ناڕەزایەتییەکانی ئێران بەردەوامن
تارانی پایتەختی ئێران دوێنێ بۆ دووەم ڕۆژی لەسەر یەک شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی کە بازرگانان و کرێکارانی بازاڕ و ژمارەیەک سەندیکای کرێکاری تێیدا بەشدار بوون و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زێڕیان ڕەتکردەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەم، دەیان دوکان لە تارانی پایتەخت دەرگاکانیان داخست، تاران شایەتی مانگرتنێکی بەرفراوان بوو، کە بازرگانان و کرێکارانی بازاڕ شانبەشانی چەند سەندیکایەکی کرێکاری بەشداریان کرد، ئەمەش دووەم ڕۆژی لەسەریەک بوو کە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زێڕ و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیانە.
ئەو وێنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدابڵاوبوونەتەوە، فراوانبوونی ئەو ناڕەزایەتیانەیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی شارەکە دەردەخەن، لەوانە شەقامی ناسر خوسرەو، شەقامی جمهوری، گۆڕبازاڕیەپانی حەسەن ئاباد، چوارڕێیانی ئەستەنئۆە، مەولاوی، لالەزار، زۆرێک لە دوکانەکان دەرگاکانیان لە بەشێکی بازاڕ و ناوەندی شاردا داخست، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی توڕەیی گشتی بوو لەسەر قەیرانی ئابووری ئێستا.
ئەم ناڕەزایەتیانە لە وەڵامی ناسەقامگیری ئابووری و هەڵاوسانی توندی نرخی ئاڵوگۆڕدا سەریان هەڵدا، هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردووەتە سەر ناڕەزایەتی دەربڕان و بەهۆیەوە پێکدادان ڕوویداوە.
دوێنێ بازاڕی تاران بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک ناڕەزایەتی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی، بەشێک لە میدیاکانی دەوڵەتی باسیان لە دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کرد، ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەرزبووەتەوە و بازاڕی ئێرانی لەکار کردووە، هەڵاوسان لە ٥٠٪ی تێپەڕاندووە، نرخی خۆراکیش زیاتر لە ٨٠٪ بەرزبووەتەوە.