ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ٦٤٠ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەڵگەدار دەکات
ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان، ڕاپۆرتێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە بێ سزای تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، کە ساڵانە لە ٢ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت.
					ناوەندی هەواڵ
ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئەفغانستان شاهیدی دابەزینێکی بێ وێنەیە لە نێوان پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی میدیا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کولتوورێکی بەربڵاوی بێ سزایە کە ئەم پێشێلکاریانە بەردەوام دەکات.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە بێ سزایی تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان، کە ساڵانە لە ٢ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە ئاشکرای دەکات لە ساڵی ٢٠٠١وە زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندن لە نێویاندا ٢٠ ژن لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە پیشەییەکانیان لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە ٩٠٪ی ئەم تاوانانە نەبووەتە هۆی دادگاییکردن و دادپەروەری، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی بێ سزا و نەبوونی چاکسازییە بۆ قوربانییەکان.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە مانگی ئابی ڕابردوودا، بە لانیکەم ٦٤٠ پێشێلکاریی مافی ڕۆژنامەنووسانی بەڵگە کردووە، ئەم پێشێلکاریانە پێنج کەیسی کوشتن لەخۆدەگرێت، لە نێویاندا دوو کارمەندی تۆڕی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی کە لە هێرشێکدا کوژراون لەلایەن سەربازانی پاکستان، هەروەها زیاتر لە ٢٦٥ کەسیش دەستگیرکراون.
ناوەندەکە هۆشداریدا لەوەی جگە لە زیادبوونی فشار و سنووردارکردنی بێ وێنە بۆ سەر چالاکییەکانی میدیا و ڕۆژنامەگەری، هەڵمەتەکانی تاڵیبان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و ناوزڕاندنی ئۆنلاین لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن و بەکارهێنانی ماڵپەڕە دیجیتاڵییەکانیان وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن، هەندێک لە مەترسییە ڕاستەقینەکان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و پارێزراوی ڕۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان پێکدەهێنن.
ناوەندەکە جەختی لەوە کردەوە، بەردەوامی کولتووری بێ سزا لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشە و سنووردارکردنەکانەوەکان، زیانێکی زۆر بە کۆمەڵگە و گەشەسەندنی وڵات دەگەیەنێت، داوای ڕێزگرتنی لە مافە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و لابردنی ئەو سنووردارکردنە بێ وێنەیانەی کە بەسەر میدیاکاندا سەپێنراون کرد، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بتوانن بەردەوام بن لە پێدانی زانیاری ئازادانە و دەربڕینی ڕاستییەکان.