مردنی گوماناوی دایک و کچێک لە ئیستەنبوڵ؛ ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بە پەردەپۆشکردن

کۆمەڵەی "منداڵان و ژنان لە سەرەتادا" دەڵێت: کەمتەرخەمی دامەزراوەیی هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بووە بۆ مردنی فاتمە نور شیلیک و کچەکەی، هەیفا ئیکرا، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی نەیانتوانیوە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنیان بگرنەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢ی ئاداردا تەرمی فاتمە نور شیلیک و کچەکەی بە ناوی "هەیفا ئێکرا" لە کەناری زەیتنبورنو لە ئیستەنبوڵ دۆزرایەوە، لە ڕووداوێکدا کە بەهۆی بارودۆخە نهێنییەکانی دەوروبەری گیانلەدەستدانیان شۆکێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ڕۆژی ٤ی ئادار، کۆمەڵەی "منداڵان و ژنان سەرەتا" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بە ناوی "مەرگی گوماناوی، ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەکان" سەبارەت بە گیانلەدەستدانی فاتمە نور شیلیک و کچەکەی، هەیفا ئێکرا شینگولەر، کە تەرمەکانیان لە بارودۆخێکی پڕ لە نهێنیدا لە کەنارەکانی زەیتنبورنو لە ئیستەنبوڵ دۆزرایەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کۆچی دوایی فاتمە نور شیلیک و هەیفا ئەکرا شەنگولەر تەنها کارەساتی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دۆخێکی ڕاستی ئاشکرا دەکات کە پێویستی بە گفتوگۆکردنە لەسەر بەرپرسیارێتی دامەزراوە گشتییەکان و میکانیزمە دادوەرییەکان و ئەو ئەکتەرە زۆرانەی بەشدارن لەم پرۆسەیەدا.

 

”ئەوان بە تەنها جێهێڵدرابوون”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای ئەو ڕێکارە ڕوونانەی کە دەبوو پەیڕەو بکرێن، هەنگاوی پێویست نەنراوە، لەبری ئەوەی دایک و منداڵەکەی وەک خاوەن مافێک کە شایەنی پاراستن بناسن، بە تەنها جێهێڵدراون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگانەی کە لە سەرەتاوە لە دۆسیەیەکەدا خراوەتەڕوو و سروشتی ئەو تاوانەی کە گوایە ئەنجامدراوە، دەبوو دەستبەجێ ئەو باوکەی تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان دەستگیربکرایە، بەڵام ئەم کارە نەکرا، جگە لەوەش، سەرەڕای سەلماندنی تاوانەکە بە هەموو ئەو بەڵگانەی کە لە قۆناغی لێپێچینەوەدا پێشکەش کران و کۆکرانەوە، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکە لە ژێر فشاری سیاسەتمەداران و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و پارێزەران هەڵوەشایەوە.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، زیانبەرکەوتووەکە ناوی هەیفا ئیکرا شنگولێرە، کە گومانی ئەوە دەکرا لە تەمەنی سێ ساڵییەوە لەلایەن باوکیەوە دەستدرێژی کرابێتەسەر، تەنانەت ڕێگەی پێنەدراوە لە ژوورێکی لێکۆڵینەوەی تاوانکاریی ڕێگەپێدراوی یاسایی بە ئامادەبوونی کەسانی پسپۆڕ چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکرێت منداڵەکە ناچارکراوە وردەکارییەکانی ئەو دەستدرێژییە سێکسییە بگێڕێتەوە کە تووشی بووە، لە هۆڵی دادگا لەبەردەم دەیان کەس، بە درێژایی دادگاییکردنەکە، دۆخی کارەساتبارانەی هەردوو منداڵەکە و دایکی پشتگوێ خرا، هیچ ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونییان نەگیرابەر، دایکەکە بەناوی فاتمە نور لە بەردەم هەموو ئامادەبووانی هۆڵی دادگا لەلایەن دادوەرەوە بێڕێزی پێکرا، ئێمە داوای ڕەتکردنەوەی دادوەرمان کرد و سکاڵامان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەران و داواکاری گشتی تۆمارکرد، بەڵام هەردوو داواکارییەکە ڕەتکرانەوە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو ڕێبازەی لە ڕێوشوێنی دادوەریدا گیراوەتەبەر، ئازارەکانی هەیفا ئێکرا شنگولەری زیاتر کردووە، دەبوو چاودێری تەندروستی لە کاتی خۆیدا و کاریگەر وەربگرێت، وەک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی، هەروەها ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پاڵپشتیی پێویست بەبێ دواکەوتن بگیرایەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سوودمەند بووە لە پەروەردەیەکی گونجاو لەگەڵ تەمەن و پێداویستییەکانی بەبێ پچڕان، بەڵام ئەم میکانیزمانە، کە دەکەونە ژێر بەرپرسیارێتی دامەزراوە حکومییەکان، بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ نەکران.

 

ڕوونکراوەتەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لە داتاکانی وەزارەتدا هاتووە، فاتمە نور شیلیک چارەسەری ڕەت نەکردۆتەوە، بە هەوڵێکی درێژخایەن و پەرۆش بووە بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی چارەسەری باش و دەستڕاگەیشتن بە منداڵەکەی، بەڵام ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە گشتییەکانەوە پێشکەش دەکرا، سنووردار بوون بەو کارانەی کە بە کردەوە جێبەجێکردنیان سەختە، وەک دابینکردنی چاوپێکەوتنی نەخۆشخانەی دەرەوە لەبری چارەسەری نەخۆشخانە یان چاودێری تەندروستی لە ماڵەوە بۆ منداڵێک کە نەتوانێت لە ماڵەوە دەربچێت، بۆیە ناتوانرێت بڵێین ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت پێشکەش کراون، پشتگیری تەندروستی پێکدەهێنن کە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی منداڵەکە دابین دەکات.

 

دووپاتیکردەوە، کە بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو، لە تەنیشت فاتمە نور شلیک و کچەکەی، هێڤا ئێکرا شنگولەر وەستاین، هاوبەشی خەباتیان و بونیادنانی تۆڕێکی هاوپشتی بووین کە هەوڵماندا دەنگی ئەوان بین لەبەرامبەر ئەو شتانەی بەرگەیان گرت، هەموو هەوڵێکماندا بۆ گەیاندنی ئازارەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانیان، لەم ماوەیەدا، ژمارەیەک لە کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەران و سیاسەتمەداران و کەسایەتییە گشتیەکان پەیوەندییان پێوە کرد و بەڵێنی هاوکارییان دا، بەڵام پەیوەندییەکان بە خێرایی پچڕا و دایک و منداڵەکەی بە تەنها ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بوونەوە.

 

”ڕێبازێک کە ئامانجی شاردنەوەی بەرپرسیارێتی دامەزراوەکە”

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەم دۆخە ناتوانرێت تەنها بە بابەتی نیازپاکی تاکەکەسی هەژمار بکرێت، پێچەوانەبوونەوەی خێرای ئەو بەڵێنانەی کە درابوو، هەستی ئاسایشی دایک و منداڵەکەی شکاند، لەکاتێکدا خەباتیان دەکرد بۆ مانەوە، بەڵام دەبینین دامەزراوە بەرپرسیارەکان، لە پێش هەموویانەوە وەزارەت، لەبری ئەوەی بەرپرسیارێتی لە لێدوانە گشتییەکانیاندا هەڵبگرن، گێڕانەوەیەک بەرەوپێش دەبەن کە ڕاستییەکان دەشێوێنێت، ئەم قسانە قبوڵ ناکەین کە هەوڵی پەردەپۆشکردنی ئەو زنجیرە پشتگوێخستنانە دەدەن کە دایک و منداڵەکەی تووشی بووە، ئەم ڕێبازە کە ئامانج لێی شاردنەوەی بەرپرسیارێتی دامەزراوەکانە، هیچ نییە جگە لە هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەوەی ڕوویدا، زۆر گرنگە هەموو لایەنەکانی ئەم ڕووداوە ئاشکرا بکرێت کە گیانی فاتمە نور شیلیک و کچەکەی لێکەوتەوە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە هیچ فەرمانی دەستگیرکردنێک بۆ ئەو تۆمەتبارەی تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان دەرنەچووە، پرسیاری ئەوەی کرد: بۆچی ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پشتیوانی و کۆمەڵایەتی پێویست لە کاتی خۆیدا نەگیراوەتەبەر، سەرەڕای ئەوەی بەرژەوەندییەکانی منداڵەکە داوای دەکەن؟ بۆچی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەکارنەهێنران؟ بۆچی دامەزراوە گشتییەکان نەیانتوانی وەڵامی ئەو پێداویستیانە بدەنەوە کە چەندین جار لەلایەن دایک و منداڵەکەوە دەربڕان؟

 

دووپاتی کردەوە، کە ناتوانرێت ئەم دۆسیەیە بەبێ وەڵام بۆ هەموو ئەم پرسیارانە دابخرێت، بەڕوونی دەڵێین تا کۆتایی ئەم ڕێوشوێنانە بەدوادا دەبەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەموو لایەنەکانی ئەم ڕووداوە ئاشکرا بکرێن و بەرپرسان ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان بۆ لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر و ڕوون و سەربەخۆ سەبارەت بە مردنە گوماناویەکان، هەموو ئامرازێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنین بۆ ڕاگرتنی هەموو تاک و ئەو دامەزراوانەی بەرپرسیارن لە کەمتەرخەمی، هەڵە یان بێتوانایی لێپرسینەوە، بۆیە ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە وازناهێنین.