نێرگس محەمەدی لە زیندان دەستی بە مانگرتن کرد
بنەماڵەی نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی ڕایانگەیاند، لە زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، دەشڵێن: ئەو ناڕەزایەتییەی نێرگس وەڵامێکە بۆ بەردەوامی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی خۆپیشاندەرەکانی گەلانی ئێران.
ناوەندی هەواڵ
بنەماڵەی نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، لە لاپەڕەی فەرمی نێرگس محەمەدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام دەربارەی مانگرتنەکەی نێرگس لە زیندان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە نێرگس محەمەدی لە زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ناڕەزایەتییەی نێرگس محەمەدی وەڵامێکە بۆ بەردەوامی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی خۆپیشاندەرەکانی گەلانی ئێران، هەروەها بێبەشبوونی تەواوی لە مافی پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی.
لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نووسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان: هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیر کران، یەکێکیان نێرگز محەمەدی بوو.
نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١وە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پرووپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیكەی زیندانییکردن سزا درایەوە.
هەروەها ماوەیەکی زۆر بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو، بەڵام قەدەغەکردنی هەمیشەیی گەشتکردنی بەسەردا سەپێندرا.