مزگین خەلیل: هێرش بۆ سەر سیستمی ئێمە پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆ دەکاتە ئامانج

مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکردن شاری کۆبانێ باسی لە هێرشەکانی سەر سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک و یەکگرتوویی گەلان کرد، مزگین خەلیل دەڵێت: ئەم هێرشە لە نێوان هێزی هەژموونخواز و دیموکراتیکیدایە.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە گشتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پڕۆژەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی نەتەوەیەکی دیموکراتیکی لەسەر بنەمای یەکڕیزی گەلان و ئازادیی ژنان و دیموکراتیکی و دادپەروەری بۆ ماوەی ١٢ ساڵ جێبەجێ کرا.

 

ئەو پڕۆژەیەی کە ساڵانێکە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەی لە کورد، عەرەب، تورکمان، چەرکەس، ئەرمەنی، سریانی و ئێزدی کۆکردەوە، وەک سیستەمێکی ناوازە لە سەدەی بیست و یەکەمدا پێناسە کرا، ئەو سیستەمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە سەرەتاوە هێرشی جیاوازی بۆ کراوە.

 

مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکردن شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پیلانگێڕییە کرد کە پەرەی سەند و پاشخانی پشت هێرشەکانی بۆ ئاژانسەکەمان ئاشکرا کرد.

 

”ڕاستی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە نەتەوەیەکی دیموکراتیک هەیە”

مزگین خەلیل لە سەرەتای هەڵسەنگاندنەکەیدا سەرنجی بۆ ڕاستی مێژوویی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشا و وتی: ئەگەر مرۆڤ لە بنەچەی نەتەوەی دیموکراتیک و پێویستی جێبەجێکردنی بکۆڵێتەوە، ئەوا تووشی چەندین ڕاستی مێژوویی دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلانی مەزهەب و ڕەگەز و بیروباوەڕی جیاواز ساڵانێکە پێکەوە ژیاون و جیابوونەوەش ڕووی نەداوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژوودا شوێنی یەکگرتن و کۆبوونەوەی گەلان بووە و بووەتە سەرچاوەی گەشەسەندنی شارستانیەت و زانست و کولتوور و مرۆڤایەتی.

 

مزگین خەلیل وتی: ڕاستی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دامەزراندن و پەرەسەندنی سیستەم و هزری باڵادەست شێواوە، هەروەها مۆزایکی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی نەرێنی بەخۆوە بینیوە، ساڵانێکە ئەم ڕاستییە لەلایەن سیستەمی هەژموونخواز و دەسەڵاتەوە دەستی بەسەرداگیراوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕاستیی خۆی لەدەست دەدات.

 

”ئێمە ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیندوو کردەوە”

مزگین خەلیل وتی: ڕێبەر ئاپۆ کە شیکاری و لێکۆڵینەوەی لە کۆمەڵناسی هەموو کۆمەڵگە و گەلان کرد، تێگەیشت کە پێویستە جارێکی تر مێژووی ئەو گەلانە زیندوو بکرێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستی ئێمەی بە سیستەمێکی نەتەوەیی دیموکراتیک وەک سیستەمێکی جێگرەوەی خستەڕوو بۆ سیستەمە دەسەڵاتدارەکان کە گەلانی ئێستا دەتوانن لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانیان پێکەوە بژین و ژیانێکی هاوبەش بونیاد بنێن.

 

مزگین خەلیل سەرنجی بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا، وتی: سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکی هەموو گەلان بە ناسنامە و زمان و کولتوور و بوونیانەوە دەگرێتەوە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی ١٤ ساڵ لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی سیستەمی خۆبەڕێوبەریەوە بەردەوام بوو و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە بەشداریان کرد، هەر پێکهاتەیەک بە ڕەنگ و زمان و ناسنامەکەی دەیتوانی ئیرادەی خۆی دەرببڕێت.

 

”هێزە هەژمونیەکان یەکگرتوو بوون لە دژی هێزە دیموکراتیکیەکان”

مزگین خەلیل بە تایبەتی باسی لە پرسی ئەو هێرشانەی کرد کە ڕوویاندا و وتی: ئەو هێرشانەی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویانداوە دژی ئەم سیستەمە بوون، پێویستە هەموو لایەک لەوە تێبگەن کە دوژمن ساڵانێکی زۆرە دژ بە سیستەمەکەمان کاردەکات و چەندین پیلانی پەرەپێداوە بۆ نەهێشتنی مەترسی ئەم پڕۆژەیە لەسەر دەسەڵاتەکانیان، سیستەمی ئێمە بۆتە نموونەیەک بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز، بەڵام زلهێزە هەژموونییەکان دوژمنایەتییەکی گەورەیان نیشانداوە و ویستوویانە جارێکی دیکە ئیرادەی ئەو گەلانە کۆنترۆڵ بکەنەوە، بۆیە هێرشێکی زۆر گەورە ڕوویدا و ململانێی ڕەگەزی پەرەی سەند.

 

”ئەزموونەکەمان میراسێکی دەوڵەمەندە بۆ داهاتوو”

مزگین خەلیل ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆژەکەمان هەڵە نییە، بەپێچەوانەوە دروستترین جێگرەوەیە لەسەر بنەمای ڕاستی مێژوویی ئەم هەرێمە دامەزراوە، تیایدا مافی هەموو نەتەوەیەک بە تایبەت مافی ژنان پارێزراون و ئەو مێژووەی کە شێواوە ڕاست دەکرێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە ئەزموونی ١٤ ساڵەی ئێمە میراسێکی دەوڵەمەندە کە دەتوانین بەو هۆیەوە سیستەمەکەمان گەورەتر و بەهێزتر بکەین، هیچ کێشەیەک لەنێوان پێکهاتەکانی سووریادا نییە، بەپێچەوانەوە هەموو پێکهاتەیەک سامانێکی گەورەیە بۆ سووریا.

 

”سەروەت و سامان لە سووریا دەتوانێت لە ڕێگەی یەکێتی گەلانەوە بەردەوام بێت”

مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا وتی: ئێمە پێداگری لەسەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ داهاتووی سووریا دەکەین، هەروەها سەروەت و سامانی ڕەگەزی و کولتووری لە سووریا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ڕێکخستنی پڕۆژە و سیستەمەکەمان لەسەری و ئەوەندەی من بزانم باشترین سیستەم بۆ ژیانی ئەو گەلانە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیکی و ئیکۆلۆژی و ئازادە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بە پێداگری لەسەر پڕۆژەکەمان وەڵامی ئەو پرس و ململانێیانە دەدەینەوە کە لە سووریا پەرەی سەندووە، دەتوانین جارێکی تر یەکێتی خۆمان لە سووریا پتەوتر بکەین و مۆزای دەوڵەمەندەکەمان لە بەرامبەر هەموو جۆرە دەسەڵاتێک بپارێزین، سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکی چارەسەری هەموو ئەو ناکۆکیانەیە کە گەیشتوونەتە خاڵی بنبەست، ئەم قەیرانانەی ئێستا پشت بە دەسەڵات دەبەستن و لە بەرامبەریدا کۆمەڵگە و پێکهاتە و سیستەمی دیموکراتیکی پێویستن.