لە کار و چالاکی نەوەستاین، کارو چالاکیەکانمان وەک بڵاوکردنەوەی بیری هۆشیاری دەربارەی مارسکیەت یانی چی ؟ ئەو کاتە ئێمە ئەندێشەی ماوکسی تۆن بووین، دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەری و دوموکراسی و سۆسیالیستی تیابێت،ئەوە ئامانجەکانمان بووە ئێمە لە سەرەتاوە ئامادەکردنی خەڵک بوو بۆ ئەو بیر بۆچوون، دوای ئەوەتی کە کەوتینە ژێر چاودێری چری دەسەڵات، ژمارەیەکی زۆری هاورێکانمان لە زینداندا بوون بۆ نموونە خاڵی من و برای هاوژینەکەم پێکەوە لە سێدارە دران، لەگەڵ شەهید ئەنوەردا هاوژینەکەشم سزای شەش ساڵ زیندانی کردن درا، پاش ئەوەی ئازاد بوون زیاتر کەوتینە ژێر چاودێری دەسەڵاتەوە پێشتر بمتوانیایا جوڵەم هەبێت دوای ئەوە ئەوەش نەما  چونکە چاودێری لەسەر بنەماڵەی ئەو کەسانەی ئازاد کران زۆر چر بوو، من ئەو کاتە مامۆستای ئامادەی  وانەی بیرکاری کوران و کچان بووم، چەند جار بانگ دەکرام و لێپرسینەوەم لەگەڵ دەکرا کە بۆچی رێگەم بە خوێنکاران نەداوە کە بەشداری کۆبوونەوەی یەکێتی خوێنداکارانی عێراقی بکەن،چەن قسەت بکردایە بە راستی ئەوان بروایان نەدەکرد و نە دەچوو بە ئەقڵیاندا، کۆتا جار کە زیندانی کرام و ئازادکرام فشارێکی زۆر لەسەر من و هاوژینەکەم هەبوو ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧٩ کۆتا بریارمان دا کە ژیانی ئێمە لەم وڵاتەدا نابێت و بریارمان دا بچینە شاخ و پەیوەندی بکەین بە هێزی پێشمەرگەوە، بەڵام من وەکو کەسێک لە ڕێکخستنا خەڵک دەیانناسیم و وەک ژنە پێشمەرگەیەک دەیانناسیم و ئەو کاتە خەڵک ئاشنا نەبوو بەوەی کە ژنێک پێشمەرگە بێت و کە دەچووینە گوندەکان زۆریان لا سەیر بوو، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و بارودۆخ ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەرۆی ئەمەش وای کرد کە ژمارەی ژنە پیشمەرگەکان روو لە زیاد بوون بکات و کە ژمارەمان زیادی کرد کە ژمارە زیادی کرد لای خەڵکیش قبوڵ کراوە ،دوای ئەوەی کارەکان دابەشکرا و ژنان توانیان پێگەی خۆیان بچەسپێنن لەناو هیزەکانی پیشمەرگەدا.

 

" ژنی کورد لەوەتەی هەیە کە پێگەیەکی گەورەی هەیە لە کۆمەڵگەدا"

دەربارەی گرنگی و ڕۆڵی ژن لە مێژووی کۆن و نوێی کوردیدا نەرمین عوسمان نووسەر وتی : دەتوانم بڵێم ژنی کورد لەوەتی هەیە کە پێگەیەکی گەورەی هەیە لە کۆمەڵگەدا، یەکێکین لەو نەتەوە دەگمەنانەی کە خوداکەی ژن بووە، میترا ژن بووە خودای زاوزێ بووە، خودای هەموو خوداکانی دیکە بووە، هەر لە سەرەتاوە لەو ناوچانەدا ژنان پیگەیەکی دیکەی بووە، ئێمە دەیان شوێنمان هەیە بۆ نموونە فەزلییە خانم حەلەبی بەرێوە بردووە و لە چەندین ناوچەی دیکەدا بەرپرس بووە و لە کۆنەوە تا ئێستا ژنان بێ جیاوازی پێگەی بووە هەتا لە گوندەکانیشدا خاوەن بریار بوون، بەڵام وەک بزووتنەوەی تایبەت بە ژنان و بە فەرمی کار بۆ ژنان بکات ئەوەیان نەبووەو باس لەوە دەکەین بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتیەیوە بەردەوام پێگەی تایبەتی هەبووە، چونکە ژنان هاوکاری هاوژینەکەیەتی لە ئیش و کار و مەرو ماڵات و بنەخێوکردنی منداڵەکانی و دابینکردنی بژێوی ماڵ، ئەمانە هەمووی بەشداری ژنە لەگەڵ پیاواندا  پێگەیان یەکسانە، جا ئەمە مێژوو باسی بکات یا نا خودی خۆی لە کۆمەڵگەدا هەیە زۆر جار هەیە مێژوو بۆچی ئەو شتانە فەرامۆش دەکات چونکە بابەتەکە بۆتە بەشێک لە کۆمەڵگە، بە نموونە لە ناوچەیەکی دوری عەشایەری عەرەب کە ژنێک پێگەیەکی بەرزی هەبێت چونکە کەم و دەگمەنە باس دەکرێت بەڵام لە ناو کوردا چونکە بابەتەکە زۆرەو بووە بە ئەمری واقع کەمتر باس دەکرێت و ئەوەندەی لە پەرتوکە مێژوویەکاندا باس لە مێژوی کورد دەکرێت و من خوێندبێتمەوە بەردەوام باس لەوە کراوە بەڵام بە تایبەت ناویان بهێنرێت و باس بکرێت ئەوە زۆر کەمە، چەک گواستنەوە و نامە ناردن و  هەموو ئەم کارانە ئەرکی پیرۆزی ژنانی گوند بوون، لە مێژووی کۆمەڵایەتیدا لە زۆر شوێن نوسراوەتەوە تەنانەت مێژوو نوسانی بیانیش  کە هاتوونەتە ئەو ناوجانە دەستنیشانی ئەوەیان کردووە کە ژنی کورد بەهێزە و خاوەن بریارە لەو ناوچانەدا، ئێستا ئەگەر تۆ برۆیتە گوندێکەوە ژنێکی بەتەمەنی لێبێت کورەکانی لە سەرو دایکیانەوە دانانیشن کەواتە ئەمە ڕێزی ژنە لێرەدا،رەنگە بڵێن لەبەر ئەوەی دایکە نەخێر لەبەر ئەوەی ژن و دایکە پێکەوە وای کردووە پیکەوە پێگەیەکی بەرزی هەبێت ، کەم شوێن هەیە لو کوردستان تۆ برۆی کە منداڵەکان لە سەروو دایکیان دابنیشن ئەگەر ئاغا وگەورەی ئەو شوێنەش بن هەر لە خوار دایکییەوە دادەنیشت.

                                                   

"هەر نەتەوەیەکی دیکە بوایە لەبری کورد زمانی دایکێشیان بیر نەدەما"

لە کۆتای قسەکانیدا نەرمین عوسمان نووسەر وتی: ئەوانەی نووسیومە نامەوێت پێگەی هیچیان کەم بکەمەوە، بەڵام ئەوەی لای من زۆر گرنگە ئەوەیە من زۆر ڕێز لەو ژنانە دەگرم کە توانیویانە لە نەهامەتەییەکی زۆردا خۆیان پێبگەیەنن، تۆ سەیر دەکەیت لە بارودۆخیکدا کە دایک و باوک و براو هەموو کەسو کار لە بەرچاویدا لە سێدارە بدرێت، و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ژنە لەسەر پیی خۆی بوەستێت، توانیویەتی کە بەرەنگاری هەموو سەختییەکانی ژیان ببێتەوە بەلای منەوە زۆر جێگەی ڕێز و پێزانینە، بە لای منەوە ژن دەیان وهەزاران جار لە پیاو بەهێزترن، مێژووی ژنی کورد هێندە پرە لە خۆراگری و سەرکەوتن و دەتوانیت بە سەدان گوڵدانی ژن بنووسیتەوە هێشتا دەڵێت کە غەدرم کردووە و لە بەشێک لە ژنەکان و کە نامتوانیوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدابکەم، من لەگەڵ زۆرێکیان ئازارم جەشتووە، رەنگە ئەوان فرمێسەکانیان وەستابێت من هەر بەردەوام بووم لە گریان، چونکە خۆم دەکردە شوێنی ئەو ئازارە بەهێزەی کە ئەوانی تێدا بووون، ئێمە نەتەوەیەکین بە ژن و پیاوەوە خۆڕاگریەکی بەهێزمان تێدایە بۆیە هێشتا دەتوانین بە پێوە بوەستین، هەر نەتەوەییەکی دیکە تووشی ئەو هەموو نەهامەتییە بوایە  کە کورد رووبەرووی بۆتەوە، بروات بێت تا ئێستا زمانی دایکیشیان بیر نە دەما، بەڵام لای ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ زمانی دایک شیرین تر و بەهێزتر دەبێت، لەگەڵ شیردانی دایکدا بە ڕۆڵەکەی ئەم بەهێزیەی کوردان دروست دەبێت.