نێرگس محەمەدی: شەڕ لە ئێران کۆتایی نەهاتووە
نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسیی و چالاکوانی مافی مرۆڤی ڕایگەیاند، شەڕ لە ئێران کۆتایی نەهاتووە، حکومەت لەگەڵ هاوڵاتییان شەڕ دەکات، دەشڵێت، هەڵوێستی هاوبەشی چالاکوانان توانای گۆڕانکارییەکی مێژووییان هەیە.
ناوەندی هەواڵ
نێرگس محەمەدی زیندانی سیاسیی و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی هاوڵاتییانی وڵاتەکە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم بەمجۆرە زانیاریی دەخاتەڕوو.
نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، شەڕ لە ئێران کۆتایی نەهاتووە، حکومەت لەگەڵ هاوڵاتییان شەڕ دەکات، تەنانەت ئەگەر هیچ بۆمبێک نەبارێت، خەڵکی وڵاتەکە ئاشتی ڕاستەقینە نابینن، چوونکە ئەوان لە ژێر سایەی حکومەتێکدا دەژین کە کۆنترۆڵی هەموو لایەنەکانی ژیانی هاوڵاتییانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاشتی خەڵکی وڵاتەکە بەهۆی چاودێریکردنی بەردەوام، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی بەردەوامی توندوتیژی تێکچووە، ئاشتییەک کە بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە زیاتر داڕوخاوە.
باسی لەوەشکرد، ئاشتی تەنها نەبوونی جەنگ نییە، بەڵکوو بناغەیەکە کە دیموکراسی، سەقامگیری، گەشەی ئابووری، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەری بنیات دەنرێت، هەڵوێستی هاوبەشی چالاکوانان ئەوە دەردەخات کە توانای ئەوەی هەیە گۆڕانکارییەکی مێژوویی درووست بکات.
هاوكات، نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیكەی زیندانییکردن سزا درایەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکی ئێسک لە بەشی سەرەوەی قاچ و بەستنەوەی ئێسک بۆ نێرگس محەمەدی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا، هەروەها قەدەغەکردنی هەمیشەیی گەشتکردنی بەسەردا سەپێندراوە.