مونیرە عوسمان: ژن و نەتەوە لە بیرو باوەڕە سیاسیەکەمان گرنگترە

مونیرە عوسمان، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە هەموو جەنگێکدا ژن و منداڵ قوربانی یەکەمینن، بۆیە ئێمەی ژنان بەوپەڕی هێزەوە هەوڵمانداوە پڕۆسەی ئاشتی گرنگیەکی تایبەتی پێبدرێت.

هێرۆ عەلی

سلێمانی- لە ٢٧ی شوبات ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەڕێگەی شاندی ئیمرالی دەم پارتییەوە دوای سێیەمین دیداریان پەیامی ئاشتی نارد وداوای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی کرد، پەکەکەش لە ٥-٧ی ئاداردا ولە کۆنگرەی ١٢هەمدا وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی دایەوە، کە یەکێک لە ڕاسپاردەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری وەک هەنگاوێک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی لەخۆگرتبوو، لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئایاری ئەمساڵیشدا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان یەکەمین کۆنفرانسی "ژنانی پەرلەمانتاری باکووری کووردستان" بەڕێوەچوو کە بە دەستپێشخەری تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" ڕێکخرابوو، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئاشتی و پێگەی ژن لە ناوەندی بڕیارداندا، لەم بارەیەوە مونیرە عوسمان، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بەشداربووی کۆنفرانسەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد.

 

"بابەتی نەتەوە و ژن تەوەرەی سەرەکی کارەکانمان بوو"

مونیرە عوسمان، ئەندامی خولی چوارەمی  هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم کۆنفرانسە تایبەت بوو بەژنانی کورد لە هەر چوارپارچەی کودستان، توانیمان پەیوەندیەکی زۆرباش دروست بکەین لەنێوان خۆماندا وهەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیمان پێکەوە یەکبخەین وهەموو بیرو بۆچونە حزبیەکان وەلابنێین، هەروەها بابەتی نەتەوە و ژن تەوەرەی سەرەکی کارەکانمان بوو، کۆنفرانسەکەش دوو ڕۆژی خایاند، ڕۆژی یەکەم لە چەند پانێڵێک پێکهاتبوو کە لەم پانێڵانەدا ژنانی پەرلەمانتارانی "باشوور، باکوور، ئەوروپا، ڕۆژئاوا" بەشداریان تێداکرد، هەروەها لە ڕۆژی دووەمدا بووین بەچوار گروپی جیاواز، هەر گروپە وکاری لەسەر بابەتێک دەکرد بەتایبەتی لەسەربابەتی ژن وئاشتی، دوای ئەوە کۆی گروپەکان بیرو بۆچونەکانمان یەکخست و ڕاگەیەندراوی کۆتاییمان دەرکرد.

 

"ئێمە لەناو ئەو کۆنفرانسەدا توانیمان کاری زۆر باش بکەین"

لە قسەکانیدا باسی ئەو کارانەی کرد کە لە کۆنفرانسەکەدا کردویانە وتی: ئێمە لەناو ئەو کۆنفرانسەدا توانیمان کاری زۆر باش بکەین، ئەوخاڵە باشانەشی کەئێمە پێکەوە لەسەری ڕێکەوتین ئەمانەن: پشتیوانی ژن بکەین لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە زۆڵمی لێدەکرێت و مافەکانی لێزەوت دەکرێت، بۆئەوەش تۆڕێک دروست بکەین تێیدا هەموومان هاوکارو پشتیوانی ئەو کەیسانە بین کە تایبەتن بە ژنان، هەروەها ڕێککەوتین لەسەرئەوەی کە زمانی کوردی و کولتووری کوردی بکەینە بنەمایەک کە درێژبێتەوە بۆناو خێزانەکان ودایکەکان ببنە نمونەیەکی زۆرجوان، بۆئەوەی بتوانین مرۆڤێکی شایستە پێشکەشی کۆمەڵگەکەمان بکەین، چونکە دواجا ژن دایکە و خوشکە، یەکێکی تریش لە خاڵەکانی ترئەوەیە ئێمە لەڕێگەی ئەوهێزولایەنە سیاسیانەی کە کاری تێدادەکەین چۆن بتوانین پشتیوانبین بۆ بەرەوپێش چوونی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان، چونکە بەلای ئێمەوە زۆرگرنگ بوو کە پرۆسەی ئاشتی لە باکورهەنگاوی جدی بنێت و بچێتە پێشەوە پرۆسەکە"، خاڵێکی تریشمان دروستکردنی تۆڕێکی پەرلەمانتاران بوو، کە هەموومان تێیدا بەشداربین و لەهەموو کاتێکی پێویستدا کە پێویست بوو ئێمە کۆببینەوە و کۆنفرانس بکەین و هەموومان پێکەوەبین، بۆیە ئەم خاڵانەمان زۆر لاگرنگ بوون و بونە تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانی ئێمە.

 

"ژن ونەتەوە بەلای ئێمەوە لە بیروباوەڕە سیاسیەکەمان گرنگترە"

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە نمونەیەکی جوانی ژنانی باشوورمان پیشانی هاوڕێکانمان لە بەشەکانی تری کوردستانداوە، چونکە ئێمە کاتێک لێرەوە بڕیاری ڕۆشتنماندا، بڕیارماندا هەموو بیروباوەڕە سیاسیەکانمان لە باشوور جێبهێڵین، لەبەرئەوەی ئێمە بۆبابەتی ژن و نەتەوە چووین، چونکە ژن ونەتەوە بەلای ئێمەوە لە بیروباوەڕە سیاسیەکەمان گرنگترە، بۆیە بەوهەناسەیە ئێمە لە ناو کۆنفرانسەکەدا کارمان کردو هاوکار بووین، دەبێت ئەوە بزانین کە بابەتی توندوتیژی ڕەگەزی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان تەنها لە باشوور نییە بەڵکو لەبەشەکانی تری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجیهانیشداهەیە، بۆیە ئەمەش خەباتی بەردەوامی دەوێت، بۆیە ئێمەی ژنانی باشوورهاوتەریب لەگەڵ ژنانی باکوور و بەشەکانی تر بڕیارمانداوە لەهەرکاتێکدا کە پێویست بێت یەک و یەکگرتوو دەبین لە بابەتەکانی ژناندا، چونکە بابەتەکە بابەتێکی گەورەیە و بەلای ئێمەوە گرنگە هەنگاوی جدی بۆبنێین، هەروەها خۆشبەختانە ئەوەی گرنگبووئەوەبووهەموومان پشتیوانی ئەوەمان دەکرد کە لیژنەکانی پەرلەمان هەم لە پەرلەمانی کوردستان هەم لە پەرلەمانی عێراق هەوڵبدەین کارابکەین، بۆئەوەی بتوانرێت لە پرسی ژناندا هەنگاوی زیاتربنرێت، بەتایبەتی لەویاسایەنەی کە تایبەتن بە بابەتی ژنان و پاراستنی مافەکانیان.

 

"لە هەموو جەنگێکدا ژن و منداڵ قوربانی یەکەمینن، بۆیە ئێمەی ژنان بەوپەڕی هێزەوە هەوڵمانداوە پرۆسەی ئاشتی گرنگیەکی تایبەتی پێبدرێت لە کۆنفرانسەکەدا"

مونیرە عوسمان وتیشی: خەباتی ژنان لە باشوور جیاوازە لە خەباتی باکووری کوردستان، چونکە لە باکوورهێشتا هەندێک ماف هەیە کە ئێمە لە باشوور پێیگەیشتوین وەکو مافی نەتەوە وزمان وکولتوور، کە لە باکوور ڕێگەپێنەدراوە، بۆیە شێوازی کارمان جیاوازی دەبێت بەڵام ئەوەی گرنگ بوو ئەوەبوو توانیمان ئێمە پێکەوە ڕێکەوتنێکی زۆرباش بکەین، هەروەها پێشنیارەکانی ئێمە بۆ باکوور بە هەندوەرگیران و پێشنیارەکانی باکووریش بۆ باشووری زۆرباش بە هەندوەرگیران، چونکە بەلای ئێمەوە ئەم تێکەڵکردنی بیروڕایانە گرنگە، هەروەها ئەنجامی کۆتایش لە دەرئەنجامی تێکەڵکردنی بیروڕای پەرلەمانتارانی باشوورو باکوور و ئەوروپاوە سەریهەڵدا.  

لەدرێژەی قسەکانیدا باسی پرۆسەی ئاشتی کردو ڕایگەیاند: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە، کە پێویستە ئێمەی کورد بزانین چۆن ئەم گۆڕانکاریانە لە بەرژەوەندی میللەتەکەی خۆماندا بشکێنینەوە و کاری بۆبکەین، هەروەها ئێمە دەزانین لە هەموو جەنگێکدا ژن و منداڵ قوربانی یەکەمینن، بۆیە ئێمەی ژنان بەوپەڕی هێزەوە هەوڵمانداوە پرۆسەی ئاشتی گرنگیەکی تایبەتی پێبدرێت لە کۆنفرانسەکەدا، هەروەها وەکو ژنانی باشوور کە لە ئێستادا گەڕاوینەتەوە وابڕیارمانداوە بەپێی ئەوقەبارەیەی کەهەمانە لەناو پارتە سیاسیەکانی خۆماندا هەوڵ بۆ پرۆسەی ئاشتی بدەین و زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە، ئەمەش بۆئەوەیە تاوەکو لایەنە سیاسیەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی بەرەوپێش چوونی پرۆسەی ئاشتی بکەن.

 

"بۆ ڕۆژانی داهاتوو ئێمە خەریکی دروستکردنی کۆمەڵێک گروپین پێکەوە"

لەکۆتایی قسەکانیدا مونیرە عوسمان وتی: بۆ ڕۆژانی داهاتودا ئێمە خەریکی دروستکردنی کۆمەڵێک گروپین پێکەوە، تاوەکو بتوانین کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام بدەین بەتایبەتی ئەو چالاکییانەی پەیوەندیان بە بابەتی میللەتەکەمان و ژنانەوە هەیە، بەرنامەی گشتگیر و هەمەلایەنە دادەنێین بۆئەم بابەتانە، هەروەها بڕیاریشمان داوە ئەو گروپانەی کە دروستمان کردووە بمێننەوە تاوەکو بە بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەین، بۆئەوەی ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی جدی بێت کە ئێمەی پەرلەمانتاربەهەموو بیروڕا جیاوازەکانەوە بابەتی ژن و نەتەوە بکەینە بنەما بۆکارکردنی خۆمان