نەبوونی تەواوەتی ژنان لە فەرمانگەی جێبەجێکردندا ڕەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە
ژنانی سووریا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردان، دیارترینیان میراسی کولتووری، هەڵاواردن و تێنەگەیشتن لە ئایینە.

ڕۆشێل جونیۆر
سوەیدا-شاری سوەیدا لە سووریا شەپۆلێکی ڕەخنەی چالاکوانانی بەهۆی نەبوونی ژنان لە پۆستە جێبەجێکارەکاندا بەخۆیەوە بینی. ئەمە دۆسیەی کەمی نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا سەرهەڵدەداتەوە، پۆستە جێبەجێکارەکان تا ڕادەیەکی زۆر تایبەتە بە پیاوان.
میراسی کۆمەڵایەتی درێژخایەن
تەغرید عەزەم، ئەندامی ناوەندی پارێزەرانی سوەیدا، ئەندامی لیژنەی ئازادییە گشتیەکان، مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند، پرسی نەبوونی ژنان لە پۆستە جێبەجێکارەکان لە شاری سوەیدا، لە سووریا بە گشتی، لەم دواییانەدا بووەتە جێی گفتوگۆیەکی بەرفراوان، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی کە لە وڵاتەکەدا ڕوویانداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دەکرێت ئەوەیە: بۆچی ژنان لە پۆستە بڕیاردانی جێبەجێکاردا ئامادە نین؟
بۆچی هێشتا ئەم پۆستانە تەنها بۆ پیاوان سنوردارە؟
پێیوایە هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ میراسێکی کۆمەڵایەتی لەمێژینە، کە سووتەمەنی سیستەمێکی هزری و کولتووری دەدات، کە پیاوان بە شایستەتر دەبینێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پێشەنگایەتی، لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لە لێهاتوویی و توانای پێشەنگایەتی ژنان دەکات.
جیاکاری کۆمەڵایەتی و ئایینی
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕەهەندە تەنها لە کۆمەڵگەدا سنووردار نییە، بەڵکو بەهۆی وتاری ئایینی باوەوە بەردەوام دەبێت. دەڵێت "هەرچەندە لەسەر بنەمای دەقی ڕوون و ئاشکرا، نە لە قورئان، نە سوننەتدا نەهاتووە کە ژنان لە هەڵگرتنی پۆستەکان قەدەغە دەکەن، بەڵام لێکدانەوەی هەڵە و وتاری پیاوسالاری ئەو بیرۆکەیە بەرەوپێش دەبات، کە پیاوان لێهاتووترن و شایستەی پۆستی جێبەجێکردنن".
دیارنەبوونی نوێنەرایەتی سیاسی و نەبوونی یاسا
تەغرید عەزەم ڕوونیکردەوە، "نوێنەرایەتی سیاسی ژنان زۆر لاوازە، ئەمە خۆکارانە لە پۆستی بڕیاردان دووریان دەخاتەوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە یاسایەکمان نییە کە پێویستی بە کەمترین ئاستی بەشداری ژنان هەبێت. بۆیە پێویستە سیستمی پشکنین وەک چارەسەرێکی کاتی و فریاگوزاری جێبەجێ بکەین کە گەرەنتی کەمترین ئاستی نوێنەرایەتی ژنان بکات، ڕێگەیان بۆ بکاتەوە، خۆیان بسەلمێنن، ڕێگری بکات لە قۆرخکردنی پۆستەکانی دەسەڵات لە پیاوان”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆتا چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە، بەڵکو ڕێکارێکی کاتییە کە دەبێت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کولتوورێکی نوێی کۆمەڵایەتیدا بێت، کە ڕۆڵی ژنان بەهێزتر بکات، بوونی ئەوان لە پۆستەکانی پێشەنگایەتی ببەستێتەوە بە لێهاتووییەوە نەک ڕەگەز.
هۆشیاری پەروەردەیی و ڕاگەیاندن بەردی بناغەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەری ڕاستەقینە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری کولتووری و کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی چیرۆکی سەرکەوتنی ژنان لە پرۆگرامە پەروەردەییەکان، چاندنی ئەو بیرۆکەیە دەستپێدەکات کە ژنان هاوبەشن لە هەموو شتێکدا، هەروەها مافی سروشتی ئەوانە کە لە پێگەی بڕیارداندا بن، هەروەک پیاوان. داوای ڕاستکردنەوەی ئەو وێنەیە کۆنەپەرستانەیە کە بەرهەمە دراماتیکییەکان بەرەوپێش دەبەن، وەک زنجیرەی "باب حارا" کە ژنان وەک بوونەوەرێکی ژێردەستە وێنا دەکات، سەرپێچی بڕیارەکانی پیاوان ناکەن. ئەو پێی وابوو کە ڕاگەیاندن تا ڕادەیەکی زۆر بەرپرسیارە لە چەسپاندنی ئەم وێنەیە و ڕۆڵی سەرەکییە لە گۆڕینی.
دادپەروەری ڕەگەزی و بەهێزکردنی ڕاستەقینە
تەغرید عەزەم ڕوونیشیکردەوە، دادپەروەری و یەکسانی ڕەگەزی بەو مانایە نییە کە نوێنەرایەتیکردنی ژنان دیاری یان چاکە، بەڵکو مافێکە، بەو پێیەی ژنان "ئامرازی دروستکردن و بنیاتنەری کۆمەڵگەن، نابێت بە هیچ بیانوویەک بەدەر بکرێن". ناوبراو جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی وۆرکشۆپی خولی پەروەردەی تایبەتمەند و بەرزکردنەوەی ئامادەیی خۆیان لە ناو پارت و دامەزراوە سیاسییەکان کردەوە، نەک تەنها لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان یان پەروەردەییەکان.
دیار نەبوونی نوێنەری مێینەی
"ئایا ئێمە نمونەی سەرکەوتووی ژنمان نییە کە ئیلهاممان پێبدەن و تیشکیان بخەنەسەر؟"
پرسیاری کرد و پشتڕاستی کردەوە کە "بە دڵنیاییەوە وەک ئەلیزابێس کۆری،ڕۆژنامەنووس ژنێکی سووری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، کە بەشداری کردووە لە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبردن لەوێ، بەڵام ئەو و ژنانی دیکە لە سووریادا تیشکیان لەسەر نییە، بەهۆی بیروبۆچوونی پیاوسالاری کە پێشەنگایەتی وەک شوێنی تایبەتی پیاوان دەبینێت.
دڵخوازی و ترس لە خواستی بەرزی ژنان
تیشکی خستەسەر ئاڵەنگاریەکانی دیکە، وەک "پەیوەندیخوازی و نێوەندگەرەکان"، کە پێشتر لە دانانی بەرپرساندا بەکاردەهێنران، تا ئێستاش لە کاردان، ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان دوور دەخەنەوە. دەڵێت: هەندێک لە خواستی و دەسەڵاتی ژنان دەترسن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ژنێک توانای بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەکردنی نەوەکانی هەبێت، توانای بەڕێوەبردنی دامەزراوە و وەزارەتەکانیشی هەیە.
تەغرید عەزام، ئەندامی ناوەندی پارێزەرانی سوەیدا و ئەندامی لیژنەی ئازادییە گشتیەکان و مافی مرۆڤ، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە ڕەتی دەکەینەوە کە ژنان تەنها وێنەیەک بن، کە بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵگە پێشکەش دەکرێن، بەبێ ئەوەی پۆستی ڕاستەقینەیان بۆ بڕیاردان بدرێت، بۆیە من دژی بیرۆکەی دامەزراندنی فەرمانگەی کاروباری ژنانم، ئەوان جیاکاری ڕەگەزی دەهێڵنەوە لە جیاتی یەکسانی، ئێمە توانای ڕاستەقینەمان دەوێت نەک ڕەسمیی، یاسایەکی ڕوون کە مافی ژنان بپارێزێت بۆ گەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردان.