شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: جلوبەرگی كوردی سیمبوولی ناسنامە و مێژوومانە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ڕایگەیاند، جلوبەرگە نەریتییەکانمان تەنیا پارچە قوماشێکی جوان نین، بەڵکو سیمبوولی ناسنامە و مێژوومانن، لە ڕۆژی نیشتمانی جلی کوردیدا، شانازی بەم جلوبەرگە جوانانەوە دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

 ڕۆژی ١٠ـی ئادار بە رۆژی جل و بەرگی كوردی دیاریكراوە، لەو ڕۆژەدا لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.

 

بەو بۆنەیەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدارو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەنەكە لەبارەی ڕۆژی جلی كوردی پەیامێكی بڵاوكردەوەو  ڕایگەیاند، جلوبەرگە نەریتییەکانمان تەنیا پارچە قوماشێکی جوان نین، بەڵکو سیمبوولی ناسنامە و مێژوومانن.

 

وتیشی: لە ڕۆژی نیشتمانی جلی کوردیدا، شانازی بەم جلوبەرگە جوانانەوە دەکەین، کە چەندین نەوەی کورد و ئاشوورییەکان و ئەوانی دیكە لە ناوچەکانمان دەیانپۆشی.

 

باسی لەوەشكردووە، بە ڕەنگی ئاڵوواڵا و رەنگین و رێکپۆشییەکەیەوە، ئەم پۆشاکە کلتور و هەمەڕەنگی ڕۆشنبیریمان دەنوێنێت.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خۆم هەر لە بۆنە تایبەتەکاندا جلی کوردی ناپۆشم، بەڵکو بەخۆشی و شانازییەوە لە هەموو بۆنەکاندا لەبەری دەکەم، چونكە جلوبەرگێکی گونجاوە و هەرکەس بیپۆشێت جوان و ڕازاوە دەردەکەوێ و رێگایەکیشە بۆ نیشاندانی کلتور لەهەر شوێن و هەر کاتێکدا بێت.