"ڕەنجی دایکێک بەرامبەر ڕەنجی چل کرێکارە"
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی ١ی ئایار لە کرێکاران دەکات و ئاماژە بەوەدەکات هەر تاکێکی ڕەنجدەر کرێکارە، سیستمی سەرمایەداریش کرێکارێکی خۆبەخشی فەرامۆشکردووە کە دایکانن.
ناوەندی هەواڵ
بەبۆنەی ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا جەژنی کرێکارانی جیهان لە تەواوی کرێکارانی جیهان و کوردستان بەتایبەتی ژنان پیرۆز دەکات: مێژووی سەرهەڵدانی ئەم ڕۆژە بۆ چالاکی ناڕەزایەتی کرێکاران دژی خاوەنکارەکانیان دەگەڕێتەوە، کە لە جیهاندا تەقییەوە. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە هەموو تاکێکی ڕەنجدەر و تێکۆشەر کرێکارە، بە کارمەند، مامۆستا، پزیشک و ئەندازیار و هتد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هەموو ئەوانەی بەرامبەر بە کارەکانیان هەقدەست وەردەگرن، بە کرێکار دادەنرێت، ئەمە پێناسەی کرێکارە لە چاوی سیستمی جیهانی و سەرمایەدارییەوە، بەڵام سیستم کرێکاری خۆبەخشی فەرامۆشکردووە کە دایکانن!، بەڕێوەبەری خێزان و کۆمەڵگەن و ئەرکیان لە ئەرکی کرێکاران زیاترە و کەمتر نییە، رەنج و ئەرکی کرێکار حاشای لێناکرێت، بەڵام دایکانیش بەدرێژایی مرۆڤایەتی ئەرکیان پەروەردەکردنی منداڵ و راگرتنی هاوسەنگی خێزان و شیرازەی کۆمەڵگایە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا دەربارەی ڕێز نەگرتن لە ڕەنجی ژنان هاتووە: لە کارگە و کۆمپانیاکانەوە بگرە هەتا پەرلەمان و پۆستەکانی ژنان لە حکومەتیشدا تەریب نییە لەگەڵ پێگەی پیاواندا، سەرەڕای هەبوونی ژنان وەک مامۆستا، پارێزەر، رۆژنامەنووس و شەڕڤان و..هتد، کۆمەڵگا نەگەیشتووەتە ئەوەی باوەڕی تەواوی بە تواناکانی ژنان هەبێت. لە کاتێکدا مێژوو گەواهیدەرە ژن پێشڕەوی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە. تاکە بیرمەند کە ئەم راستییەی پشت راست کردووەتەوە رێبەری گەلی کورد (عەبدوڵا ئۆجەلان)ە کە دەڵێت: رەنجی دایکێک، بەرامبەر رەنجی چل کرێکارە. ئەم دەربڕینەی بەڕێزیان بە هەموو پێوەرێک رەوایە، چونکە ژنان هەم دایکن هەم کرێکار، هەم بەخوێوکەرن هەم بەڕێوەبەر.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی کوردستاندا، ئاماژە بەوەدراوە: لە سەرتاسەری جیهاندا کرێکاران لە سایەی سیستەمی سەرمایەدارییەوە دەچەوسێنەوە و رەنج و بەرهەمەکانیان داگیر دەکرێت، بەتایبەتی کرێکارانی ژن لەسەر بنەمای جیاکاری رەگەزی دەیان جار زیاتر دەچەوسێنەوە و داگیرکەری لەسەر جەستە و هێزی بازوویان بەڕێوەدەچێت، لە باشووری کوردستاندا نەک تەنها کرێکاران دەچەوسێنەوە بەڵکو لە کەرتی تایبەتدا لەسەر بنەمای جیاکاری رەگەزی کرێکاری ژن تا دواڕادە کرێکەی لە کرێی پیاوان کەمترە، ئەمە لە کاتێکدا ژنان بەهەمان شێوەی پیاوان رەنج دەدەن.
ت.پ