مەسیح عەلی نەژاد داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت
مەسیح عەلی نەژاد، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توندی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرت و نەتەوە یەکگرتووەکانی بە پشتیوانیکردنی ڕژێمی ئێران تۆمەتبار کرد.
ناوەندی هەواڵ
مەسیح عەلی نەژاد، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ئیران لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف وتارێکی دەربارەی بارودۆخی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشکەش کرد.
مەسیح عەلی نەژاد ڕایگەیاند، بکوژانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەم بینایەدا دەسووڕێنەوە، لە وڵاتەکەم لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە هەزاران کەس کوژراون و هێشتا جیهان بێدەنگە، هەروەها بێهەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە نیشانەی “پیلانگێڕی لەگەڵ دیکتاتۆرەکان” پێناسە کرد.
ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەی لە بوونی ئەو بەرپرسانە گرت، کە خۆیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نوێنەری ئێران دەزانن و بەتایبەت لە بەرپرسیارێتی بارودۆخی ژنان و وتی: ئەم بابەتە سووکایەتیکردنە بە گەلانی ئێران و هەموو ئازادیخوازانی وڵاتە دیموکراتەکان.
مەسیح عەلی نەژاد ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ئیران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سەرکوتکردنی توندوتیژییەکانی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی ئێران و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بپچڕێنن، ئەوە دژی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە، هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کرد هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ پشتیوانیکردنی گەلانی ئێران و نەیارانی ڕژێم و پابەند بن بە وەستانەوە لەگەڵ قوربانییەکان نەک لەگەڵ دیکتاتۆرەکان.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ماتەمینی گشتیی بۆ کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردووە و ڕژێمی ئێران بە هەڕەشەکردن و بڵاوەپێکردنی هێز و تەقەکردن ڕووبەڕووی کەسوکاری قوربانییان و ئازادیخوازان بووەتەوە.