مونیرە ئەبوبەکر: خەتەنەکردن لێدانە لەشکۆی مێینە

خەتەنەکردنی مێینە دیاردەیەکە لە زۆرێک لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و هەندێک لە کۆمەڵگە ئەفریقیەکان و ئاسیاییەکاندا بوونی هەیە، مونیرە محەمەد، توێژەر دەڵێت: خەتەنەکردن لێدانە لەشکۆی مێینە.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی-سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکان و هەوڵەکان بۆ ڕێگری کردن لە خەتەنەی مێینە، هێشتا ئەم دیاردەیە بڵاوەو بە شاراوە لە هەندێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی هۆشداری و گەشەپێدان بۆ ژنان و منداڵان لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا لە هەرێمی کوردستان ٧٧ حاڵەتی خەتەنەکردنی مێینە لەنێوان منداڵانی کچی خوار تەمەن ١٠ ساڵ تۆمار کردووە، کە ٧٤ حاڵەت لە شارۆچکەی ڕانیەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەرین و سێ حاڵەت لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە، ئەمە لە کاتێکایە بەگوێرەی یاسای یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خەتەنەکردن قەدەغەکراوە، بەندەکانی یاساکە بەم جۆرەیە: هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت،هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکەشی لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و  لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت و دەبێت بە یەکێک لەو دقوانە سزا بدرێن،هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێت، باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات، ئەگەر چی یاساکە هەیە بەڵام زۆرێک لە ڕیکخراوەکان و هاوڵاتیانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لە جێبەجێکردنیدا کەمتەرخەمیی هەیە و نەیتوانیوە ڕێگریی لە خەتەنەکردن بکات.

 

دەربارەی دیاردەی خەتەنەکردن و زیانەکانی لەڕووی تەندروستی و سزای ئەو کەسانە چییە بەدزیەوە خەتەنەی کچانی منداڵ دەکەن، مونیرە ئەبوبەکر توێژەر و ڕاوێژکاری سیاسی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو زیانەکانی خەتەنەکردنی ڕوونکردەوە.

 

مونیرە ئەبوبەکر وتی: خەتەنەکردنی مێینە، واتە بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێى مێینە بە ئامێرێکی تیژ دەبڕن و پاشان دەیدوورنەوە، شێوازی دوورینەوەکەش چوار جۆری هەیە، خراپترینیان تەواو داخستن و دوورینەوەی دەرچەی زێی ژنەکەیە، کە لە کاتی میزکردن و سووڕی مانگانەدا ئاستەنگی و گرفتی زۆری بۆ دروست دەبێت، جگە لەوەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری دروست دەکات، هەروەها زۆر لە قوربانییەکان بەهۆی خوێن بەربوونی زۆرو هەوکردن و توشبوون بە ڤایرۆس گیانیان لەدەستداوە.خەتەنەکردنی مێینە دیاردەیەکە لە زۆرێک لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و هەندێک  لە کۆمەڵگە ئەفریقیەکان و ئاسیاییەکاندا بوونی هەیە، میژووەکەی زۆر کۆنە هەندێک لەمیژوونووسان دەڵێن لەسەردەمی فیرعەونەکانەوە لەمیسر سەرچاوەی گرتووە، ئەم دیاردەیە لەهەرێمی کوردستان لەدوایی هاتنی ئاینی ئیسلام سەریهەلداوە .ئەم پرۆسەیە لەناو مالەکاندا ئەنجامدەدرێت.

 

"پرۆسەکە سەقەکردنی مێینەیە"

مونیرە ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد، ئەم پڕۆسەیە سەقەت کردنی زاوزێی مێینەیە، بریتییە لە بڕینی بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێ خەتەنەکردن لێدانە لەشکۆی مێینە بەڵام داپیران و باپیرانی کۆن ئەمەیان بەشکۆمەندی زانیوە بۆ ژنان گوایە بەخۆماڵی دەکەن، شەرەفی دەپارێزن، لەکۆندا کە ئەمەیان کردووە بۆ ئەوەی هەستی سێکسی ژنان نەهێڵن  بۆ ئەوەی شەرەفی خێزانەکە بپارێزن کە  ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت لە ڕووی تەندروستیی و کۆمەڵایەتییەوە، هەرچەندە مێژووی دیاردەی خەتەکردنی مێینە دیار نییە، بەڵام ئەوەی ڕوونە دیاردەیەکە، کە لە عەقڵییەتی پیاوسالارییەوە سەرچاوەی گرتووەو دەکرێت لەگەڵ مێژووی کودەتای پیاو بە سەر کۆمەڵگەو بەتایبەت ژناندا سەیر بکرێت و وەک ئامڕازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان کرابێت، لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا پاراستنی شەرەف لەژندا کۆدەکەنەوە بەڕیگەیەکی ناتەندروست ئەنجامیانداوە چەقۆیەکی کولی ژەنگاوی یان پارچە گویزانێک لەتەراشخانەی گەڕەکەکەدا وەریانگرتووە ئەنجامیانداوە، بەچەند قۆناغێک ئەنجامدراوە بەپی شوێنەکان گۆڕاوە.

 

"پێشێلکردنی مافی مرۆڤە"

وتیشی: مەترسییەکانی خەتەنەکردنی ژنان و منداڵانی کچ زۆرن و کاریگەری جەستەیی و دەروونی دروست دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن، ڤایرۆس گواستنەوە، بەکتریا دروستکردن، کە ئەو کاریگەرییانە تا دوور مەودا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە داهاتوودا لە ڕووی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆکاری دوورەپەرێزی لە کۆمەڵگەو شەرمنی کە جەستەی خۆی وەک شەرمەزاری دەبینیت، بەڵام حاڵەتەکان لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی دیکە جیاوازی هەیەو دەگۆڕدرێت، ٦ی شوبات بەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی دژی توندوتیژی خەتەنە دیاریکراوەو توندوتیژی خۆیی دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مندالەوە ئەو تەمەنەیی خەتەنەکردنی ژنانی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەهەفتەی یەکەمی تەمەنی هەتا دەبێت بە ١٤ساڵ خەتەنەی دەکەن، هەندێکجار لەتەمەنی ١٥ بۆ٤٥ ساڵ ئەنجامدەدرێت، دەچێتە چوارچیوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە وتوندوتیژی جەستەیی و دەروونیە بەرامبەر بەژنان ئەنجام دەدریت.

 

ئەوەشی  خستەروو، لەسالی ٢٠١٦ دووملیون ژن خەتەنەکراون ساڵانە ٤٠٠ ۆ٥٠٠ هەزار ژن لەهەموو جیهاندا خەتەنە دەکرێن، هۆشیاری زۆر بڵاوکراوەتەوە کەئەم دیاردەیە هەڵەیە زیان بەژنان دەگەیەنیت لەڕووی جەستەیی و دەروونیەوە، هەندێک لەژنان تووشی نەزۆکی دەبن، سالانە ڕێکخراوەکانی تەندروستی چەندان کۆڕ و سیمیناردەکەن لەسەرتاسەری جیهاندا هۆشیاری بلاودەکەنەوە بۆیە دیاردەی خەتەنەکردنی ژنان بنبڕبکرێت ونەمێنیت، ڕێکخراوی یەکێتی ژنان لەگوندەکان و شوێنەدوورە دەستەکان چەندان خول و سیمینارو هۆسیاری بڵاوکردۆتەوە کەزیانەکانی خەتەنەکردن بۆ ژنان چەند خراپە، هیچ دەقێکی ئاینیی ئیسلام فەرمانی خەتەنەکردنی ژنانی نەداوە، تەنانەت لە ئاینی ئیسلامدا هەر شتێک زیانی تەندروستی جەستەیی و ماددی هەبێت بۆ مرۆڤ قەدەغە کراوە، خەتەنەکردنیش زیانی جەستەیی هەیە بەپێی قسەی پسپۆڕانی تەندروستی، بەڵام لە هەندێک کۆمەڵگە ئاین وەک ئامڕاز بەکارهاتووە بۆ درێژەدان و ڕەوایەتیدان بە خەتەنەکردن.