ڕەمزیە محەمەد: هاوپشتی گەل لەگەڵ هێزەکانیان کلیلی سەقامگیری ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی داعشە

هێزەکانی"قەسەدە" و "یەپەژە" و "یەپەگە" بڕبڕەی پشتی ئاسایش و سەقامگیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان. هەڵمەتە ئاسایشییە هاوئاهەنگەکان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بەشدارییەکی کاریگەریان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ – لەبەر ڕۆشنای زیادبوونی ئاڵەنگاری ئاسایشی و سیاسییەکانی بەردەم باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گرنگی ئەو ڕۆڵەی کە هێزەکانی "قەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا دەیگێڕن، تیشک دەخرێتە سەر، ئەم هێزانە لە ڕێگەی هەڵمەتە ئاسایشییە ڕێکخراوەکانەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەری هەڕەشەکانی داعشیان هەیە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی یەکڕیزی و یەکگرتوی کۆمەڵگە لە بەرامبەر مەترسییەکاندایە، ئەم کۆردیناسیۆنی و هاوکاریەی گەل و هێزەکان بەردی بناغەی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە ساڵانی خەبات و شۆڕشدا بەدەست هاتوون پێکدەهێنێت.

 

"هۆشیاری و هاوپشتی لە بەرامبەر هەڕەشەکان"

ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو و بارودۆخی سەخت بووینەوە، لە نێوان شەڕێکی بەردەوام و ئەو کاریگەریەی کە لەسەر گەل هەیبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شۆڕشەی کە بە ئیرادەی ئەم گەلە دەستیپێکرد، نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە بوو لەسەر ڕێگای ئازادی و کەرامەت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان بەردی بناغە و بڕبڕەی پشتی ئەم شۆڕشە بوون، بە هەوڵ و بەرخۆدانی بەردەوام گەلەکەیان پێشەنگایەتی کرد و مێژوویان تۆمارکرد، هەروەها شۆڕشی ڕۆژئاوا تەنها شۆڕشێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو تەڤگەریەکی کۆمەڵایەتی قوڵ بوو کە ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتێکی بەردەوامدا بوو بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک.

 

ڕوونیشیکردەوە، لەماوەی ئەو ساڵانەدا چەندین ئەنجومەن و دامەزراوە بۆ دەربڕینی ئیرادەی گەل دامەزراون، بناغەکانی سەردەمێکی نوێی خۆبەڕێوەبەری و خۆڕێکخستنیان داناوە، کە ئەم دەستکەوتانە بەبێ یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە نەدەکرا، بەو پێیەی هەمووان بە یەکگرتوی وەستابوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاریەکان و گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، هەروەها ئەم شۆڕشە هێزێکی بەهێز بوو کە بەرگەی هەموو ئاڵەنگاریەکانی گرت و سەلماندی کە ئیرادەی دەستەکۆمەڵی و بەهێزی کۆمەڵگە کلیلی سەرکەوتنن لە بونیادنانی ئایندەیەکی خۆشگوزەرانیدا.

 

جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" کردەوە، لە پاراستنی گەل و بەردەوامی بەرگریکردنیان لە ناوچە شۆڕشگێڕەکان لە هەڕەشەکانی تورکیای داگیرکەر و داعش، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێزانە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکان لە ئەستۆ دەگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەم یەکانە هێڵی بەرگری یەکەمیان لە بەرامبەر ئەو هێرشە دووبارەبووانەی کە لەلایەن داعشەوە دەستیپێکردووە پێکهێناوە، ئەم هێزانە ئیرادەیەکی بێ وێنەیان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پێشگرتن لە گەڕانەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانە نیشان دا کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیان دەدا، هەروەها ئەم شەڕانە تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نین، بەڵکو شەڕێکن بۆ داهاتوویەکی دڵنیا.

 

ئاماژەی بە گرنگییەکی بەرچاوی ئەو هەڵمەتە ئاسایشیە چڕ و پڕانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هاوکاری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی شانە تیرۆریستییەکان و ڕێگریکردن لە چالاکییەکانیان لە ناوچە ئازادکراوەکان، هەروەها ئەم هەڵمەتانە بەشێکی سەرەکین لە ستراتیژییەکی گشتگیر بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە ئاشتی و دادپەروەری و یەکسانی تێیدا زاڵ بێت.

 

"کامپی هۆل... ناوەندی داعش کە لە ڕێگەیەوە هەوڵی وەرگرتنەوەی کاریگەری دەدات"

ڕەمزیە محەمەد لە کامپی هۆل وتارێکی پێشکەش بە هەڵمەتی ئاسایشی کرد کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئاسایش بە پاڵپشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و هێزەکانی سووریای دیموکرات "قەسەدە" ئەنجامیان دا، جەختیشی لە مەترسی ئەم کامپە کردەوە، کە ناوەندێک پێکدەهێنێت کە لە ڕێگەیەوە داعش هەوڵی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات و هەڕەشەکانی بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنێت، هەڵمەتە ئاسایشییەکان لە وەڵامی هەڕەشە ڕاستەقینەکاندا بووە، چونکە هێزە سەربازییەکانمان ئۆپەراسیۆنی مەیدانی چڕیان ئەنجامداوە بۆ ڕێگریکردن لە هەموو جوڵەیەکی تیرۆریستی یان چالاکییەک لەناو کامپەکەدا.

 

جەختی لە گرنگی وریای و هۆشیاری لای هاوڵاتیانی ناوچەکە کردەوە و دووپاتیکردەوە، کە کۆمەڵگە بە تەواوی ئاگاداری ئەم مەترسیانەیە و توانای ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک بێتەوە بۆ چاندنی ناتەبای یان هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی خۆی، جگەلەوەش هۆشیاری کۆمەڵایەتی هێزێکی فشاری پێکدەهێنێت کە پشتگیری لە هەوڵەکانی هێزە ئاسایشیەکان دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەموو هێرشێک، وتی: کۆردیناسیۆنی و هاوکاری نێوان گەل و هێزە ئاسایشیەکان هەوێنی پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعشە بۆ ناوچەکانمانە.

 

ڕەمزیە محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێتی کۆمەڵایەتی بناغەی ڕاستەقینەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە، هەروەها هەوڵی هەڵبەستراو هەیە بۆ هاندانی ناتەبای و ناسەقامگیری ئاسایش لە نێوان هاوڵاتیاندا بە ئامانجی لاوازکردنی کۆمەڵگە و پارچەپارچەکردنی یەکڕیزییەکەی، زۆر گرنگە هاوڵاتیان لە هەموو هەوڵەکانی قسە و قسەڵۆک و هەڕەشەیەکی ئاسایشی کە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکاتە ئامانج، بە وریاییەوە بمێننەوە.